181 رۆژ تێپەڕدەبێت بەسەر دەستگیركردنی رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، بەڵام هێشتا چارەنوسی نادیارە، نە رێگەدەدەن پارێزەرەكانی بیبینن، نە دۆسییەكەی ئاشكرادەكرێت.
سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاردەكات، لەكاتی گەڕانەوەیدا له رۆژئاوای كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان لە 25ی تشرینی یەكەمی 2023دا له دهروازهی فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا و رون نییە لە چ زیندانێكە، ئاسایشی دهۆك لە 31ی هەمان مانگ ئاشكرای كرد كە لای ئەوانە.
دووشەممە 22ی نیسانی 2024 لە رۆژی رۆژنامەگەریی كوردیدا، دەزگای رۆژنیوز بڵاویكردەوە دوای 181 رۆژ لە "رفاندنی بەبێ هیچ هۆکارێک"، هێشتا رێگەیان نەداوە تەنانەت پارێزەرەكانیشی چاویان بە سلێمان ئەحمەد پێبكەوێت، دەزگاكە بە بێسەروشوێن ناوی دەبات.
بۆتان گەرمیانی، سەرنوسەری رۆژنیوز، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسان بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ بەرەو پێشچونێك لە كەیسەكەیدا نییە، نازانین سلێمان لەكوێ زیندانیكراوە و چارەنوسی چییە، ئەوەی هەیە ئاسایشی دهۆك دەستگیریان كردووە و نە رێگەدەدەن دۆسییەكەی بزانین چییە، نە رێگەدەدەن پارێزەر بگرێت، تەنانەت 181 رۆژە كەس نەیبینیوە".
پارێزەر نەریمان ئەحمەد، كە وەكو سەرۆكی تیمی بەرگریكردن لەو رۆژنامەنوسە كاردەكات، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە كانونی دووەمی ئەمساڵ، وتی "زیاد لە 10 جار داوامان لە ئاسایشی گشتی دهۆك كردووە، رێگەمان پێبدات سلێمان ئەحمەد خۆی، یان دۆسییەكەی ببینین، یان رێگەمان پێبدەن وەكو پارێزەری ئەو رۆژنامەنوسە دەستبەكاربین، بەڵام دەڵێن لای ئێمە نییە".
ئەوەش لەكاتێكدایە لە 31ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو – هەفتەیەك دوای دەستگیركردنی-، ئاسایشی دهۆك لە راگەیەنراوێكدا بەبێ ئەوەی وەكو رۆژنامەنوس ناوی ببەن، جەختیانكردەوە لەوەی "كادیرێكی پەكەكە"یان دەستگیركردووە و هاتووە "ناوبراو بۆ كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە هاتوچۆی كردووە، بۆیە راگیراوە"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "لە لێكۆڵینەوەشدا دانی بە كارەكانی خۆیدا ناوە، بۆیە روبەڕوی دادگا دەكرێتەوە و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت". بەبێ ئەوەی ئەو ماددە یاساییە ئاشكرابكرێت كە بەهۆیەوە سلێمانی پێ دەستگیركراوە.
نەریمان وتی "لە سەرەتای دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد-دا چوینە ئاسایشی دهۆك داوامان كرد رێگەمان پێبدات بیبینین، بەڵام بێ ئەنجام بوو، دواتر چوینە لای دادوەری ئاسایش و نوسراوی بۆ كردین تا بچین بیبینین، بەڵام ئاسایش پێشێلی بڕیاری دادوەریان كرد و رێگەیان نەدا".
"چوینەوە لای دادوەری ئاسایش وتمان چەندین جارە رێگریمان لێدەكرێت و نایەڵن بیبینین و پێشێلی بڕیاری تۆ دەكەن، ئەویش وتی منیش هەتا ئێستا نازانم لەسەر چی دەستگیركراوە، ناشزانم دۆسییەكەی چییە و بۆیان نەهێناوم"، نەریمان وتی "ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی ماددەی 40ی یاسای بنەمای دادگەرییە سزاییەكان دەبێت هەموو دامەزراوەكانی ئاسایش و پۆلیس پابەندن بە بڕیاری دادوەر".
ئەو مامەڵەیە لەگەڵ سلێمان ئەحمەد، لەكاتێكدایە ئەمڕۆ دووشەممە 22ی نیسان رۆژی رۆژنامەگەریی كوردییە و 126 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر دەرچونی یەكەم رۆژنامەی كوردی بەناوی رۆژنامەی كوردستان، رۆژنامەنوسان لەم رۆژەدا داوای ئازادی كاركردن و لابردنی بەربەستەكانی بەردەمیان دەكەن.
ئاژانسی رۆژنیوز، لە ماڵپەڕەكەیاندا، بڵاویانكردۆتەوە كە ئەوان سەر بە کۆمپانیای چەتر-ن بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و بابەتەکانیان بە زمانەکانی کوردی (سۆرانی و کرمانجی) و عەرەبی بڵاودەکەنەوە، جەختشیدەكەنەوە لەوەی کۆمپانیای چەتر، لەلایەن کەمال حەسەن حەمەڕەزا-وە خاوەندارێتی دەكرێت و مۆڵەتی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
بۆتان گەرمیانی، سەرنوسەری رۆژنیوز، چەندجارێك لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە جەختیكردۆتەوە لەوەی ترسیان هەیە هێزە ئەمنییەكانی دهۆك "لەژێر ئەشكەنجەدا" دانپێدانانی ساختە بە سلێمان واژۆبكەن و جەختیكردەوە "ئەوان هیچ بەڵگەیەكیان نییە و بەدوای دروستكردنی بەڵگەی ساختەدا دەگەڕێن لە دژی سلێمان".
بەپێی بنەماکانی دادگاییکردنی سزایی ساڵی 1973 هەموو تۆمەتبارێك دوای 24 كاتژمێر و بەبێ هیچ پۆلێنێك بۆ ئهو تۆمهتهی كه ئاراستهی كراوه، مافی ئەوەی هەیە بریكارنامە بۆ پارێزەرێك بكاتەوە و بیبینێت بۆ ئەوەی بتوانێت راوێژی یاسایی پێبكات. جا پێش لێكۆڵینهوه بێت یان لهكاتی لێكۆڵینهوهدا.
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنفرانسێكدا بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەری كوردیدا وتی "لە هەرێمی كوردستان كاری میدیایی بە تەواوی ئازادە، حكومەت پابەندە بە رەخساندنی زەمینە و ژینگەیەكی لەبار بۆ كاری رۆژنامەوانی لە چوارچێوەی یاسادا، كوردستان خاوەنی یاسایەكی پێشكەوتووە و بەو هۆیەوە كاری رۆژنامەگەری گەشەیەكی باشی كردووە".
هەروەها وتی "ناحەزانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەوڵی خراپبەكارهێنانی ئەو ئازادییەن كە لەناوچەكەدا كەموینەیە، ئەمەش بۆ لێدان لە بنەماكانی دیموكراسی و قەوارەی كوردستان، كە بەناوی رۆژنامەگەرییەوە خەڵكانێك دژایەتی هەرێمی كرودستان دەكەن".
هاوكات كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، لە رۆژی رۆژنامەگەری كوردیدا، پشتیوانی خۆی بۆ ئازادیی میدیا و روماڵکردنی رەوا و پڕۆفیشناڵانە و بێلایەنی دەربڕی و دەڵێت "رۆژنامەوانان پێویستە بتوانن کاری خۆیان بکەن بەبێ ترس لە جیاکاری لەسەر بنەمای ئینتیمای سیاسی و هەراسانکردن و دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانە".