سوپای عیراق و جوتیارانی كورد لە ناحیەی پردێ، رێككەوتن دروێنە بكەن و بەروبومەكانیشیان بۆ كەركوك بگوازنەوە، بەو مەرجەی ناوی تەواوی ئەو جوتیارانەی كە سنوری چاندنیان لەژێر دەسەڵانی هێزی پێشمەرگەدایە، بدرێتە بازگەكان و نوسراوی تێپەڕینی دانەوێڵەكانیان پێبێت.
لە دوو رۆژی رابردودا سوپای عیراق بووە بەربەست بۆ دروێنەی جوتیارانی كوردی هەردوو ناحیەی پردێ و سەرگەڕان، لە پردێ رێگە بە گواستنەوەی دانەوێڵەی ئەو جوتیارانە نەدەدرا كە سنوری چاندنیان لە ئێستادا لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگەدایە هەرچەندە سەر بە كشتوكاڵی كەركوكن، بەهۆیەوە دوو جوتیاری ناحییەكەش دەستگیركران.
هەرچی پەیوەندی بە جوتیارانی پێنج گوندی سەرگەڕانەوە هەیە، سوپای عیراق بڕیاریدا رێگریی لە دروێنەی جوتیاران بكات، بەو پاساوەی خاوەندارێتی زەوییە كشتوكاڵییەكان لەنێوان كورد و عەرەب یەكلایینەكراونەتەوە.
هێرش شەریف، كەسایەتی ناحیەی پردێ و هاوكات لێپرسراوی كۆمیتەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەو جوتیارە كوردانەی رێگرییان لێكراوە دانەوێڵەكانیان ببەن بۆ كەركوك، بەهۆی ئەوەوە بووە كە زەوییە كشتوكاڵییەكانیان لە ئێستادا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەدایە، بازگەكەش گومانیان كردووە دانەوێڵەكان قاچاخ بن".
زیاتر وتی "ئێستا رێككەوتن لەگەڵ سوپای عیراق كراوە، كە جوتیاران لە ئەمڕۆ سێشەممەوە 30ی نیسانەوە بەبێ كێشە دەتوانن دوای دروێنە دانەوێڵەكانیان بۆ كەركوك بگوازنەوە، بەو مەرجەی نوسراوی ئیدارەی ناحییەكەیان پێبێت و ناوی هەموو ئەو جوتیارانەش بدرێتە بازگەكان تا رێگەیان بدەن دانەوێڵەكانیان بگوازنەوە".
رێككەوتن لەگەڵ سوپای عیراق كراوە، كە جوتیاران بەبێ كێشە دەتوانن دوای دروێنە دانەوێڵەكانیان بۆ كەركوك بگوازنەوە
وەرزی دروێنە لەوانەش دانەوێڵەی جۆ بەراورد بە ساڵانی رابردوو لە پارێزگای كەركوك لانیكەم نیو مانگ پێشخرا، هۆكاری سەرەكیش بەپێی وتەی جوتیاران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ترسی ئاگركەوتنەوەیان هەیە هاوشانی ساڵانی رابردوو، یان لەترسی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی كە دەستەی كەشناسی عیراق پێشبینی دەكات لەئەمڕۆوە روو لە عیراق بكات و زیانی بۆ دانەوێڵە هەیە.
وەرزی دروێنە لە قەزای داقوق، باشوری كەركوك
هێرش شەریف لەبارەی كێشەی جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان، وتی "كێشەی ئەوان چارەسەر نەبووە، سوپا دەڵێت زەوییەكان كێشەی خاوەندارێتیان هەیە".
محەمەد ئەمین، نوێنەری جوتیارانی ناحیەی سەرگەڕان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بە بڕیاری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، رێگە نادرێت دروێنە لە پێنج گوندی سەرگەڕان بكرێت، سوپا هاتۆتە سەر زەوییە كشتوكاڵییەكان و دەڕاسە و ئامێرەكانی تری پێویست بە دروێنەی راگرتووە".
بەگشتی لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان سەر بە قەزای دوبز، هێشتا خاوەندارێتی 50 بۆ 60 هەزار دۆنم زەویی یەكلایینەكراونەتەوە كە دابەشبون بەسەر پێنج گوندی سنورەكە، لەوانە گابەڵە پەڵكانە، خەرابە، سەربەشاخ و شەناغە.
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) بەشێك لەو زەوییە كشتوكاڵیانە بە بڕیاری حكومەت خەوێنران، بەو مانایەی تا یەكلایینەبونەوەی خاوەندارێتیان هیچ لایەنێك ناتوانێت بیكێڵێت و بیچێنێت، بەڵام بەشێك لە جوتیارانی كورد ئەمساڵ زەوییەكەیان چاندووە.
زەوییە كشتوكاڵییەكانی كەركوك و چەند پارێزگایەكی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس، بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبی خواروو و ناوەڕاستی عیراقدا دابەشكران، تا روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 مامەڵەیان پێوەدەكرا و دواتر بەجێیانهێشت.
گەڕانەوەی بەشیك لەو جوتیارە عەرەبانە بۆ سەر زەوییەكانیان لە هەندێك ناوچە كە پێشتر گرێبەستی كستوكاڵیان هەبووە، لەكاتێكدایە، وەزارەتی دادی عیراق، لە 23ی ئەیلول ی 2020ەوە بڕیارێكی ئاراستەی حەوت پارێزگای عیراق كرد لەنێویاندا كەركوك، تیایدا جەختدەكاتەوە لە راگرتنی كاركردن بە گرێبەستە كستوكاڵییەكانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس.بەڵام فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك رەتیكردەوە پێوەی پابەندبێت.