حكومەتی عیراق سورە لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز بۆ گواستنەوەی غازی كێڵگەی كۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵەوە بۆ كەركوك، ئەوەش بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا لەو پارێزگایە، لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم دەڵێت "نابێت بەبێ رەزامەندی ئێمە بە هیچ لایەنێك بفروشرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئایار وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم لە رونكردنەوەیەكیدا جەختیكردەوە لەوەی بەرهەمی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەپێی گرێبەست لەگەڵ پێرل پێترۆلیۆم (دانەغاز) تەرخانکراوە بۆ کەرتی کارەبا، "بۆیە هەر بڕە غازێک کە بەرهەم بێت نابێت بەبێ رەزامەندی حکومەتی هەرێم بفروشرێت بە هیچ لایەنێک".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، كارەكانی پڕۆژەی راكێشانی بۆری گواستنەوەی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك لەڕوی هونەرییەوە تەواوبووە و هیچ گرفتێكی نییە، ئەوەی ماوەتەوە رێككەوتن و بڕیاری حكومەتی عیراقە بۆ گواستنەوەی غاز.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە حكومەتی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "حكومەتی عیراق لە ئێستادا سەرقاڵی دانوستان و گرێبەستكردنە لەڕێی كۆمپانیایەكەوە لەگەڵ كۆمپانیای دانەغاز بۆ گواستنەوەی 100 ملیۆن پێ سێ جا غاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ كەركوك، هەنگاوەكان چونەتە پێشەوە، رەنگە ئەوەش هۆكاری راگەیەنراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم بێت".
وتیشی "ئەوەی رونە ئەوەیە حكومەتی عیراق سورە لەسەر ئەو هەنگاوەیی و دەیەوێت لە نزیكترین كاتدا گرێبەست بكات، چونكە ئامادەكارییەكان لە راكێشانی بۆری غاز تەواوبووە".
حكومەتی عیراق سورە لەسەر ئەو هەنگاوەیی و دەیەوێت لە نزیكترین كاتدا گرێبەست بكات
بۆری راكیشانی غاز لە نێوان كۆرمۆر و جمبور مێژووەكەی بۆ ساڵانی هەشتاكانی رابردوو دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا نۆژەنكراوەتەوە و لقێكی لە كێڵگەی جەمبورەوە بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای ناحیەی تازە لێ كراوەتەوە و ئامادەیە بۆ گواستنەوە.
پێشتر سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكور، بە (كەركوك ناو)ی وت "غازەكە بەهیچ شێوەیەك بۆ فرۆشتن نییە، تەنیا لە ناوخۆدا و بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی وزەی كارەبای وێستگەكە بەكاردەهێنرێت".
وەزارەتی نەوتی عیراق لە 5ی تشرینی دووەمی 2023و لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە لە تەواوكردنی پڕۆژەی راكێشانی بۆری گواستنەوەی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی كارەبای غازی كەركوك كە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایە لە پارێزگای كەركوك.