دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەکان، داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەكات پێنج كورسی كۆتا تایبەت بە توركمان، كریستیان و ئەرمەن دابین بكەن، ئەوەش لە چوارچیوەی ئەو 100 كورسییەی بۆ پەرلەمانی كوردستان تەرخانكراوە.
ئەو بڕیارە دووشەممە 20ی ئایار دەرچووە، دوابەدوای سكاڵایەكی یوسف یەعقوب سەرۆكی حزبی ئیتیحاد بیت نەهرەین وەتەنی دژ بە بڕیارێكی كۆمسیۆن، ئەو سكاڵایە بە نوێنەرایەتی توركمان، كریستیان و ئەرمەن پێشكەشی دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەکان كراوە، كە دەستەكە سەر بە ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە لە عیراق.
لە بڕیاری دەستەكەدا تانەكە قبوڵكراوە و تیایدا هاتووە كە وردبینی بۆ تانەی یوسف یەعقوب، كراوە، كە تایبەتە بە دابەشكردنی 100 كورسیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا و پێیانوایە لەو دابەشكارییەدا پارێزگاری لە ماف و نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی تیا نییە، لەكاتێكدا دەستور جەختی لە نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان كردۆتەوە لە پەرلەمان و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا.
دەستەی دادوەریی دەڵێت بەپێی دەستوری عیراق پێویستە بەشداریكردنی هەموو پێكهاتەكان لە ئەنجومەنەكاندا لەبەرچاوبگیرێت، "بۆیە دابەشكردنی 100 كورسی پەرلەمانی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا، پێچەوانەی یاسای كۆمسیۆنیشە و دەبێت بنەمایەكی دادپەروریانە لەسەر بنەمای هاوسەنگی بەدیبهێنرێت".
"پێویست بوو لەسەر كۆمسیۆن گرەنتی مافی ئەو پێكهاتانە و نوێنەرایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بە كورسی لەنێو ئەو 100 كورسییەدا فەراهەم بكات، ئەوەش بەپێی دەستور..."، زیاتر هاتووە "پێویست بوو پێنج كورسی تەرخانبكرایە بۆ ئەوانەی تانەكەیان پێشكەش كردووە، بە جۆرێك دوو كورسی لە هەولێر، دوو لە سلێمانی و یەك لە دهۆك، ئەوەش بە كۆمەڵێك رێكار و پشتی ببەستایە بە پێوەری هەڵبژاردنی هەرێمی و نێودەوڵەتی و شارەزایانی نەتەوە یەكگرتووەكان بەسەر ئەو لایەنانەی سكاڵاكەیان كردووە... بۆ ئەوەی دادپەرورانە و پاك و بێگەرد بێت".
دادگای فیدراڵی عیراق لە 21 شوباتی 2024 و لە زنجیرەیەك بڕیاردا لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی لە 111 كورسییەوە بۆ 100 كورسی كەمكردەوە و هەرێمی كوردستانی بۆ هەڵبژاردن كردە فرەبازنە، لە هەموی چاوەڕواننەكراوتر لابردنی 11 كورسی پێكهاتە نەتەوەییەكان بوو، (پێنج كورسی توركمان، پێنج كورسی كلدانی سریانی ئاشوری، یەك كورسی ئەرمەن).
لە 7ی ئایار بەهۆی بڕیارێكی دادگای فیدراڵی عیراقەوە، كارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاربوو لە 10ی حوزەیران بكرێت راگیرا، بڕیارەكە لەسەر سكاڵایەكی مەسرور بارزانی بوو، كە تایبەت بوو بە نادادپەروەری لە دابەشكردنی 100 كورسییەكەی پەرلەمانی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن و بێبەشكردنی كورسی كۆتاكان.