ترس هەیە رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد (35ساڵ) "لەژێر فشار" دانپێدانانی پێ واژۆبكرێت و بەهۆیەوە سزابدرێت، یان دۆسییەی ساختەكاری بۆ "دروستبكرێت". ئەوەش بەپێی بۆچونی دەزگاكەی و پارێزەر و ئەو رێكخراوانەی چاودێری كەیسەكەی دەكەن.
لە 25ی تشرینی یەكەم، سلێمان ئەحمەد، كە وەكو هەواڵساز لە بەشی عەرەبی دەزگای رۆژنیوز كاردەكات، لەكاتی گەڕانەوەیدا له رۆژئاواى كوردستان (سوریا) بۆ هەرێمی كوردستان و له ده‌روازه‌ى فیشخابوور (سێمێلكا) دەستگیركرا و بێسەروشوێن بوو، تا پێنج رۆژ دواتر ئاسایشی دهۆك ئاشكرای كرد كە لای ئەوانە.
سلێمان ئه‌حمه‌د له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى شارى عه‌فرینی رۆژئاواى كوردستان (سوریا)یە، له ساڵى 2018ه‌وه به‌شێوازێكى یاسایی هاتووه‌ته هه‌رێمى كوردستان و مۆڵەتی مانەوەی هەیە.
لە یەكى تشرینى یه‌كه‌مى 2023دا به مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له پرسه‌ى باوكى گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ رۆژئاواى كوردستان و لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ هەرێمی كوردستانی عیراق دەستگیركرا.
ئاسایشی دهۆك لە بەیاننامەكەیدا لەبارەی كەیسی سلێمان ئەحمەد، وەكو رۆژنامەنوس ناوی نابات و جەختدەكاتەوەی لەوەی "كادیرێكی پەكەكەمان دەستگیركرد كە ناوبراو بۆ كاری نهێنی و نایاسایی بۆ پەكەكە هاتوچۆی كردووە و بۆیە راگیراوە"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "لە لێكۆڵینەوەشدا دانی بە كارەكانی خۆیدا ناوە، بۆیە روبەڕوی دادگا دەكرێتەوە و بە پێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت".
ئەو بەیاننامەیەی ئاسایش دوای ئەوەی هات كە دەزگای رۆژنیوز - ده‌زگایه‌كى مۆڵهتپێدراوە له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان-، لە راگەیەنراوێكدا بێسەروشوێنبونی رۆژنامەنوسەكەیان، سلێمان ئەحمەدی راگەیاند و هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانی بە دەستگیركردنی تۆمەتباركرد.
ئاژانسی رۆژنیوز، لە ماڵپەڕەكەیاندا، بڵاویانكردۆتەوە كە ئەوان سەر بە کۆمپانیای چەتر-ن بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە و بابەتەکانیان بە زمانەکانی کوردی (سۆرانی و کرمانجی) و عەرەبی بڵاودەکەنەوە، جەختشیدەكەنەوە لەوەی کۆمپانیای چەتر، لەلایەن کەمال حەسەن حەمەڕەزا-وە خاوەندارێتی دەكرێت و مۆڵەتی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
بۆتان گه‌رمیانى، سه‌رنوسه‌رى ماڵپه‌ڕى رۆژنیوز كه باره‌گای سه‌رەكی له شارى سلێمانییه، بە (كەركوك ناو)ی وت "كه‌س ناڵێت ئه‌و مادده یاساییه‌ى سلێمانی پێى ده‌ستگیر كراوه چییه؟ بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه‌ش بزانین چ رێكارێك بگرینه‌به‌ر". زیاتر وتی "هەموو رێكخراوه په‌یوه‌ندیداره‌كان، سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسان و حكومه‌تى هه‌رێممان ئاگاداركردۆته‌وه. به فه‌رمى قسه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌روازه‌ى فیشخابوور كردووه، به‌ڵام كه‌س ئامادهنەبوو بڵێت، سلێمان لەكوێیە".
