دانانی پارێزگار "هەڕەشە"ـی تێكەوت
شیعە لە پێكهێنانی ئیدارەی دیالە شكستیهێنا و سونە بەختی خۆی تاقیدەكاتەوە

باڵەخانەی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە فۆتۆ: سۆشیال میدیا

كەركوك ناو – دیالە

هێزە سونەكانی دیالە، هەوڵدەدەن هەر خۆیان پۆستی پارێزگار یەكلاییبكەنەوە و بە تەواوی بەڕەكە لەژێر پێی شیعە دەربهێنن، كە نزیكەی سێ مانگە ناتوانن ئیدارەی نوێی پارێزگاكە پێكبهێنن.

ئەو هەوڵەی سونەكان، كە لە ناوەڕاستی نیسانی ئەمساڵەوە بە چڕی كاری بۆ دەكرێت و (كەركوك ناو) بەدواداچونی بۆ كردووە، ئەندامانی ئەو پێكهاتەیەی روبەڕوی "پەیامی هەڕەشەئامێز و جوڵاندنی گروپی چەكداری و هەڵكوتانە سەر دێوەخانەكانیان" كردۆتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامە ڤیدیۆیی و نوسراوانەی دەیخەنەڕوو.

هەوڵی دانانی پارێزگاری دیالە، دوابەدوای پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نوێ دێت تەنیا لە كوتلە سونەكانی ئەنجومەنی پارێزگا، كە پێكهاتون لە تەقەدوم، سیادە و عەزم، پێكەوە خاوەنی حەوت كورسین لە كۆی 15 كورسی.

هاوپەیمانێتییەكەی نوێیەكە، كۆتایی بە دابەشكردنی نزیكەی سێ مانگی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگا هێنا، كە دوو بەرەی هەشت بەرانبەر حەوت ئەندام بون، هەر بەرەیەكیش تێكەڵەیەك بوون لە ئەندامانی سونە و شیعە، دابەشبوونەوە لەسەر ئاستی حزبی و داواكاری كوتلەكان بوو، نەك لەسەر ئاستی مەزهەبی.

فارس مزاحم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لە لیستی سیادە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێستا ئێمە بە حەوت ئەندامەوە گەورەترین كوتلەین"، رونیشیكردەوە ئەو سێ لایەنەی سونە، لە دوو رۆژی داهاتوودا، لە كۆبونەوەیەكدا كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی پارێزگار دیاریدەكەن و دواتر، داوای كۆبونەوەی ئەنجومەن دەكەن بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار.

ئەوە یەكەم هەنگاوی كوتلەكانی سونەیە بۆ دانانی پارێزگار، بەوپێیەی لە سەرەتای دانوستانەكانەوە تا نیسانی ئەمساڵ، بەپێی رێككەوتنی سەرەتایی ناو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، بڕیاربوو پۆستی پارێزگار و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ شیعە بێت، لە بەرانبەردا پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری پارێزگار بۆ كاندیدی سونە بێت.

19.4.2024
دوایین پەیامی بەنی تەمیم لەگەڵ وێنەیەك لە گرتەی ڤیدیۆی كامێرای چاودێری كە جوڵەی هێزێكی چەكدار لە بەردەم ماڵی پەرلەمانتارێك نیشاندەدات

"پێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییە نوێیە دوای ئەوەهات هێزێكی دەرەوەی یاسا هەڕەشەیان لە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە پشكی سونە كرد" بەوتەی مزاحم، هەروەها جەختیكردەوە ئەوان سوورن لەسەر دانانی كاندیدی سونە وەكو پارێزگار و ئەو ناوانەی پێشنیاز كراوە، بریتین لە محەمەد قوتەیبە، پەرلەمانتاری تەقەدوم و موزهر كروی، پەرلەمانتاری سیادە و رەعد دەهلەكی، پەرلەمانتاری عەزم.

لە 15ـی نیسان، گروپێكی چەكدار كە نزیكەی 18 ئۆتۆمبێل بوون، بەشێكیان جامڕەش و چەكدارەكانیش زۆرینەیان جلوبەرگی مەدەنییان لەبەر بوو، بەناوی "عەشیرەتی تەمیمی"ـیەوە، پەیامی "هەڕەشە"ـیان گەیاندۆتە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و پەرلەمانتاری عیراق لە پشكی پارێزگاكە.

