حسێن جەلود، هێشتا جلە رەشەكانی مەرگی كوڕەكەی لە بەردایە، دەستەكانی لە خەمدا دەلەرزن، كاتێك وێنەی بڵاوبونەوەی دوكەڵی ژەهراوی كێڵگەی نەوتی رومەیلە بە ئاسمانی ناوچەكەیاندا، بەرزدەكاتەوە.
لەگەڵ نیشاندانی دیمەنی دوكەڵ و لێكەوتەكانی بەرهەمهێنانی نەوت لە بەسرە، وێنەیەكی كوڕەكەیشی بە دەستەوە دەگرێت و دەڵێت "ئەم نەوت و غازە كوڕەكەمیان لێ وەرگرتمەوە"، قسەكانی حسێن لە بەردەم ژمارەیەك بەشداربوی (لوتكەی گۆڕانی كەشوهەوا – COP28) بوو لە دوبەی.
عەلی كوڕی حسێن جەلود، چەند مانگێك لەمەوبەر و لە تەمەنی 21 ساڵیدا، بەهۆی شێرپەنجەی خوێنەوە كۆچی دواییكردووە، ماڵی حسێن، كە ئێستا لەگەڵ هاوسەرەكەی و كوڕێكیدا دەژیت، تەنیا دوو هەزار و 500 مەتر لە كێڵگەی نەوتی رومەیلەی باكورەوە دوورە.
"هۆكارى سه‌ره‌كى تووشبوونى عه‌لى و چه‌ندین كه‌سى تریش به شێرپه‌نجه له ناوچه‌كه‌ى ئێمەدا ئەو غازە سووتاوهیە كه له كێڵگه‌ی رومهیلهوه ده‌رده‌چێت و ده‌بێته هۆكارى پیسبوونى هه‌وا" حسێن جەلود، لە زارى پزیشكه‌كانى كوڕه‌كه‌یه‌وه واى وت.
رومه‌یله گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ى نه‌وتی عيراق و دووەم گەورەترین كێڵگەی نەوتی جیهانە، لەسەر روبەری زیاتر لە هەزار و 600 كیلۆمەتر چوارگۆشە ده‌كه‌وێته خۆرئاوای پارێزگاى به‌سره له باشوورى عيراق، كە توانای بەرهەمهێنانی 1.5 ملیۆن به‌رمیل نه‌وتى رۆژانەیە و نزيكەی یه‌ك له‌سه‌ر سێى كۆى ته‌واوى ئه‌و نه‌وته پێكده‌هێنێت كه عيراق رۆژانه به‌رهه‌مى ده‌هێنێت و هه‌نارده‌ى ده‌كات.
عيراق لە مانگی تشرینی دوەمی 2023ـدا، تەنیا لە كێڵگە نەوتییەكانی بەسرەوە نزیكەی 102 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە كردووە، بە تێكڕای رۆژانەی نزیكەی سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی نەوت.
رێژه‌ى ده‌ردانى گازه زیانبه‌خشه‌كان له رومه‌یله سێ هێنده‌ى هه‌ر كێڵگهیهكى تر‌ى ئاسایی جیهانه
كه‌ناڵى بى بى سى به‌ریتانى لە راپۆرتێكى بهڵگهنامهیيدا بڵاویكردۆتەوە، "رێژه‌ى ده‌ردانى گازه زیانبه‌خشه‌كان له رومه‌یله سێ هێنده‌ى هه‌ر كێڵگهیهكى تر‌ى ئاسایی جیهانه". به‌شێك له هاووڵاتییانى پارێزگاى به‌سره له نزیك ئەو كێڵگه‌یه ده‌ژین. به‌هۆى كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و غازه زیانبهخشانهى له كێڵگه‌كه‌وه ده‌چنه ده‌ره‌وه، چه‌ندین كه‌س تووشى شێرپه‌نجه بون و به‌هۆى نه‌خۆشیه‌كه‌وه كۆچى دواییان كردووه، كە عه‌لى یهكێكیانە.
عەلی حسێن جەلود، لە 17 ساڵیدا توشی شێرپەنجەی خوێن بووە و چوار ساڵ لەگەڵ ئازار و نەهامەتییەكانی ئەو نەخۆشییە كوشندەیەدا ژیاوە، باوكی عەلی بە (كەركوك ناو)ـی وت "نه‌وت و غازى كێڵگه‌ى رومه‌یله بۆ ئێمە ته‌نیا نه‌خۆشی و شێرپه‌نجه‌یه، چونكه دۆخى دارایی خه‌ڵكى ناوچه‌كه هێنده خراپه، كاتێك تووشى شێرپه‌نجه ده‌بن تەنانەت پاره‌شیان نییه چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن".
بەوتەی حسێن، هەموو چارەسەرێكی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی تایبەت و بە پارەی خۆیان وەردەگرن، ئەو دەڵێت عەلی كوڕی تا لە ژیاندا بوو 12 گەڕی چارەسەری وەرگرت كە هەر یەكێكیان بایی زیاتر لە ملیۆنێك دینار بووە.
