توراس ئه‌ل-ئه‌هوار، ناوی خوێندنگه‌یه‌كى بچوكی قه‌زاى جبایشە له پارێزگاى زیقار، لە كۆى 150 قوتابی، 50یان ناچاربون واز لە خوێندن بهێنن، ئەوەش بەهۆی "كاریگەریی گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌واوه"و بەپێی رێكخراوى جبایش تایبه‌ت به گه‌شتوگوزارىی هاوڕێى ژینگه له عیراق.
به‌پێى نوێترین راپۆرتى سندوقی منداڵانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) كه له 2ى ئابى 2023 بڵاوبووه‌ته‌وه، عیراق له ریزى 61ى ئه‌و 163 وڵاته‌دایه كه تێیدا منداڵان زۆرترین كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وایان له‌سه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت.
ره‌عد ئه‌سه‌دى، سه‌رۆكى رێكخراوى جبایش تایبه‌ت به گه‌شتوگوزارىی هاوڕێى ژینگه له عیراق، به (كه‌ركوك ناو)ى وت "بابه‌تى كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا له‌سه‌ر منداڵان بابه‌تێكى زۆر گرنگه، چونكه كاریگه‌رییه‌كه‌ى ده‌بینین. بۆ نمونه، ناوچه‌ى هۆڕه‌كانى عیراق له سێ ساڵى رابردودا كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا زیاتر له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتووه و دیارده‌ى وشكبون روى تێكردون، به‌و هۆیه‌وه زۆرترین خێزان له‌و ناوچانه كۆچیانكردووه".
زیاتر وتی "كاتێك كه خێزانه‌كان كۆچ ده‌كەن منداڵانیش له‌گه‌ڵیاندا كۆچ ده‌كەن و ناچارده‌بن بگوازنەوە بۆ قوتابخانه‌یەکی تر، لەو نێوه‌نده‌دا به‌شێك له منداڵان واز له خوێندن ده‌هێنن". ئەو نمونەی خوێندنگەی توراس ئه‌ل-ئه‌هواری هێنایەوە لە قەزای جبایش لە پارێزگای زیقار.
كاتێك كه خێزانه‌كان كۆچ ده‌كەن منداڵانیش له‌گه‌ڵیاندا كۆچ ده‌كەن و ناچارده‌بن بگوازنەوە بۆ قوتابخانه‌یەکی تر، لەو نێوه‌نده‌دا به‌شێك له منداڵان واز له خوێندن ده‌هێنن
"چه‌ندین خێزانى تریش له‌كاتى كۆچكردن له ناوچه‌یه‌كه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌كى تر منداڵه‌كانیان ناگوازنەوە بۆ خوێندنگەی تر... بە پێچه‌وانه‌شه‌وه، له‌و ناوچانه‌ى كه هاوڵاتییان كۆچى بۆ ده‌كه‌ن قوتابخانه‌كان پڕده‌بن له قوتابى و زۆركات مامۆستاكان ناتوانن كۆنترۆڵى ئه‌و ژماره زۆره قوتابى بكه‌ن له پۆلێكدا، ئه‌وه‌ش دیسانه‌وه ئاستى خوێندنى قوتابییه‌كان داده‌به‌زێنێت و زۆركات خێزانه‌كان پاڵپێوه‌ده‌نێت بۆ ئه‌وه‌ى منداڵه‌كه له قوتابخانه ده‌ربهێننه‌وه به‌هۆى لاوازى ئاستییه‌وه یان منداڵه‌كه خۆى وازده‌هێنێت".
لەم سەردەمەدا بابه‌تى "په‌روه‌رده‌ى سه‌وز" ده‌سته‌واژه‌یه‌كه بۆ ستراتیژى تێكه‌ڵكردنى وانه‌ى هۆشیارى له‌باره‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى گۆڕانكارییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا به‌كاردێن له پرۆگرامی قوتابخانه‌كاندا له جیهان.
"پەروەردەی سەوز" پرۆگرامێکی گشتگیرە کە ئەزموونی فێربوونی مانادار و بەردەستی جیهانی ڕاستەقینە لە دەرەوەی مەنهەجی باو پێشکەش بە خوێندکاران دەکات. منداڵان دەتوانن لێکۆڵینەوە لە پرسە ژینگەییەکان بکەن، کێشەکان چارەسەر بکەن و هەنگاو بنێن بۆ باشترکردنی ژینگە.