 عومەر كروی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە و برای موزهر كروی، (یەكێكە لەوانەی ناوی بۆ كاندیدی پارێزگار پێشنیازكراوە) پەرلەمانتاری سیادە، لە هەژماری خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاویكردۆتەوە، "دەیان ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر بە چەكدارەوە هاتنە بەردەم دیوەخانەكەم و پەیامی هەڕەشەئامێزیان بۆ من پێبوو"، نوسیویەتی پەیامەكە "ئیرادەی ئەو كەسانە ناشكێنن كە هەست بە بەرپرسیارێتی دەكەن بەرامبەر بە گەلەكەیان.. تەسلیم بەو كەسانە نابین كە ئەجێندایەكی گوماناوییان هەیە".

بەنی تەمیم یەكێكە لە گەورەترین عەشیرەتە شیعییەكانی دیالە و چوار ئەندامیان لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالەدا هەیە.

هەمان رۆژ، لە 15ـی نیسان ناهیدە داینی، پەرلەمانتاری سیادە و خوشكی رەشیدە داینی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دیالە پۆستێكی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكردەوە، كە "19 ئۆتۆمبێل بە چەكدارەوە چوونەتە سەر ماڵەكەم و هەڕەشەیان لە پاسەوانەكانم كردووە، بەڵام من پێیاندەڵێم لە ئێوە ناترسین".

تەسلیم بەو كەسانە نابین كە ئەجێندایەكی گوماناوییان هەیە

زۆربەی لایەنەكانی سونە و ژمارەیەك كوتلەی شیعە، ئیدانەی "هەڕەشە"ـەكانیان كرد، كە تائێستا هیچ لایەنێكی ئەمنی قسەی لەسەر نەكردووە و لێكۆڵینەوەشیان نەبووە، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو).

ئەحمەد موسەوی، پەرلەمانتاری شیعە لە پشكی عەسائب ئەهلحەق راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا داوایكردووە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان و فەرماندەیی پۆلیس، دەربارەی "هەڕەشەكردن لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، بە كوشتن و سووتاندنی ماڵەكانیان، هەڵوێستیان هەبێت".

هەڵكشانی ململانێ سیاسییەكانی دیالە بۆ ئاستی "هەڕەشە"، دوای ئەوەهات لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاوە، كە 5ـی شوباتی ئەمساڵ كرا و كوتلەكان لەسەر دانانی سەرۆكی ئەنجومەن و پارێزگا رێكنەكەوتن، لەوكاتەوە چەند جارێكیتر كۆبوونەوە كراوە، دوایینیان 11ـی ئادار لە بەغدا بەڕێوەچوو، بەڵام هەر پارێزگار یەكلایینەكراوەتەوە، بەهۆی ناكۆكی هەریەك لە لایەنەكانی شیعە و سونە لەناوخۆیاندا دەربارەی كاندیدی پۆستەكان.

لایەنی شیعە، كە حەوت ئەندامیان هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگا، لەناوخۆیاندا دەربارەی كاندیدی پۆستی پارێزگا كۆكنەبون؛ تائێستاش موسەننا تەمیمی، پارێزگاری پێشوو و سەرۆكی هاوپەیمانی دیالەتنا وەتەنی، كە چوار كورسی ئەنجومەنەكەی بردووە و تەنیا خۆی بە 42 هەزارو 812 دەنگ، دەنگی یەكەمی پارێزگاكەی بەدەستهێناوە، سورە لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە.

لە ماوەكانی رابردوشدا لایەنگرانی موسەننا تەمیمی و عەشیرەتی بەنی تەمیم، كە هەژمونیان هەیە، لە شارە جیاوازەكانی دیالە خۆپیشاندانیان كرد و داوای دانانەوەی ناوبراویان كرد وەكو پارێزگا.

xopeshandan diala
دیالە/ شوباتی 2024/ خۆپیشاندان پشتگیری بۆ هەڵبژاردنی موسەنا تەمیمی بە پارێزگار فۆتۆ: سۆشیال میدیا

كەسایەتی و شێخەكانی بەنی تەمیم، لە نوێترین پەیامدا بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، جەختدەكەوە لە یەكلاییكردنەوەی پۆستی پارێزگار بۆ بەنی تەمیم و خودی موسەنا تەمیمی، "هیوادارین لە دژی خەڵكی بەنی تەمیم نەچنە ناو هیچ هاوپەیمانێتییەكەوە" وەكو لە پەیامەكەدا هاتووە.

هەوڵەكانی (كەركوك ناو) بۆ وەرگرتنی لێدوانی لێپرسراوانی بەنی تەمیم ئاكامی نەبوو.

ئەوەش لەكاتێكدایە لایەنەكانی دیكەی شیعە، لەوانەش رێكخراوی بەدر، بە سەرۆكایەتی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا، بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی دەیانەوێت پۆستەكە بۆ كاندیدی خۆیان بێت.

عەلی حەجییە، چاودێری سیاسی لە دیالە بە (كەركوك ناو)ـی وت "بارودۆخی دیالە زۆر ئاڵۆز بووە، ناكۆكییەكان بەرەو ئاڕاستەیەكی مەترسیدار دەچن، گروپێكی چەكدار هەڕەشەیان لە ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن كردووە كە بریتین لە عومەر كەرەوی و ناهیدە داینی، ئەو رووداوانەش بارودۆخەكە بەرەو رێگایەكی نادیار دەبات".

لە ناوەڕاستی شوباتی ئەمساڵ، محەمەد، كوڕی جاسم عومەیری سەرۆكی دادگای فیدراڵی لەلایەن هادی عامری-ـیەوە وەكو كاندیدی پارێزگار لە پشكی شیعە راگەیەندراو، بەڵام تەمیمی-ـیەكان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی پاشگەزیان كردەوە و بە جێگرەوەی موسەنا تەمیمی قایل نین.

موسەنا تەمیمی، ئێستا تەنیا وەكو ئەندامێكی ئەنجومەن مامەڵە دەكات، بەوپێیەی لە پۆستی پارێزگاردا نەماوە و كەریم عەلی ئاغا، لە نەتەوەی كورد بە وەكالەت ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.

ناكۆكییەكان بەرەو ئاڕاستەیەكی مەترسیدار دەچن

لە بەرانبەر پێداگرییەكانی بەنی تەمیم، سێ كوتلە سەرەكییەكەی سونە (سیادە، تەقەدوم و عەزم)، 16ـی نیسان كۆبونەوە و بە واژۆی 16 كەسایەتی پارێزگاكەوە، لە نێویاندا چەند پەرلەمانتارێك و حەوت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، بڕیاریاندا لە هیچ كۆبونەوەیەكی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگادا بەشدارنەبن، ئەگەر "پۆستی پارێزگار لە پێكهاتەی سونە نەبێت".

لایەنی كوردی تەنیا یەك كورسی لە ئەنجومەنی پارێزگا هەیە، ئەویش ئەوس ئیبراهیم-ـە لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و بەپێی لێدوانەكانی پێشتری بۆ (كەركوك ناو)، لەو لایەنانە نزیكن كە زۆرترین ماف و پۆست بە كورد دەدەن.

بەڵام فارس مزاحم دەڵێت ئەندامەكەی یەكێتیی لە ئەنجومەن لەوانەوە نزیكە، "ئەگەر بێتە نێو هاوپەیمانییەكەمان پۆستی جێگری پارێزگاری پێدەدەین" بەوتەی ئەندامەكەی ئەنجومەن لە لیستی سیادە، كە جەختیكردەوە پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگری پارێزگار دەدەن بەو لایەنانەی دەچنە هاوپەیمانییەكەیانەوە.

"بەدر نزیكترین لایەنن بۆ هاوپەیمانییەكەمان" فارس مزاحم وای وت، ئەوەشی رونكردەوە ئەگەر سەرۆكی بەتەمەنی ئەنجومەن وادەی كۆبونەوە دیارینەكات، ئەوا هاوپەیمانییەكە دەگەیەنن بە 9 ئەندام و راستەوخۆ كۆبونەوە دەكەن. بەپێی یاسا كۆبونەوە بە ئامادەبونی پەنجا كۆ یەكی ئەندامان دەبێت.

پێكنەهێنانی حكومەتی دیالە لەكاتێكدایە لە یاسای پارێزگاكاندا هاتووە؛ ئەنجومەن دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا، لە رۆژی دەستپێكردنی یەكەم دانیشتنیەوە، پارێزگار و دوو جێگرەكەی هەڵبژێرێت.

فارس مزاحم وتی "لە هیچ لایەنێك و پەرچەكردارێك ناترسین، .. لە بەرانبەر چەكدا یاسا هەیە و یاساش لە چەك بەهێزترە.. كەس ناتوانێك رێگریمان لێبكات.. سازش بۆ هیچ فشارێكی هەرێمایەتیی و دەرەكی ناكەین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT