بەرە دژ بە یەكەكانی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە بۆ جاری چوارەم نەیانتوانی حكومەتی خۆجێی پێكبهێنن بەهۆی ناكۆكییان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان لە نێویاندا هەردوو پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن. دواین كۆبونەوەشیان لەبەغدا بەبێ ئەنجام كۆتایی هات.
بەپێی شایستەی هەڵبژاردن و رێككەوتنی لایەنەكان، پۆستی پارێزگاری دیالە بۆ لایەنە شیعییەكان یەكلایی بۆتەوە و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنیش بۆ سوننەكان، بەڵام هەردوو مەزهەبەكە لەنێو خۆیاندا لە كێشەدان بۆ دیاریكردنی كاندید، ئەو ململانییەش پێكهێنانی حكومەتی پەكخستووە.
دواین كۆبونەوەی بێ ئەنجام، لە 11ی ئادار لە بەغداو لە هۆتیل رەشید بەڕێوەچوو و لە كۆی 15 ئەندامی ئەنجومەن، تەنیا 10 ئەندام بەشداربون.
ئەوس ئیبراهیم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆبونەوەكە هەشت كاتژمێری پێچوو، گفتوگۆكە ئەوە بوو سەرەتا سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردرێن، بەڵام فراكسیۆنە سوننیەكان لەوانە تەقەدوم، بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و سەیادە بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر نەگەیشتە رێككەوتن، هەردوكیان داوا داوای پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن دەكەن".
ئەو دوو لیستە سونییە هەریەكە و سێ كورسی ئەنجومەنەكەی هەیە.
بەپێی رێككەوتنی لایەنە براوەكان، پۆستی پارێزگار و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن بۆ شیعەكانە و پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری پارێزگار بۆ سوننەكان.
ئەوس ئیبراهیم وتی "من لە ناوەڕاستی كۆبونەوەكە كشامەوە، چونكە ویستیان هیچ پۆستێك بە پێكهاتەی كورد نەدەن و لەنێو خۆیاندا دابەشی بكەن".
من لە ناوەڕاستی كۆبونەوەكە كشامەوە، چونكە ویستیان هیچ پۆستێك بە پێكهاتەی كورد نەدەن
كۆبونەوەكەی بەغدا كە دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنە تائێستا، شەش ئەندامی سوننە، سێ ئەندامی شیعە و ئەندامەكەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەشداربون.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە كۆبونەوەكەی بەغدا وتی "شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان ئەندامە سوننییەكان دروستبووە".
ئەنجامدانی كۆبونەوە لە بەغدا ناڕەزایی بەدواداهاتووە و بۆتە جێی تەنز و توانجی بەشێك لەو سیاسی و لێپرسراوانەی چاودێری دۆخی دیالە دەكەن، یان رۆڵیان لە پرۆسەی سیاسیدا هەیە.
ئەحمەد موسەوی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق سەر بە عەسائبی ئەهلی حەق كە هاوكات خەڵكی دیالەیە و لە ئێستادا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی ئیستحقاق دیالە دوو ئەندامیان هەیە، دەڵێت "با خەڵكی دیالە گوێبگرن و هۆشیاربن، بەڕێوەچونی دانیشتنەكە لە دەرەوەی پارێزگای دیالە سوكایەتیی و بێڕێزیكردنە بۆ ئەم پارێزگایە و خەڵكەكەیی و هێز و دەزگا ئەمنییەكانی".
ئەو لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی "حكومەتێك بەمشێوەیە پێكبێت ئەی چۆن كاردەكات، لەناو ئەم كەشوهەوا ناسەقامگیرە و رەتكردنەوەی ئەوانی تر... كەسێك بۆتە بەشێك لە ناسەقامگیری و ناكۆكی"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو كەسە بكات.
بەڵام ئەو ناكۆكییەی لەنێو ماڵی شیعەدا رونە، ئەوەیە موسەننا تەمیمی، سەرۆكی هاوپەیمانی دیالەتنا وەتەنی كە چوار كورسی ئەنجومەنەكەی بردووە و تەنیا خۆی بە 42 هەزارو 812 دەنگ، دەنگی یەكەمی پارێزگاكەی بەدەستهێناوە، سورە لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار بۆ ئەو بێت.
لە ماوەكانی رابردوشدا لایەنگرانی موسەننا تەمیمی و عەشیرەتی بەنی تەمیم، كە یەكێكە لە گەورەترین عەشیرەتەكانی پارێزگاكە و هەژمونیان هەیە، لە شارە جیاوازەكانی دیالە خۆپیشاندانیان كرد و داوای دانانەوەی ناوبراویان كرد وەكو پارێزگا.
ئەوە لەكاتێكدایە لایەنەكانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی، لەوانەش رێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی دەیانەوێت پۆستەكە بۆ كاندیدی خۆیان بێت.
دەریا خەیروڵڵا، ئەندامی ئەنجومەن لەسەر هاوپەیمانی ئەساسی عیراق، لە پۆستێكیدا لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی "جارێكی تر ئەگەر ویستتان كۆبونەوە بكەن، كاتژمێر دوو بانگهێشتنامە مەنێرن و بنوسن كاتژمێر چوار ئامادەبن، چونكە فەرشەكەی عەلادینمان نییە پێتان بگەین".
ئەوەش وەك رەخنەیەك لە سەرۆكی بەتەمەنی ئەنجومەن، كە دوو كاتژمێر بەر لە كۆبونەوەكە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاگاداركردبۆوە.
ئەوس ئیبراهیم، لەبارەی ئەنجامدانی كۆبونەوە لە بەغدا، وتی "مەبەستەكە ئەوە بوو ئازادییەك بدرێت بە ئەندامانی ئەنجومەن، چونكە پێدەچیت ئەگەر لە دیالە كۆبونەوە بكرێت، بەشێك لە ئەندامان بۆ بڕیاردان فشارییان لەسەر بێت".
موسەننا تەمیمی، پارێزگاری پێشوی دیالە و ئەندامی ئێستای ئەنجومەن، كە پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، لە 14ی ئادار لە پەیامێكی دەنگی-دا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە، دەڵێت "قەیرانی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی لە پارێزگای دیالە بە كۆمەڵێك قۆناغدا تێپەڕیوە، لەم ماوەیەی دواییدا پێشكەوتنی باش بەدیهاتووە".
لەبارەی كۆبونەوەكەی بەغدا، دەڵێت "گفتوگۆكان باش بون و ئەنجامی باش بەدەستهاتون، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لە نێوان فراكسیۆنەكانی سیادە و تەقەدوم لەسەر پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكانی پارێزگار كێشە دروستبوو"، زیاتر دەڵێت "لەو 10 ئەندامەی ئامادەی كۆبونەوەكە بون، هەمویان كۆكبون لەسەر هەڵبژاردنی (خۆی) موسەننا تەمیمی".
لەو 10 ئەندامەی ئامادەی كۆبونەوەكە بون، هەمویان كۆكبون لەسەر هەڵبژاردنی موسەننا تەمیمی
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) كە لە ئەندامانی ئەنجومەن وەریگرتووە، دەوڵەتی یاسا بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، كەسایەتییەكی عەشیرەتی بەنی تەمیمی بەناوی (وەزاح تەمیمی) بۆ پۆستی پارێزگار كاندید كردووە، بەڵام چاوەڕێی رەزامەندی هادی عامری دەكات كە رۆڵی هەیە لەو پرسەدا.
بەڵام موسەننا تەمیمی لە پەیامە دەنگییەكەیدا وەك وەڵامێك بۆ ئەو هەوڵەی دەوڵەتی یاسا، دەڵێت "بەڵێن بە دەنگدەر و جەماوەرەكەم دەدەم هەرگیز دەستبەرداری دەنگەكانم نابم، هەركەسێك ناڕازییە با وەكو ئۆپۆزسیۆن كاربكات".
عەلی حەجییە، چاودێری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی دیالە دەكات، وتی "لەیەككاتدا ناكۆكی ناوخۆیی لە نێوان خودی هێزە سونییەكان و نێو ماڵی شیعەكانیش هەیە، ئەمەیە دۆخەكەی بەچەقبەستویی هێشتۆتەوە".
هەرچەندە ئەوس ئیبراهیم دەڵێت باشترین چارەسەر ئەوەیە ئەندامانی ئەنجومەن ئەركی خۆیان وەكو چاودێر لەسەر حكومەت جێبەجێ بكەن و چاوەڕێی پێكهێنانی حكومەت نەكەن، بەڵام نافع جبوری، كە ئەویش ئەندامی ئەنجومەنە، دەڵێت "باشترە ئەنجومەن خۆی هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەر ناتوانێت حكومەت پێكبهێنێت".
پێكنەهێنانی حكومەتی دیالە لەكاتێكدایە زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەندا تێپەڕیوە كە لە 5ی شوبات بەڕێوەچوو، هەرچەندە بەپێی یاسای پارێزگاكانی عیراق، ئەنجومەن دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا، لە رۆژی دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنیەوە، پارێزگار و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت.