ساڵانە سەدان خوێندكار لە شنگال و دەشتی نەینەوا واز لە خوێندن بە زمانی كوردی دەهێنن و روو لە خوێندنی عەرەبی دەكەن، بۆ ئەوەش چەندین هۆكارێك دیاری دەكەین، لە سەرەكیترینیان پێدانی هاوكاریی دارایی و خۆراك بە خوێندكارانی خوێندنی عەرەبی.
خوێندنی كوردی لە ساڵی 2003 لە پارێزگای نەینەوا دەستیپێكرد، ئەوەش دوای روخاندنی حزبی بەعس بە سەرۆكایەتی سەدام حسێن، وردەوردە گەشەی بەخۆوەبینی و زۆرێنەی خێزانەكان منداڵەكانیان لە خوێندنی كوردی تۆماركرد، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا لە پاشەكشێی بەردەوامدایە.
رەشو خودێدا، دانیشتووی كەمپی ئاوارەیی مام رەشان، لە سنوری قەزای شێخان لە نەینەوا، یەكێكە لەو خێزانانەی منداڵەكەی لە پۆلی دووی سەرەتایی بردۆتە خوێندنی عەرەبی، "زۆرێك لە خەڵكی تریش منداڵەكانیان لە خوێندنی كوردی دەرهێناوە"، رەشۆ زیاتر وتی "هەستدەكەم ئایندە بۆ خوێندنی كوردی نییە، چونكە دوای تەواوبون چانسی دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كاریان كەمترە لە خوێندنی عەرەبی".
رەشو وتی "جگەلەوەش پەروەردەی عەرەبی موچەیان بۆ ئەو خوێندكارانە بڕیوەتەوە كە كەسوكاریان لە چوارچێوەی چاودێری كۆمەڵایەتی موچە وەردەگرن".
بەپێی بڕیاری حكومەتی عیراق، ئەو خوێندكارانەی دایك یان باوكیان لە چوارچێوەی تۆڕی كۆمەڵایەتی موچەیان هەیە، ئەوا مانگانە بڕێك پارە بە ئەوانیش دەدرێت، بۆ خوێندكاری سەرەتایی 30 هەزار دینار و بۆ قۆناغی ناوەندیی و ئامادەیی 50 هەزار دینار. ئەم بڕیارە تەنیا خوێندنی عەرەبی دەگرێتەوە كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراقە.
هەستدەكەم ئایندە بۆ خوێندنی كوردی نییە، چونكە دوای تەواوبون چانسی دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كاریان كەمترە لە خوێندنی عەرەبی
لە شنگال تەواوی خوێندنگەكانی زمانی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، بەردەوام كێشەی كتێب، بینا و مامۆستایان هەیە، بەڵام ئەم كێشانە لە خوێندنی عەرەبی زۆر كەمترە.
رەشو خودێدا وتی "یەكێكی تر لە هۆكارەكانی دەركردنی خوێندكار لە خوێندنی كوردی، ئەوەیە كە لەمساڵانەی دواییدا خوێندنی عەرەبی گرنگی زیاتری بە خوێندكاران و پرۆسەی خوێندن داوە، بەراورد بە خوێندنی كوردی".
فەرحان ساڵح، مامۆستایە لە خوێندنگەی بلستان-ی عەرەبی لە كۆمەڵگای دهۆڵا سەر بە پەروەردەی شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "وەزارەتی پەروەردەی عیراق زۆر گرنگی بە خوێندنگەكانی خۆی دەدات، لە دابینكردنی كتێب و نۆژەنكردنەوەی بینا و پێداویستییەكانی ناو خوێندنگەكان".
هەروەها بەشێك لە خوێندكارانی كەمدەرامەت لە نەینەوا، رۆژانە لە خوێندنگەكاندا پسكیت و شیر و میوەیان پێدەدرێت، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی وەزارەتی پەروەردەی عیراقدا، لەوەشدا خوێندنی كوردی بێبەشە. ئەوەش وەك جیاوازییەكی تردەبینرێت كە كاریگەریی هەیە لەسەر بەجێهێشتنی خوێندنی كوردی لای هەندێك خێزان.
بەگشتی ئەو هۆكارانە وایكردووە رێژەی خوێندكار لە خوێندنی عەرەبی زۆر زیاتربێت تەنانەت لەو ناوچانەش كە زۆرینە بە زمانی كوردی قسە دەكەن.
بۆ نمونە لە قەزای شنگال و ئەو خوێندكارانەی هێشتا لە ئاوارەییدا دەخوێنن و سەر بە پەروەردەی شنگالن، 50 هەزار خوێندكار لە خوێندنی عەرەبی دەخوێنن، لەكاتێكدا تەنیا 30 هەزار خوێندكار لە خوێندنی كوردین، بەپێی ئامارێكی پەروەردەی شنگال.
تەنیا لە خوێندنگەكەی مامۆستا فەرحان 70 خوێندكاری یەكی سەرەتایی هەیە، لەكاتێكدا لە خوێندنگەیەكی خوێندنی كوردی نزیكی ئەو تەنیا پێنج خوێندكاری یەكی سەرەتایی هەن.
"ئەگەر بەمشێوەیە بڕوات خوێندنی كوردی نامێنێت"، فەرحان وایوت.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال – خوێندنی كوردی-، وتی "بەردەوام خوێندنی كوردی لە پاشەكشێدایە، ساڵانە 300 خوێندكار خوێندنی كوردی بەجێدەهێڵن و دەچنە خوێندنی عەرەبی، یان هەر منداڵەكانیان لە خوێندنی عەرەبی تۆماردەكەن".
وتیشی "پێدانی هاوكاریی دارایی و یارمەتی بۆ خوێندكارانی خوێندنی عەرەبی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەجێهێشتنی خوێندنی كوردین بۆ ئەمساڵ، ئێمەش ئەو توانا داراییەمان نییە ئەو هاوكارییانەیان پێبدەین و ناچارین بەم دۆخە".
جگەلەوەش بەگشتی دۆخی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان باش نییە، لە تەواوی پارێزگای سلێمانی لە سەرەتای ئەم وەرزەوە بایكۆتی خوێندنە و تەنیا 10 رۆژێك دەبێت بەشێك لە خوێندنگەكان دەستیان بە دەوام كردۆتەوە، ئەوەش بەهۆی پێنەدانی موچەی مامۆستایان. مامۆستایان موچەی سێ مانگی ساڵی 2023یان وەرنەگرتووە و هێشتا موچەی مانگی كانونی دووەمیش دابەشنەكراوە.
حەسەن ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال – خوێندنی عەرەبی -، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ ئێمەش ناخۆشە كە خوێندكارانی بەشی كوردی بێ بەشكراون لەو هاوكارییە داراییانە كە هۆكاری سەرەكی بەجێهێشتنی خوێندنی كوردین، بەڵام پرسەكە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە".
(كەركوك ناو) هیچ ئامارێكی رەسمی بەردەست نەكەوت كە ئەمساڵ چەند خوێندكار لە نەینەوا لە هاوكارییە داراییەكان و خۆراك سودمەند بون، بەڵام وەك ئەوەی خەڵك و پەروەردە جەختیلێدەكەنەوە، ئەمساڵ ئەو دوو شتە هۆكاری سەرەكین بۆ بەجێهیشتنی خوێندنی كوردی.