توركمان و كریستیان بە بڕیارەكەی دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەكان، دڵخۆش نین كە تیایدا داوا دەكات پێنج كورسی كۆتا بۆ كەمینەكان لە پەرلەمانی كوردستان تەرخانبكرێت. بەڵام ئەرمەن دەڵێت بڕیارەكە دڵخۆشی كردون.
دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەکان، دووشەممە 20ی ئایار لە بڕیارێكیدا داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەكات پێنج كورسی كۆتا تایبەت بە توركمان، كریستیان و ئەرمەن دابین بكەن، ئەوەش لە چوارچیوەی ئەو 100 كورسییەی بۆ پەرلەمانی كوردستان تەرخانكراوە، بەشێوەیەك دوو كورسی بۆ هەریەكە لە سلێمانی و هەولێر و كورسییەكیش بۆ دهۆك.
یەروانت نیسان ماركۆس، كە لە خولی پێشتری پەرلەمانی كوردستان – خولی چوارەم -دا تاكە پەرلەمانتاری ئەرمەن بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "وەكو ئەرمەنەكان زۆر دڵخۆشین بەم بڕیارە، چونكە لە پەرلەمانی داهاتوی كوردستان نوێنەرمان دەبێت، لەئێستاوە ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن".
بەپێی دابەشكاریی بۆ پێنج كورسی كۆتاكە، پارێزگای دهۆك یەك كورسی بەردەكەوێت، ئەوەش بۆ ئەرمەن دەبێت، وەك ئەوەی وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ئاماژەی بۆ كردووە.
ئامارێکی دروست نییە لەسەر ژمارەی ئهرمهن له عیراق؛ هەندێک ژمارەیان بە نزیکهی 20 ههزار کهس دهخهمڵێنن، بەڵام سەرۆکی تائیفەی ئەرمەنەکان لە پارێزگای دهۆک دەڵێت ژمارەیان لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار کەسە و لە تەواوی عیراق 12 هەزارن.
هەرچی توركمان و كریستیانەكانن كە چوار كورسییەكەی تریان بەردەكەوێت، لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، ناڕازین لە بڕیارەكە بەتایبەت لە شێوازی دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر پارێزگاكاندا.
ئازاد كورەچی، سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، لە پێكهاتەی توركمان وتی "زۆر نیگەران و ناڕازین لەو بڕیارە، دەبوایە بۆ كورسی كۆتاكان یەك بازنەی هەڵبژارد بوایە نەك چوار بازنە، وەك ئەوەی لە عیراق پەیڕەودەكرێت، دووەم شێوازی دابەشكردنی كورسییەكان زۆر هەڵەیە، بۆ نمونە زۆرینەی توركمانەكان لە شاری هەولێرن، دەبوایە هەردوو كورسی كۆتای توركمان لە هەولێر بوایە، ئێستا كورسییەكیان بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانكردووە، لەكاتێكدا كەمترین توركمان لەو پارێزگایەن، ئەوە نادادپەروەرییە"، زیاتر وتی "ئەمە بۆ دهۆكیش هەر راستە، چونكە كلدان و سریان و ئاشوری زۆرتری لێیە بەراورد بە سلێمانی، كەچی كورسییان بۆ دانەنراوە... لە سلێمانیش كریستیانەكان زۆر كەمن، كەچی كورسییان بۆ دانراوە".
ئەو پێیوایە باشتر بوو حەوت كورسی كۆتا دابنرایە، "توركمان سێ كورسی، دووان لە هەولێر و كورسییەك لە سلێمانی، كورسییەكی كریستیانیش لە دهۆك زیادبكرایە".
باشتر بوو حەوت كورسی كۆتا دابنرایە
"وەكو نەتەوەی توركمان هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی گوڕانكاریی لەو دابەشكارییە بكەین، بە جۆرێك هەم دادوەری تێدابێت هەمیش یەك بازنەیی بێت"، ئازاد كورەچی وای وت.
لینوس عودیشو، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك لە پێكهاتەی كلدان سریان ئاشوری، بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارەكەی دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردن، دیسان هەڵەیەكی ترە لە پرسی كورسی كۆتاكان، چونكە لە پارێزگای دهۆك تەنیا یەك كورسی كۆتا دانراوە، ئەوەش بۆ ئەرمەن، ئەی باشە پێكهاتەی كلدان سریان ئاشوری دەنگ بەكێ بدەن... چونكە لە پارێزگای دهۆك نزیكەی 60 هەزار كەسین، ئەگەر جارێكی تر گۆڕانكاریی تیانەكرێت ئەوا ناچین بۆ دەنگدان".
"باشترین چارەسەر ئەوەیە دەنگدان بۆ كورسی كۆتاكان یەك بازنەیی بێت، تا پێكهاتەكان بتوانن لە ناوچەكانی خۆیان دەنگ بەو كەسە بدەن كە خۆیان مەبەستیانە".
ئایینی مهسیحی، دوهم گهورهترین ئایینه له عیراق دوای ئیسلام، بهپێی دهستوری عیراق دانیپێدانراوه و زمانیشیان پارێزراوه، كه سریانییه و وهك له دهستوردا هاتووه، پێویسته لهو ناوچانهی تێیدا زۆرینهن ههر پێكهاتهیهك مافی بەکارهێنانی زمان و کەلتوری خۆی پێبدرێت و رۆڵی لە ئیدارەداندا هەبێت.
ئەو نوێنەرەی كلدان سریانی ئاشوری، وتی كە لەم رۆژانەدا هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن و "هیوادارین دواجار بەشێوەیەك گوڕانكاریی لە كورسییەكان و شێوازی دابەشكردنەكەیدا بكرێت كە لەبەرژەوەندی هەموو لایەك بێت"، لینوس عودیشو وایوت.