لە پارێزگای بەسرە (ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە سێ ملیۆن و 200 هەزار كەسە) ساڵانە زیاتر لە دوو هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆماردەكرێن، بەهۆی سوتانی ئەو گازەی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا دەردەچێت، بەپێی ئامارێكی فەرمانگەی پاراستنی ژینگە لە ناوچەی باشور، كە ئاژانسی عیراقیەی نیمچەفەرمی لەمساڵدا بڵاویكردۆتەوە.
چیرۆكى عه‌لى، بۆتە به‌شێك له راپۆرتێكى بنكۆڵكارى كه‌ناڵى بى بى سى به‌ریتانى به‌ناوى (له‌ژێر ئاسمانه ژههراوییەكاندا - Under Poisoned Skies)، تيايدا به وردى زانیارى له‌سه‌ر مه‌ترسیيه‌كانى ئه‌و گازه زیانبه‌خشانه خراوه‌ته‌ڕوو، كه له كێڵگه‌ى رومهیلهوه ده‌سووتێن و ده‌چنه به‌رگه هه‌واوه، ئەوەش نەك تەنیا كاريگەری خراپی لەسەر ژیان و ته‌ندروستى دانيشتوانى نزیكى كێڵگه‌كه هەبووە، بەڵكو مەترسییە بۆ ژیانى ملیۆنان كه‌سى تر بە دوورى ده‌یان كیلۆمه‌تر لە ناوچەكەدا.
ئەو بنكۆڵكارییە لە دوو ساڵ و شەش مانگدا بەرهەمهێنراوە، لەلایەن تیمێكی كەناڵەكە بە هاوكاری و بەشداری ژمارەیەك رۆژنامەنوسی عیراقی.
ئۆوین پنێڵ، رۆژنامه‌نووسى بى بى سى و به‌رهه‌مهێنه‌رى بنكۆڵكارییهكه بە (كه‌ركوك ناو)ـى وت "له ئه‌رزى واقیعدا بارودۆخه‌كه خراپتربوو له‌وه‌ى من پێشتر له شاشه‌ى مۆبایله‌وه بینیبووم، دەتوانم بڵێم، ئه‌وه‌ى پێشتر بینیبووم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌زموونم كرد دوو شتى زۆر جیاواز بوون".
پێشیوایە چه‌ندین چیرۆكى ديكە له رومه‌یله هەن، كە پێویسته ئاشكرا بكرێن، "ئه‌م كێڵگه‌یه (رومەیلە) پاره‌یه‌كى زۆر ده‌هێنێت بۆ عيراق، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا، چه‌ندین كێشه له‌گه‌ڵ خۆى ده‌هێنێت بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ى له نزیكیه‌وه ده‌ژین"، پنێڵ وتی گەورەترین ئاڵنگاری بەردەمیان لەو بنكۆڵكارییەدا دۆزینه‌وه‌ى لايەنی بەرپرس لەو بارودۆخەی رومەیلە بوو، "كۆمپانیا نهوتيیهكان گله‌ییه‌كه ده‌خه‌نه سه‌ر حكومه‌ت و حكومه‌ت دەیخاته ئەسۆتی كۆمپانیاكان، لە كۆتایشدا گه‌یشتین بەو ده‌رئه‌نجامه‌ى ئه‌وه‌ى رووده‌دات؛ كۆكراوهیهكى شێوازى كاركردنى ههمويانە".
بەپێی راپۆرتی بانكی نێودەوڵەتی، عیراق دووەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان بۆ سوتانی ئەو گازەی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا دەردەچێت بەرێژەی زیاتر لە 16 ملیار مەترسێجا لە ساڵێكدا و بەهۆیەوە زیاتر لە 400 تۆن گازی دوەم ئۆكسیدی كاربۆن دەخاتە هەواوە، لە ساڵی 2017ـیشدا بەغدا بۆتە بەشێك لە دەستپێشخەرییەكی جیهانی بە سەركردایەتی بانكی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی تا ساڵی 2030 سوتانی گاز بنەبڕبكات.
ساڵانە لە جیهاندا سێ ملیۆن و 500 هەزار كەس بەهۆی كاریگەری گازە زیانبەخشەكانەوە كە دەچنە بەرگەهەواوە، گیانلەدەستدەدەن، وەك لە ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)ـدا هاتووە.
رومەیلە) پاره‌یه‌كى زۆر ده‌هێنێت بۆ عيراق، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا، چه‌ندین كێشه له‌گه‌ڵ خۆى ده‌هێنێت بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ى له نزیكیه‌وه ده‌ژین
بنكۆڵكارییەكەی بی بی سی؛ هەوێنی بەرهەمهێنانی بنكۆڵكارییەكی دیكەیە بەناونیشانی (هەناسەسواریی- Breathless)، كە ئەمساڵ (تۆڕی كاركردن لە پێناو كەشوهەوادا - Climate Action Network)، لە چوارچێوەی چالاكییەكانیان لە (COP28) نمایشی كرد، دەربارەی وردەكارییەكانی كاریگەری گازە زیانبەخشەكانی كێڵگەی رومەیلە بۆ بەرگەهەوا و تەندروستی خەڵكی كوەیت.