كه‌س ئامادهنەبوو بڵێت، سلێمان لەكوێیە
دەزگای رۆژنیوز دوو پارێزەریان بۆ كەیسی سلێمان ئەحمەد راسپاردووە، بەڵام لەماوەی یەك مانگی دەستگیركردنی ئەو رۆژنامەنوسەدا پارێزەرەكان نەیانتوانیوە بیبینن.
سه‌رنوسه‌رى ماڵپه‌ڕى رۆژنیوز، ترسی هەیە هێزە ئەمنییەكانی دهۆك "لەژێر ئەشكەنجەدا" دانپێدانانی ساختە بە سلێمان واژۆبكەن و جەختیكردەوە "هیچ بەڵگەیەكیان نییە و بەدوای دروستكردنی بەڵگەی ساختەدا دەگەڕێن لە دژی سلێمان".
نەریمان ئه‌حمه‌د، یەكێكە لەو پارێزەرانەی لەلایەن دەزگای رۆژنیوزەوە راسپێردراوە كار لەسەر كەیسی سلێمان بكات، دەڵێت سلێمان بە شێوه‌یه‌كى یاسایی هاتوچۆى كردووه له نێوان هه‌رێمى كوردستان و رۆژئاوا، "مافى مانه‌وه (ئیقام)ی له هه‌رێم هەبووە، له‌كاتى رۆیشتنیشى كێشه‌ى نه‌بووه. بەڵام له‌كاتى گه‌ڕانه‌وه‌یدا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانى ده‌روازه‌ى فیشخابوور ده‌ستگیركراوه، دواتر ره‌وانه‌ى ئاسایشى دهۆك كراوه".
"ئێمه له‌دواى ده‌ستگیركردنى، به‌مه‌به‌ستى وه‌رگرتنى دۆسیه‌كه‌ى و به‌دواداچون چوینه ئاسایشى گشتى دهۆك، له‌وێ وتیان: پێویسته رێكاره یاساییه‌كان ته‌واوبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن بیبینن، ئیتر دڵنیابوینه‌وه كه له‌وێیه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وه‌شدا به‌رپرسانى ئاسایشى دهۆك ئاماده‌نه‌بون دان به‌وه‌دابنێن كه له‌لاى ئه‌وان ده‌ستگیركراوه". نه‌ریمان ئه‌حمه‌د واى وت.
دوای بەیاننامەكەی ئاسایش كە داندەنێت بەوەی لای ئەوانە، نەریمان ئەحمەد، سه‌ردانى دادوه‌رى لێكۆڵینه‌وه‌ى ئاسایشى دهۆك دەكات، بەمەبەستی رێپێدانی دادوەر بۆ بینینی سلێمان ئەحمەد و وەرگرتنی دۆسییەكەی وەكو پارێزەر.
نەريمان وتی "دادوه‌ر داواكاری بینینی پەسەندكرد (داواكارییەكە لای كەركوك ناو پارێزراوە)، به‌ڵام ئاسایشى دهۆك به‌بێ گوێدانه ئه‌و به‌ڵگه‌نامه فه‌رمییه، رێگه‌یاننه‌داوه نه خۆى نه ئه‌و دۆسیه یاساییه ببینن كه بۆى كراوه‌ته‌وه". هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكاره كه نه‌ریمان ئه‌حمه‌د هێشتا بەشێوەیەكی یاسایی نه‌بۆته پارێزه‌رى فه‌رمى دۆسییهكە.
نەریمان ئەحمەد وتی "ئاسایش وتیان تاوه‌كو لێكۆڵینه‌وه ته‌واونه‌بێت ناتوانن بیبینن و بریكارنامه‌ى لێ وه‌ربگرن، له‌كاتێكدا ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌ى یاسایه".
ئاسایش وتیان تاوه‌كو لێكۆڵینه‌وه ته‌واونه‌بێت ناتوانن بیبینن و بریكارنامه‌ى لێ وه‌ربگرن، له‌كاتێكدا ئه‌مه ته‌واو پێچه‌وانه‌ى یاسایه
بەپێی بنەماکانی دادگایی‌کردنی سزایی ساڵی 1973 هەموو تۆمەتبارێك دوای 24 كاتژمێر و بەبێ هیچ پۆلێنێك بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ى كه ئاراسته‌ى كراوه، مافی ئەوەی هەیە بریكارنامە بۆ پارێزەرێك بكاتەوە و بیبینێت بۆ ئەوەی بتوانێت راوێژی یاسایی پێبكات. جا پێش لێكۆڵینه‌وه بێت یان له‌كاتى لێكۆڵینه‌وه‌دا.
