راكان سەعید، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بانگهێشتی ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكات بۆ یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەن لە رۆژی پینجشەممە یەكی شوبات.
ئەو بانگهێشتكردنە، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دێت، كە تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی دوای پەسەندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا لەسەر بانگهێشتی پارێزگار یەكەم كۆبونەوە دەستپێبكات. هەروەها دوای یەك رۆژی دێت لە سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجومەن لەبەردەم دادوەر.
هەر بەپێی یاساكە، بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن سەرۆكایەتی یەكەم دانیشتن دەكات، كە پەروین فاتیح-ە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان.
لە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەندا پێویستە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەكەی هەڵبژێردرێن، ئەوەش بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامان، كە مەبەست لێی (50 + 1)-ــە، واتە لە 16 ئەندامەكەی ئەنجومەنی كەركوك دەبێت دەنگی نۆ ئەندام بەدەستبهێنن.
بەڵام هیچ بڕگەیەكی یاسایی نییە رونیبكاتەوە ئەگەر ئەنجومەن لە یەكەم دانیشتندا نەیتوانی ئەو دوو پۆستە یەكلاییبكاتەوە تا كەی دەتوانێت دانیشتنەكەی بە كراوەیی بهێڵێتەوە.
هەموو ئەو رێكارانەی پەیوەستن بە ئەنجومەن، بەپێی یاسای پارێزگاكان لە عیراق، ژمارە 21ـی ساڵی 2008ـی هەمواركراو رێكخراون، كە لە ماددەی حەوتی یاساكەدا بە 17 خاڵ تایبەتمەندی و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دیاریكردووە.
ئەنجومەن، جگە لە هەڵبژاردن پارێزگار و جێگرەكانی، قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە، دەتوانن كاندیدی پۆستەكانی بەڕێوەبەرە گشتییەكان و پۆستە باڵاكانی دیكە یەكلابكەنەوە تا ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەربدات، هەر ئەوانیش دەتوانن پاڵپشت بە چەند مەرج و رێكارێك متمانە لە پۆستە باڵاكانی كەركوك وەربگرنەوە.
هەروەها باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریی لە سنوری ئیدارەی پارێزگاكەدا لای ئەنجومەن دەبێت، بەجۆرێك مافی دەركردنی یاسای ناوخۆیی و رێنمایی هەیە تا لەو رێگایەوە كاروبارەكانی پارێزگاکە بەڕێوەببرێن، سیاسەتی گشتی پارێزگا دادەڕێژن و یەكێك لە كارە گرنگەكانیان گفتوگۆ و پەسەندكردنی بودجەی پارێزگا و پلانی پرۆژەكانە.
هەر ئەندامێكی ئەنجومەن مانگانە نزیكەی دوو ملیۆن و 300 هەزار دینار وەردەگرێت، لەگەڵ نزیكەی 600 هەزار بۆ كرێی بەنزین و هاتوچۆ؛ لەوەش زیاتر، 50 هەزار بۆ ئینتەرنێت و مانگی هەریەك سێ بۆ چوار كارتی 10 هەزار دیناریان بۆ مۆبایلەكانیان پێدەدرێت، بەپێی راپۆرتێكی پێشتری (كەركوك ناو).
هەروەها ئەوە دیاریكراوە كە تەمەنی ئەنجومەن بۆ چوار ساڵە و لە بەرواری یەكەم دانیشتنیەوە دەستپێدەكات.
بەپێی ماددەی 7ـی یاساكە، ئەنجومەن دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا، لە رۆژی دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنیەوە، پارێزگار و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت، ئەگەر هیچ كاندیدێك دەنگی زۆرینەی رەهای بەدەستنەهێنا، ئەوا دوبارە دەنگدان بۆ دوو كاندیدی خاوەن زۆرترین دەنگ دەكرێت و كێ زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا دەبێت بە پارێزگار.