باوكی عەلی لە كاتی بەرزكردنەوەی وێنەی كوڕەكەیدا، به چاوى پڕ فرمێسكه‌وه قسەی بۆ ئامادەبوانی نمایشی ئەو بنكۆڵكارییە كرد، "هه‌رگیز ئه‌و شه‌وه‌م بیرناچێته‌وه كه كوڕه‌كه‌م به‌هۆى شێرپه‌نجه‌وه كۆچى دواییكرد، چه‌ند كاتژمێرێك پێش ئه‌وه‌ى بمرێت وتى: باوكه خه‌ونم به شوێنێكى زۆر خۆشه‌وه بينيووە، كوڕه‌كه‌ى من حه‌زى لە یارى تۆپى پێ و وه‌رزش بوو، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و خه‌ونه‌ى نه‌هاته‌دى".
حسێن جه‌لود بە (كەركوك ناو)ـی وت "من به‌مه‌به‌ستى گه‌یاندنى ئه‌و وێنه راستیيه هاتوومهتە ئێره (بۆ COP28 لە دوبەی) كه ئێمە له نزیك كێڵگه‌ى رومه‌یله لە چ بارودۆخێكدا دەژین، ده‌مه‌وێت به جیهان بڵێم كاتى ئه‌وه‌یه رزگارمان بكه‌ن له‌م نه‌وت و گازه"، ئەو دەڵێت دەیان كەسی دیكە لە ناوچەكەیاندا بەهۆی بارودۆخی ژینگەییەوە توشی شێرپەنجە بون و هەر لەتەمەنی گەنجێتدا، هاوشێوەی عەلی كوڕی، بەو نەخۆشییە گیانلەدەستدەدەن.
بەپێی توێژینەوەیەكی پەرلەمانی عیراق، دەربارەی بڵاوبونەوەی شێرپەنجە لە نێوان ساڵانی 2003 – 2020، پارێزگای بەسرە هاوشانی سلێمانی لە پلەی سێیەمدا بۆ توشبوانی شێرپەنجە لە ساڵی 2020ـدا، وەك توێژینەوەكە جەختی لێكردۆتەوە، لە دوو هۆكاری سەرەكی بۆ تەشەنەسەندنی شێرپەنجە لە عیراق، یەكێكیان پەیوەندی بە پیسبونی ژینگەوە هەیە بەهۆی سوتان و بڵاوبونەوەی گازی دەرچوو لەكاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا.
ئه‌حمه‌د دهروبى، چالاكوان لە (تۆڕی كاركردن لە پێناو كەشوهەوادا - Climate Action Network)، وتى "زۆرێك له وڵاتان ده‌ڵێن: ئێمه مافى ئه‌وه‌مان هه‌یه گه‌شه بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شه بكه‌ین پێویسته ئه‌م نه‌وته ده‌ربهێنین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له كۆتایی چیرۆكه‌كه‌دا ده‌یبینین ئه‌وه‌یه، سامانى كیڵگه نهوتيیهكان ده‌چێته گیرفانى توێژێكى دیارىكراو و بۆ خه‌ڵك نييە".
(تۆڕی كاركردن لە پێناو كەشوهەوادا)، تۆڕێكى جیهانیيه، زیاتر لە هه‌زار و 300 رێكخراوى ناحكومى لە خۆدەگرێت، كە لە 130 وڵات له سه‌رتاسه‌رى جیهاندا كارده‌كه‌ن، له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ى كاریگه‌رییه‌كانى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا، لە (COP27)ـیش كە ساڵی رابردوو لە میسر بەڕێوەچوو، بنكۆڵكارییەكەیان دەربارەی چیرۆكی عەلی حسێن جەلود، نمایش كردووە، ئەوكات عەلی لە ژیاندا بوو.
"ئەوكات عەلی و باوكی باسی تاوانی كۆمپانیاكانیان بۆ سەر ژینگە و تەندروستی گشتی كرد.. ئێمە دەمانەوێـت لەڕێی نمایشی بەم بەرهەمەوە سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و تاوانه بكه‌ین" دەروبی وای وت.
لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا، وەزارەتی نەوتی عیراق قۆناغی یەكەمی پرۆژەیەكی بۆ وەبەرهێنان لە گازی دەرچووی بەرهەمهێنانی نەوت كردەوە، بە ئامانجی بەكارهێنانی ئەو گازە بۆ چەند بوارێك، هەروەها راگرتنی بڵاوبونەوەی 10 ملیۆن تۆنی ساڵانە لە گازی دوەم ئۆكسیدی كاربون بە هەوادا.
تێبینی: ئه‌م راپۆرتە به‌شێكه له‌و به‌رهه‌مه میدیاییانهى كه (كه‌ركوك ناو) له چوارچێوەی بەشداریكردنی لە زەمالەی (هاوبه‌شى میدیایی تایبه‌ت به گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا ناسراو به (CCMP) به‌رهه‌میانده‌هێنێت. زەمالەكە به هاوبه‌شى تۆڕى رۆژنامه‌وانى زه‌وى و سه‌نته‌رى ستانلى ئه‌مریكى پشتگیریی دەكرێت.