فەرماندەی پۆلیسی كەركوك ئاشكرایدەكات كە ئەو شۆفێرە دەدەنە دادگا كە بە ئۆتۆمبێلەكەی لە پۆلیسیكی هاتۆچۆیدا و 300 مەتر لەگەڵ خۆیدا بردویەتی و برینداری كردووە، وتی "لای ئێمەوە لێبوردن نییە".
چوارشەممە 22ی ئایار، شۆفێرێك بە ئۆتۆمبێلەكەی لە نزیك مۆڵ ئۆف كەركوك لە پۆلیسێكی هاتوچۆیدا و برینداریكرد، دوای هەڵهاتنی لە كەمتر لە كاتژمێرێكدا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا، ئەوەش چوارەمین هێرش بوو كە لە ساڵی 2021ەوە كرابیتە سەر پۆلیسی هاتوچۆ و فریاكەوتن لە كەركوك.
روداوەكە چۆن بوو؟
لیوا كاوە غەریب، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كەركوك ناو)ی وت كە شۆفێرەكە بەشێوەیەكی نایاسایی ئۆتۆمبێلەكەی بەكارهێناوە، بەو هۆیەوە پۆلیسەكە پسوڵەی سەرپێچی دارایی بۆ كردبوو. "دواتر پێشێلكاریی بەرامبەر پۆلیسەكەش كردبوو... پۆلیسەكە ناچاربووە رێگە لە شۆفێرەكە بگرێت، بەڵام شۆفێرەكە پەلاماری داوە و بەشێوەیەكی دڕاندانە و بە ئۆتۆمبێل لە پۆلیسەكەی دابوو و 300 مەتر لەگەڵ خۆی بردبوی".
بەپێی ڤیدیۆی روداوەكە كە دواتر بڵاوكرایەوە، پۆلیسەكە لەسەر بۆنیتی ئۆتۆمبێلەكەیە و سەیارەكەش بە خێرایی دەڕوات، تا پۆلیسەكە دەكەوێتە سەر زەوی، بەو هۆیەوە بۆ نەخۆشخانە دەگوازرێتەوە.
دوای كەمتر لە كاتژمێرێك شۆفێرەكە دەستگیركرا و پۆلیسەكەش دوای وەرگرتنی چارەسەر گەڕێنراوەتەوە ماڵ.
لیوا كاوە غەریب، وتی "ئێمە رێگای دادگا دژ بە شۆفێرەكە دەگرینەبەر، بۆ ئەوەی جارێكی تر ئەم جۆرە كارانە دوبارە نەبیتەوە".
بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی 38ی یاسای هاتوچۆی ژمارە 8ی ساڵی 2019، هەركەسێك هێرشبكاتە سەر كارمەندی هاتوچۆ كە لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكەیدا بێت، ئەوا زیندانیدەكرێت كە لە ساڵێك زیاتر نەبێت. بەڵام ئەگەر بەو هۆیەوە برینداربێت و ئازاری پێبگات، یان جلە فەرمییەكانی بدرێت، ئەوا سزاكەی توندتر دەبێت.
هەروەها بەپێی ماددەی 230ی یاسای سزادانی عیراقی، كە تایبەتە بە سوكایەتیكردن بە فەرمانبەرانی دەوڵەت لەکاتی ئەرکدا. ئەوا سزای شۆفێرەكە كەمتر لە سێ ساڵ زیندانیكردن دەبێت، یان غەرامەكردن.
جەختكردنەوەی فەرماندەی پۆلیسی كەركوك بۆ پەنابردن بۆ دادگا، لەكاتێكدایە لە ساڵی 2021ەوە چوار حاڵەتی ئەشكەنجەدان و لێدان لە پۆلیسی هاتوچۆ و فریاكەوتن لە كەركوك تۆماركراوە.
چوار پێشێلكاریی لە سێ ساڵدا
لە سەرەتای ئەمساڵ شۆفێرێك كە ئۆتۆمبێلەكەی بە نایاسایی لە نزیك نەخۆشخانەی نەسر لە ناوەندی كەركوك راگرتبوو، ئامادەنەبووە بڕیارەكانی پۆلیسەكە "جێبەجێ بكات و گوێی بۆ بگرێت"، بۆیە دواتر "بەئەنقەست" پۆلیسەكەی هاتوچۆی شێلا و هەڵهات.
لە 13ی ئابی 2022دا لە بازاڕی حەسیرەكەی كەركوك، دوای ئەوەی پۆلیسێكی هاتوچۆ داوای مۆڵەت و ساڵانەی ئۆتۆمبێل لە شۆفێرێك كرد، كە ئۆتۆمبێلێكی جامڕەشی پێبوو، شۆفێرەكە ئامادەنەبوو بەڵگەنامەكانی پێبدات، بەو هۆیەوە بووە دەمەقاڵێیان و بە مۆبایلەكەی لەسەر پۆلیسەكەیدا و برینداری كردووە.
شەوی 5ی ئایاری 2021یش ژمارەیەك ئەندام و پاسەوانانی بەرەی توركمانی عیراقی لە نێویاندا كوڕی یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی بەرەی توركمانی، هێرشیانكردە سەر مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن و لەكاتی ئەركدا سوكایەتییان پێكردن، دواتر دووان لەو پاسەوانانە دەستگیركران و درانە دادگا.
پێشێلكارییەكان زیادبون
لەباری هۆكاری ئەو پێشیلكارییانە، لیوا كاوە غەریب وتی "لەڕاستیدا ئاستی رۆشنبیریی هاوڵاتیان كەمە و هەمیشە دەیانەوێت سەرپێچی بكەن، لەكاتێكدا لەم دوو ساڵەدا گەشەی پۆلیسی هاتوچۆ لەسەر شەقامەكان زیاتر بووە و ئەگەر نەتوانین یاسا بە هاوڵاتیان جێبەجێ بكەین، لە تیژڕەوی و سەرپێچی، ناتوانین گیانیان بپارێزین".
وتیشی "روداوەكەی مانگی یەكی ئەمساڵ بە سزادانی شۆفێرەكە لەلایەن دادگاوە كۆتایی هات و زیندانیكرا".
"لای ئێمەوە لێبوردن بۆ هیچ كەسێك نییە، هەركەسێك هێرشبكاتە سەر هەر كارمەندێكی پۆلیس، پۆلیسی فریاكەوتن و هاتوچۆ دەیدەینە دادگا"، لیوا كاوە غەریب وایوت.
روداوەكەی مانگی یەكی ئەمساڵ بە سزادانی شۆفێرەكە لەلایەن دادگاوە كۆتایی هات و زیندانیكرا
داواشی لە میدیاكان كرد، هۆشیاریی بەرامبەر بە رۆڵی پۆلیس و ئەركەكانیان بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتیان بڵاوبكەنەوە و وتی "زۆر سوپاسی سایتی (كەركوك ناو) دەكەین كە دەتوانین لەڕێی ماڵپەڕەكەیانەوە هۆشیاریی و داواكارییەكانمان بە هاوڵاتیان بگەیەنین و لێرەوە جارێكی تر داوا لەهاوڵاتیانی كەركوك دەكەین یارمەتی و هاوكاری هێزەكانی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ بكەن، رێژەی دانیشتووان زۆربووە، ئەوەش وایكردووە ئۆتۆمبێل زۆر بێت و ئەركی ئەوان قورس بێت، ماڵ هەیە پێنج ئەندامن و هەر پێنجیان ئۆتۆمبێلی خۆی هەیە، ئەمەش قەرەباڵغی دروستدەكات".