ئیدارەی كەركوك، بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی ئاگركەوتنەوە و سوتانی دوكان و كۆگاكانی (خان قیردار) لە ناوەندی شار، دوابەدوای گومانی زیانلێكەوتوان.
لە بازاڕی ناسراو بە (خان قیردار)، كاتژمێر نزیكەی 3:30 خولەكی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە ئاگر كەوتەوە، كە دەكەوێتە ناو بازاڕی گەورەی شاری كەركوك.
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، 14 كۆگا و 37 دوكان، كە بەشێكی زۆریان جلوبەرگیان تێدابووە سوتاون، ئەوەش لە كۆی 160 دوكان و كۆگای بازاڕەكە كە ئاگری گرتووە.
دوكاندارێكی ئەو بازاڕە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێـتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "گومان دەكەین بە دەستی ئەنقەست بازاڕەكە سوتێنرابێت"، چونكە وەك ئەو بانگەشەی بۆ كرد، بەشی هەواگۆڕكێی سەقفی بازاڕەكە شكێنراوە و كۆگاكانیش لە یەككاتدا پێكەوەسوتاون.
(كەركوك ناو) نەیتوانی لە هیچ لێپرسراوێكی لایەنە پەیوەندیدارەكانی كەركوك گومان ئەو دوكاندارانە پشتڕاستبكاتەوە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانیی لە عیراق، تەنیا هەواڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە بڵاوكردۆتەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هۆكارەكەیی و ئەنجامی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان بكات.
بەڵام ئیدارەی پارێزگای كەركوك، هەر ئەمڕۆ كۆبونەوەی لیژنەی ئەمنی و شانەی قەیرانەكانی هەبوو بە سەرۆكایەتی راكان جبوری، پارێزگار و لێپرسراوانی ئەمنی و فەرمانگەی حكومیی، بۆ تاوتوێی گڕگڕتنی بازاڕی (خان قیردار) و پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئیدارەی پارێزگا، سەرباری پێكهێنانی لیژنە بۆ بەدواداچون و لێكۆڵینەوەی "بەپەلە" و "وردی مەیدانی" لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکە، داوا لە حكومەتی فیدراڵی كراوە قەرەبوی زیانلێكەوتوان بكاتەوە.
بەپێی یاسای سزادانی عیراقی، هەر كەسێك بە ئەنقەست یان بە هەڵە ببێتە هۆی كەوتنەوەی ئاگر و زیان بە موڵك و ماڵی خەڵك یان دەوڵەت بگەیەنێت، ئەوا سزاكەی بڕی جیاوازی غەرامە و زیندانی كاتی تا هەتاهەتایی تێدایە.
هەروەها بەرەی توركمانی، دوابەدوای روداوەكە، داوایكرد لێكۆڵینەوە بكرێت بۆ زانینی هۆكارەكەی سوتانی ئەو بازاڕە و قەرەبوی زیانلێكەوتوانیش بكرێتەوە.
(خان قیردار) یەكێكە لە بازاڕە كۆنەكانی شاری كەركوك و مێژوی دروستكردنی بۆ 1883 دەگەڕێتەوە.