دەریا خەیروڵا ئەركەوازی، دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای دیالە پاڵپشت بە بڕیاری دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەكان، دوای گۆڕانكاری لە ریزبەندی كۆتای ژناندا.
بڕیاری ئەو دەستەیە كە سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە، لە 7ـی كانونی دوەمی 2024 دەركراوە، لەسەر سكاڵای كاندیدی لیستێكی هەڵبژاردن لە دیالە، كە ناڕازییە لە تەرخانكردنی كورسییەكەی بۆ كۆتای ژنان و بەپێی بڕیارەكە كورسییەكەی بەدەستهێناوەتەوە، لە بەرانبەردا، كورسی كۆتای ژنان لە لیستێكی دیكەدا دیاریكراوە.
لە ناوەڕۆكی بڕیارەكەدا كە كۆپییەكی دەست (كەركوك ناو) كەوتووە، هاتووە "دەریا خەیروڵا رەشید ئەركەوازی بە سێ هەزار و 291 دەنگ دوایین كورسی كۆتای ژنان لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بەدەستدەهێنێت".
ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە 15 كورسی پێكدێت و چوار كورسی بۆ ژنان تەرخانكراوە.
دەریا، كە (كەركوك ناو) هەوڵەكانی بێ ئاكام بوو بۆ ئەوەی لێدوانی وەربگرێت، لە پێكهاتەی كورد و خەڵكی قەزای خانەقینە لە دیالە، لەسەر لیستی هاوپەیمانی ئەساس عیراق كاندید بووە، كە موحسين مەندەلاوی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق سەرۆكایەتی دەكات و تەنیا یەك كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە هەیە.
تاكە كورسییەكەی هاوپەیمانی ئەساس لە كاندیدی سەركەوتوو كە سەباح تەمیمی بووە وەردەگیرێتەوە و دەدرێت بە دەریا خەیروڵا.
سەرچاوەیەك لە ئۆفیسی دیالەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە (کەرکوک ناو)ـى وت "بەپێی بڕیارەكە دابەشكاری كورسی كۆتای ژنان گۆڕانكاری بەسەردا هات، لە بری سەباح زەینی تەمیمی لە لیستی ئەساس عیراق، دەریا خەیروڵا دەبێتە ئەندامی ئەنجومەن"، بەڵام هێشتا بڕیارەكە پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە و ئەگەر هەیە جارێكیتر تانەی لێبدرێت، وەكو سەرچاوەكە باسیكرد.
ئەنجامی هەڵبژاردنی 18ـی كانونی یەكەمی 2023ـی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق هێشتا پەسەند نەكراوە و ئەگەر گۆڕانكاری تێدا نەكرێت ئەوا دەریا خەیروڵا دەبێتە یەكەم ئەندامی كورد لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، ئەو كچە چالاكوان و نوێنەری وانەبێژانی دیالە بوو، پێشتر لە دەستەی سەرپەرشتیاری بەشێك لە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی وانەبێژان بووە.
حزبە كوردییەكان لە دیالە سێ لیست و 50 كاندیدیان هەبوو، بەڵام بە هەمویانەوە نزیكەی 37 هەزار دەنگیان بەدەستهێنا كە زیاتر لە 28 هەزار دەنگی بۆ یەكێتیی بوو، تەنیا ئەویش یەك كورسی بەدەستهێنا و بۆ ئەوس ئیبراهیم مەهداوی یەكلابۆتەوە، كە لە پێكهاتەی عەرەبی شارەبان (باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە)ـیە و لە خانەقین نیشتەجێیە، لە كاتێكدا كورد سێ ئەندامی لە ئەنجومەنی پێشوی دیالە هەبوو.
عەلی حەجییە، چاودێر و شارەزای هەڵبژاردن لە دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەگەری ناڕەزایی و تانەدان هەیە لەلایەن لایەنگرانی سەباح زەینی، ئەو كاندیدەی بۆ بەرژەوەندی دەریا خەیروڵا كورسییەكەی لەدەستدەدات، بۆیە دیارنییە گۆڕانكاری دیكەدا بەسەر ئەنجامەكاندا دێت یان نا تا ئەوكاتەی كۆمسیۆن تانەكان یەكلادەكاتەوە".
كۆمسیۆن هەڵبژاردنەكان لە راگەیەندراوێكدا ئەمڕۆ چوارشەممە 10ـی كانونی دوەم بڵاویكردەوە، زیاتر لە 80 بڕیاریان لە دەستەی دادوەرییەوە بە دەست گەیشتووە و خاوەنی تانەدانی لێ ئاگاداردەكەنەوە. بەبێ ئەوەی هیچ كاتێك بۆ گۆڕانكارییەكان و پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردن دیاریبكەن.
كاندیدانی ژن لە پارێزگاكانی عیراق، 76 كورسییان بەدەستهێناوە و 17ـیان بە دەنگی خۆیان دەرچون، بەبێ پشتبەستن بە سیستەمی كۆتا.