"سلێمان ئه‌حمه‌د تاوانبار نییه و تاكه شت كه گومانده‌كرێت به‌هۆیه‌وه ده‌ستگیر كرابێت، چون و هاتنهوهیهتى بۆ رۆژئاوا، ئه‌مه‌ش به ته‌واوه‌تى یاساییه، چونكه سلێمان به‌شێوه‌ى یاسایی هاتوچۆى كردووه"، نەریمان وایوت.
لە ماوەی هەفتەیەكدا (كەركوك ناو) لانیكەم سێ‌جار پەیوەندی بە زێره‌ڤان بهڕۆشكى، به‌ڕێوه‌به‌رى ئاسایشى دهۆكه‌وه كرد. هەروەها لە 19ی تشرینی دووەم نامەیەكی لەڕێی مۆبایلەوە بۆ نێردراو مەبەستی پەیوەندییەكانی بۆ رونكرایەوە، بەڵام هەر وەڵامی نەبوو.
نه‌زاكه‌ت حسێن، سه‌رۆكى كۆمیته‌ى به‌رگرییكردن له رۆژنامه‌نوسان له سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نوسانى هه‌رێمى كوردستان، رەتیكردەوە ئاگاداری ئەو دۆسییەیە بێت و بە پەیامنێری (كه‌ركوك ناو)ى وت "له زمانى تۆ و میدیاكانه‌وه گوێم لێى بووه و هیچ زانیارییه‌كمان لەسەری نییە".
"كه‌س په‌یوه‌ندى پێوه نه‌كردوین. ئێمه ناتوانین به‌دواداچون بۆ دۆسیه‌یه‌ك بكه‌ین ئه‌گه‌ر خودى رۆژنامه‌نوسه‌كه، یان ئه‌و ده‌زگایه‌ى كارى تێداده‌كات، یان لانیكه‌م هاوڕێكانى داوامان لێنه‌كه‌ن كه به‌دواداچونى بۆ بكه‌ین"، نەزاكەت حسێن وایوت.
زیاتر وتی "هه‌ر رۆژنامه‌نوسێك هانا بۆ ئێمه بهێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ندامى سه‌ندیكاش نه‌بێت ئێمه به‌دواداچونى بۆ ده‌كه‌ین".
ئەوەش لەكاتێكدایە بۆكان گەرمیانی، سەرنوسەری رۆژنیوز جەختیكردەوە لەوەی سەندیكای رۆژنامەنوسانیان ئاگاداركردۆتەوە.
رێكخراوى (CPT) رێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى تایبه‌ت به مافه‌كانى مرۆڤه و باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كه‌ى له وڵاتى ئه‌مریكایه. له كۆڵۆمبیا، كه‌نه‌دا، مه‌كسیك، عێراق و كه‌رتى رۆژئاواى قودس چاودێرى دۆسیه‌كانى ئازادى راده‌ربڕین ده‌كات. له ئێستادا چاودێرى دۆسیه‌كه‌ى رۆژنامه‌نووس سلێمان ئه‌حمه‌د ده‌كات.
كامه‌ران عوسمان، ئه‌ندامى تیمى كوردستانى عیراقى رێكخراوه‌كه، به (كه‌ركوك ناو)ى وت "به‌پێى زانیارییه‌كانى ئێمه كاتێك سلێمان ده‌ستگیركراوه، له‌گه‌ڵ كه‌سێك بووه كه وهڵاتینامهى میسرى پێبووه. هاوكات له‌سه‌ر ئه‌و ڤیزه یاساییه‌ى كه هاتوچۆى پێكردووه نووسراوه، (سلێمان له كۆمپانیایه‌كى كه‌نه‌دى كارده‌كات له سلێمانى)، چونكه به‌و شێوه‌یه ڤیزاكه‌ى بۆ وه‌رگیراوه. ئێمه گوماندهكهین ئه‌و كه‌سه‌ى كه له‌گه‌ڵ سلێمان بووه تۆمه‌تێكى له‌سه‌ر بووبێت یان سلێمان به دۆسیه‌ى ساخته‌كارى دادگایی بكرێت به‌هۆى ڤیزاكهیهوه".
ئه‌ندامه‌كه‌ى تیمى كوردستانى عیراقى (CPT) نایشارێته‌وه ترسى ئه‌وه‌یان هه‌یه، "سلێمان ئه‌حمه‌د به مه‌به‌ست دۆسیه‌ى تایبه‌ت به تاوانى ساختهكارىی بۆ بكرێته‌وه و به‌و تۆمه‌ته دادگایی بكرێت و بۆ ماوه‌یه‌ك بخرێته زیندانه‌وه".
ترسمان هەیە بە مەبەست دۆسیەی ساختەكاریی بۆ سلێمان ئه‌حمه‌د بكرێته‌وه
كامه‌ران عوسمان دەڵێت: "لە دۆسییەی سلێمان ئه‌حمه‌د-دا "پێشێلكارى رویداوه، چونكه ئاسایشى دهۆك دواى پێنج رۆژ له ده‌ستگیركردنى و له‌ژێر فشارى میدیادا ئاشكرایان كردووه كه ئه‌و رۆژنامه‌نوسه لای ئه‌وانه".
هەروەها وتی "به‌پێى به‌دواداچونى ئێمه سلێمان به‌رده‌وام له ده‌روازه‌ى فیشخابووره‌وه هاتوچۆى كردووه، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ پارتى كرێكارانى كوردستاندا هه‌یه وه‌ك ئاسایش له به‌یاننامه‌كه‌یدا تۆمه‌تبارى ده‌كات، بۆچى پێشتر ده‌ستگیریان نه‌كرد؟! هه‌رچه‌نده له هه‌رێمى كوردستان تا ئێستا هیچ یاسایه‌ك نییه بۆ ده‌ستگیركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه په‌یوه‌ندیان به‌و پارته‌وه هەیە".
دیارى محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى میترۆ بۆ داكۆكیكردن له رۆژنامه‌نووسان، له 31ى تشرینى یەكەمی 2023 له كۆنفرانسێكى رۆژنامه‌وانیدا له شارى سلێمانى وتی "شێوازى ده‌ستگیركردنى سلێمان ئه‌حمه‌د، بێسهروشوێنبونى و دواتر تۆمەتباركردنی بەوەی پەیوەندی لەگەڵ گروپی چەكداردا هەیە، ترسى ئەوەی لا دروستكردوین كە ئەم رۆژنامەنوسەش هاوشێوه‌ى كه‌یسى رۆژنامه‌نوسه ده‌ستگیركراوه‌كانى بادینان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".
پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان، لە 16ـی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانه‌كانی هەولێر بە شەش ساڵ زیندانیكردن حوكمدران و تۆمەتباركران بە "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی"، لەئێستادا سیان لەو حوكمدراوانە هێشتا لە زیندانن.
گوهدار زێباری كە یەكێكە لەو رۆژنامەنوسانە، هەركاتێك حوكمەكەی تەواودەبێت، دۆسییەكی تری بۆ دەكرێتەوە و تائێستا سێ‌جار لەسەر سێ دۆسییەی جیاواز سزادراوە.
هەرچی شێروان شێروانییە كە رۆژنامەنوسێكی ترە، لە تەمموزی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای هەولێرەوە بە تۆمەتی "ساختەكاریی" بە چوار ساڵی دیكەی زیندانی سزادرا.
سەرنوسەری رۆژنیوز پێیوایە دەستگیركردنی سلێمان ئەحمەد، درێژكراوه‌ى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یه كه حكومه‌تى هه‌رێم ده‌ستیپێكردووه بۆ كپكردنى ده‌نگى ئازاد.