ئه‌م بابه‌ته به‌شێك بوو له گفتوگۆیه‌كی رۆژی هەینی 8ی كانونی یەكەم كە له ماڵى عیراقى له لوتكه‌ى جیهانى كه‌شوهه‌وا (كۆپى 28) له دوبه‌ى بەڕێوەچوو.
هەر لەوێ له پانێڵێكدا لەژێر ناونیشانی (گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا له كه‌رتى په‌روه‌رده‌دا)، شاره‌زایان و نوێنه‌رى سندوقی منداڵانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF) باسیان له ئاڵانگارییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى په‌روه‌رده له عیراق و كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا له سه‌ر منداڵانى وڵاته‌كه كرد.
د. مه‌ها راوى، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى گه‌شه‌پێدانى مرۆیی له وه‌زاره‌تى پلاندانانى عیراق یه‌كێك بوو له به‌شداربووه‌كانى گفتوگۆكه، بە (كه‌ركوك ناو)ی وت "په‌یوه‌ست به بابه‌تى منداڵان، وه‌ك وه‌زاره‌تى پلاندانان، ده‌ستمان به جێبه‌جێكردنى ستراتیژى نه‌ته‌وه‌یی گه‌شه‌دان به تواناكانى منداڵان كردووە. ئه‌م ستراتیژه كار له‌سه‌ر بونیادنان و گه‌شه‌دان به تواناكانى منداڵ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى له كۆتاییدا تاكێكى ته‌ندروستى لێده‌ربچێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته به گۆڕ‌انى پڕۆگرامى خوێندن یان جێكردنه‌وه‌ى بابه‌تى گۆڕ‌انى ژینگه‌یی تێیاندا، نه‌خێر ئه‌م كاره‌مان نه‌كردووه".
"پێویسته پڕۆگرامه‌كانى خوێندن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پێداویستییه‌كانى كۆمه‌ڵگه بن له‌وانه‌ش پرسى هۆشیاركردنەوە، له‌باره‌ى گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا و ره‌وشتى منداڵ و چه‌ندان بابه‌تى تر، بۆیه داوا له هاوڕێیانمان له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ده‌كه‌ین كه هه‌وڵبده‌ن پرسى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا له پڕۆگرامه‌كانى خوێندندا جێگه بكه‌نه‌وه".
پێویسته پڕۆگرامه‌كانى خوێندن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پێداویستییه‌كانى كۆمه‌ڵگه بن له‌وانه‌ش پرسى هۆشیاركردنەوە
جێبه‌جێنه‌كردنى سیستمى په‌روه‌رده‌ى سه‌وز له عیراق و جێگه‌نه‌كردنه‌وه‌ى هۆشیاركردنه‌وه‌ى منداڵان له‌باره‌ى گۆڕانكارییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا وایكردووه به‌شێك له رێكخراوه نێوخۆییه‌كان به هاوكارى رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كار له‌سه‌ر جێگه‌كردنه‌وه‌ى ستراتیژى ئه‌م شێوازه په‌روه‌رده‌ییه بكه‌نه‌وه له‌نێو وڵاته‌كەدا.
رێكخراوى فیداى نێوده‌وڵه‌تى یه‌كێكه له‌و رێكخراوانه كه كار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته ده‌كات له‌ڕێگه‌ى پرۆژه‌یه‌كه‌وه به‌ناوى ، "په‌روه‌رده‌ى داهێنه‌رانه و دروستكردنى ژینگه‌یه‌كى ئارامى ژیان بۆ منداڵ و گه‌نجانى عیراق" كه له به‌شێكیدا كارده‌كه‌ن بۆ به‌ستنه‌وه‌ى بابه‌ته په‌روه‌رده‌ییه‌كان به بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ست به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا.
سه‌عدیه حه‌سون، سه‌رۆكى رێكخراوى به‌یه‌كه‌وه بۆ پاراستنى مرۆڤ و ژینگه - رێكخراوه‌كه‌ى هاوبه‌شى پڕۆژه‌كه‌یه - به (كه‌ركوك ناو)ى وت "له ساڵى 2020 له‌گه‌ڵ رێكخراوى فیداى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستمان به‌م پڕۆژه‌یه كردووه، تاوه‌كو ئێستا هه‌زار و 500 مامۆستامان راهێناوه له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى ستراتیژه‌كه و له زیاتر له 27 قوتابخانه‌ش له به‌غدا و له موسڵ ده‌ست به جێبه‌جێكردنى كراوه. ئه‌و مامۆستایانه‌ى كه راهێنراون بۆ ئه‌وەیە ببنه راهێنه‌رى مامۆستاكانى تر له‌نێو قوتابخانه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ستراتیژه‌كه جێبه‌جێ بكەن".
له وه‌ڵامى ئه‌وەی چۆن كار لەسەر ستراتیژەكە دەكەن و ناوەڕۆكەكەی چییە، سه‌عدیه حه‌سون وتى، "نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كى وردمان بۆ مامۆستاكان داڕشتووە تا بتوانن هۆشیارى دەربارەی كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا تێكه‌ڵ به بابه‌تى وانه‌كان بكه‌ن. نه‌خشه‌کە له‌سه‌ر چوار بنه‌ماى سه‌ره‌كى وه‌ستاوه و مامۆستاكه فێرده‌كات چۆن جێبه‌جێی بكات. هاوكات مامۆستاكه فێردەبێت چۆن نمونه‌ى زیندوو بهێنێته‌وه، بۆ نمونه، له بیركاریدا چۆن نیشانى منداڵه‌كانى بدات ژماره گه‌وره‌كان ته‌نیا ژماره نین، به‌ڵكو ده‌كرێت ژمارەى قوربانیانى كاره‌ساتێكى سروشتى بن كه به‌هۆى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌واوه رویداوه".
وتیشی "نابێت بوه‌ستین تاوه‌كو حكومه‌ت گۆڕانكارى له پڕۆگرامى خوێندندا بكات، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ڕێگه‌ى جێبه‌جێكردنى ستراتیژى له‌م شێوه‌یه‌وه بابه‌تى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا بخه‌ینه نێو پرۆگرامه‌كانى خوێندن... ئێمه ئامانجمانه كه ئه‌م پڕۆژه‌یه ببه‌ینه ته‌واوى قوتابخانه‌كانى عیراق به ئامانجى كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌وا له وڵاته‌كه‌ماندا و هۆشیار كردنه‌وه‌ى منداڵان به‌رامبه‌ری"، سەعدییە وایوت.
بەپێی راپۆرتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، عیراق پێنجه‌مین وڵاته له سه‌رتاسەری جیهاندا له‌ڕوى خێرا ده‌ركه‌وتنى گۆڕانكارییه‌كانى كه‌شوهه‌واوە.
جێگه‌كردنه‌وه‌ى ستراتیژى "په‌روه‌رده‌ى سه‌وز" یه‌كێكه له بابه‌ته گه‌رمه‌كانى نێو لوتكه‌ى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و چه‌ندین رێكخراو گفتوگۆ و چالاكى تیبه‌تى له‌باره‌وه ده‌كه‌ن تاوه‌كو هانى وڵاتان بده‌ن جێبه‌جێ بكه‌ن.
ستراتیژه‌كه به‌پێى پێناسه‌ى رێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوو‌كان بۆ په‌روه‌رده، زانست و كلتور (یونێسكۆ) بریتیه له سه‌وزكردنى په‌روه‌رده له منداڵه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه و له‌سه‌ر چوار بنه‌ماى سه‌ره‌كى وه‌ستاوه، ئەوانیش، سه‌وزكردنى قوتابخانه‌كان له‌ڕێگه‌ى فراوانكردنى روبه‌ری سه‌وزایی، سه‌وزكردنى پرۆگرامه‌كانى خوێندن له‌ڕێگه‌ى جێگه‌كردنه‌وه‌ى بابه‌ته په‌یوه‌ندیداره‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا، سه‌وزكردنى مامۆستایان له‌ڕێگه پێدانى راهێنان پێیان له‌سه‌ر چۆنیه‌تى وتنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كانى په‌یوه‌ست به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و سه‌وزكردنى كۆمه‌ڵگەیە له كۆتایدا له‌ڕێگه‌ى پێدانى هۆشیارى پێیان له‌سه‌ر بابه‌تى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا و كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌كانى.
تێبینی: ئه‌م راپۆرتە به‌شێكه له‌و به‌رهه‌مه میدیاییانه‌ى كه (كه‌ركوك ناو) له چوارچێوەی بەشداریكردنی لە زەمالەی (هاوبه‌شى میدیایی تایبه‌ت به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا ناسراو به (CCMP) به‌رهه‌میانده‌هێنێت. زەمالەكە به هاوبه‌شى تۆڕى رۆژنامه‌وانى زه‌وى و سه‌نته‌رى ستانلى ئه‌مریكى پشتگیریی دەكرێت.