ئاوارەیەك نوێنەرایەتی خانەقین دەكات
ئەوس ئیبراهیم مەهداوی: عــەرەبـێكی كــوردســتانیم

خانەقین/ كانونی یەكەمی 2023/ ئەوس ئیبراهیم مەهداوی، كاندیدی سەركەوتوی یەكێتیی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەپێی ئەنجامی بەرایی فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – دیالە

ئەوس ئیبراهیم مەهداوی، هیچ كاتێك نكۆڵی لە نەتەوەكەی ناكات وەكو عەرەبێك، بەڵام لە ئەنجومەنی داهاتوی پارێزگای دیالەدا نوێنەرایەتی زۆرینەی كوردانی خانەقین دەكات و پێداگری لەسەر ئەوەدەكات، قەزاكە كوردستانییە و دەبێت بخرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.

ئەو خۆی بە میوان نازانێت لە خانەقین، هەرچەندە لە قەزای شارەبان لە دایكبووە و گەورە بووە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە بەهۆی شەڕی "تائیفییەوە" ماڵی گواستۆتەوە بۆ شارەكەی ئەڵوەن و لەوكاتەوە؛ چۆتە ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە.

هەر لە چوارچێوەی لیستی ئەو حزبەدا، خۆی بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە كاندید كرد، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆن بڵاویكردەوە، زۆرینەی دەنگی لیستەكەی بەدەستهێناوە و براوەی تاكە كورسی یەكێتیی و كوردە لەو پارێزگایەدا.

"خۆم بە كوڕی شاری خانەقین دەزانم، چونكە 18 ساڵە لەم شارە دەژیم" ئەوس ئیبراهیم بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

ئەوس لە پێكهاتەی عەرەبی شارەبان (باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە)ـە، ساڵی 1978 لە دایكبووە و بەشی شارستانی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی بەغدادی تەواو كردووە، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە، هەردوو منداڵەكەی لە خانەقین لەدایكبون و هاوسەری مامۆستای زانكۆی گەرمیانە لەسەر میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

xanaqin dangdan  2023 (2)
دیالە/ كانونی یەكەمی 2023/ ئاهەنگی لایەنگرانی یەكێتیی لە خانەقین دوای كۆتاییهاتنی دەنگدان بۆ ئەنجومەنی پارێزگا فۆتۆ: كەركوك ناو

"راستە من عەرەبم، بەڵام لەسەر لیستی یەكێتیی كاندید بوم كە حزبێكی كوردستانییە، هیچ جیاوازییەكیش لە نێوان نەتەوە و پێكهاتەكاندا ناكات، هەر لە لیستەكەدا كاندیدی دیكەی عەرەب و توركمان هەبون.. هێندەش تێكەڵی ژینگە و كلتوری ئەم شارە (خانەقین) بوم، هەست بە غەریبی ناكەم".

ئەو دەڵێت "ئەو دەنگانەی بەدەستمهێناوە، زۆربەی هەر زۆری دەنگی كوردەكانی خانەقینە، ئەوان متمانەیان بە من كردووە و ئەركە لەسەرم ئەو متمانەیە بپارێزم".

لە هەڵبژاردنی 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـی ئەنجومەنی پارێزگای دیالەدا، ئەوس ئیبراهیم كاندیدی ژمارە 5ـی یەكێتیی، بە زیاتر لە چوار هەزار دەنگ، لە ناو 30 كاندیددا لە ریزبەندی یەكەمی لیستەكەدایە، بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و سیستەمی سانتلیگۆ، ئەو تاكە كورسی حزبەكەی مسۆگەر كردووە.

حزبە كوردییەكان لە دیالە سێ لیست و 50 كاندیدیان هەبوو، بەڵام بە هەمویانەوە نزیكەی 37 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا كە زیاتر لە 28 هەزار دەنگی بۆ یەكێتیی بوو، تەنیا ئەویش كورسی بەدەستهێناوە، لە كاتێكدا كورد سێ ئەندامی لە ئەنجومەنی پێشوی دیالە هەبوو.

ئەوس ئیبراهیم دەڵێت "سەدا 90ـی دەنگەكانم لە ناوەندی قەزای خانەقینەوە بووە، ئەوەش بەوهۆیەوەیە لە 2018 تا 2019 سەرۆكی شارەوانی قەزاكە بوم لە پشكی یەكێتی و خزمەتگوزاریمان پێشكەش بە خەڵك كرد".

alwan-1
دیالە/ كۆتایی 2020/ دیمەنێك لە روباری ئەڵوەند لە خانەقین فۆتۆ: كەركوك ناو

كوردی دیالە، بە زۆری دەكەونە ناوچەكانی جێناكۆك لە قەزای خانەقین و دەوروبەری، كە دانیشتوانی ئەو ناوچانە زیاتر لە 238 هەزار كەسن، بەپێی ئامارەكانی دەزگای ناوەندی ئامار بۆ ساڵی 2019 و چارەنوسی ئیدارییان پەیوەستە بە رێكارەكانی ماددەی 140ـی دەستور تا لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان یەكلابكرێنەوە.

"بەجددی كار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ـی دەستور دەكەم،.. دڵنیام و بڕوای تەواوم بەوە هەیە كە خانەقین شارێكی كوردستانییە و پێویستە بگەڕێتەوە سەر خاكی هەرێمی كوردستان، چونكە رژێمی بەعس لە عیراق خەڵكەكەی ئاوارە كرد و موڵكەكانیانی داگیركرد، دەبێت ماف بۆ خاوەن بگەڕێتەوە" ئەوس ئیبراهیم مەهداوی وای وت.

ئەو دەڵێت كلتوری قبوڵكردنی یەكتری "لە قوتابخانەی مام جەلالەوە (سكرتێری كۆچكردوی یەكێتیی) فێربوین، ئەگەرچی خانەقین زۆرینە كوردن بەڵام مام جەلال دوای ساڵی 2003 لە عەرەبی هاوردە خۆش بوو و تەنیا داوایلێكردن شارەكە بەجێبهێڵن و موڵكی كورد بدەنەوە".

جگە لە كاری ئیداری و سیاسی، وەرزشوانێكی باشە، وەك خۆی باسیكرد، نۆ ساڵ یاریزانی لەشجوانی بووە، لە یانەی پێشمەرگە بووە و لە چەندین پاڵەوانێتیدا نازناوی بەدەستهێناوە.

ئەوس ئیبراهیم دەڵێت پلانی بۆ پرۆژەكانی خزمەتگوزاری لە هەموو بوارێكدا هەیە و دەیەوێت خانەقین بەرەو بارودۆخێكی باشتر و جوانتر ببات، "من لة شارەبان هاتومەتە دنیاوە بەڵام لە خانەقین دەژیم و هەر لە خانەقینیش دەمرم".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT