دەخیل و سامیا هەشت مانگە چاوەڕێی دیارییەكەی مەسرور بارزانی دەكەن

دهۆك/ 2023/ سامیا سمۆ و دەخیل حەسەن، دوای نۆ ساڵ دابڕان بە یەكتری شادبونەوە و جارێكیتر هاوسەرگیرییەكەیان نوێ كردەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – دهۆك

دەخیل و سامیا، هەشت مانگە چاوەڕێی وەرگرتنی ئەو یەكەی نیشتەجێبونە دەكەن كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەكو دیاری پێیبەخشین.

دیارییەكە دوای ئەوەهات، ئەو دوو هاوژینە ئێزیدییە، پاش نۆ ساڵ لە دابڕان بە یەكتری شادبونەوە و جارێكیتر ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیان نوێ كردەوە.

سامیا سمۆ، لەگەڵ خانمانی دیكەی ئێزیدیدا ساڵی 2014 لەلایەن چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"ـەوە رفێنرا و لە حوزەیرانی 2023ـدا دوای ئازادكردنی گەڕێنرایەوە بۆ هەرێمی كوردستان، دوبارە بە دەخیل حەسەن-ــی هاوسەری گەیشتەوە.

"زۆر سوپاسی سەرۆكی حكومەت دەكەین كە شوقەی بە ئێمە بەخشی، بەڵام حەزدەكەین زوو تەواو ببێت و لە ژیانی كەمپ رزگاربین، چونكە ژیانێكی زۆر ناخۆشە" دەخیل حەسەن بۆ (كەركوك ناو) وادەڵێت، كە نۆ ساڵی لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی سامیادا بە ئاوارەیی بەسەربرد و زیاتر لە هەشت مانگیشە پێكەوە هەر لە كەمپی قادیا-ـی دهۆك دەژین.

لە 5ـی تەموزی ساڵی رابردوودا، دوای مانگێك لە بەیەك گەیشتنەوەی دەخیل و سامیا، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە "وەک دیاری زەماوەندەکەیان و بەرامبەر بە وەفا و خۆشەویستییان بۆ یەکتر، بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی پێ بەخشین".

تا ئەمڕۆ 6ـی ئاداری 2024، ئەو دیارییە رادەستی دەخیل و سامیا نەكراوە.

358092329_834801451337043_4928959422084056550_n
2023/ سامیا و دەخیل لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم فۆتۆ: راگەیاندنی حكومەت

دەخیل وتی "گرێبەستی شوقەكەم واژۆ كردووە و بەناوی خۆمەوەیە، كێشە لەوەدا نییە، بەڵام پرۆژەكە تەواو نەبووە و هەندێك شتی ماوە، بۆیە هێشتا وەرماننەگرتووە و لە كەمپدا دەژین".

شوقەكەی دەخیل و سامیا لە پرۆژەی لالاف سیتی-ـیە و دەكەوێتە كۆمەڵگای دۆمیز لە ناحیەی فایدە.

ژیار ئەمین، كارمەند لە پرۆژەی لالاف سیتی بە (كەركوك ناو)ـی وت "شوقەكەی دەخیل و سامیا دەمێكە تەواو بووە و كێشەی تێدا نییە، بەڵام هۆكاری ئەوەی رادەستی نەكراوە هێشتا شەقامەكانی ناو پرۆژەكە هێشتا تەواو نەبون بەهۆی بارانبارینەوە، ئێمە داوای لێبوردنی لێدەكەین و پشتیوان بە خوا مانگێكی تر دەتوانێت شوقەكەی وەربگرێت".

دەخیل و سامیا خەڵكی شنگال-ـن، بەڵام بیر لە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان ناكەنەوە و پێشتر نیازی كۆچكردنیان بۆ دەرەوەی وڵات هەبوو، "بیرۆكەمان هەبوو بچین بۆ ئوسترالیا، بەڵام گەیشتن بەو وڵاتە ئێستا زۆر قورس بووە.. بۆیە جارێ دەمانەوێت هەر لە كوردستان بمێنینەوە" دەخیل وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT