پێنج كچەكەی گوندی (ئوم زیبان)ـی نەینەوا، بە ئامادەبونی فەرماندەكانی سوپا چواریان بۆ نێو كەسوكاریان گەڕانەوە و تەنیا یەكێكیان لای یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) مایەوە.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە بۆ (كەركوك ناو) نێردراوە، بە نێوەندگیری سوپای عیراقی و ئامادەبونی لێپرسراوانی یەبەشە، پێنجشەممە 30ـی ئایار ئەو پێنج كچە، یەك بە یەك سەرپشك دەكرێن لەنێوان گەڕانەوە بۆ نێو كەسوكاریان یاخود مانەوەی لای یەبەشە، تەنیا یەكێكیان ئامادەنییە هاوشێوەی هاوڕێیەكانی جارێكیتر باوەش بە باوك و دایكیدا بكاتەوە و بگەڕێتەوە.
ئازاد حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری سەر بە یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)، رەتیكردەوە هیچ كەسێكیان رفاندبێت، یان دەستگیركردبێت وەكو لە ژمارەیەك میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە.
ئەوەش لە كاتێكدایە 29ـی ئایار، ژمارەیەك لە خەڵكی گوندی (ئوم زیبان)ـی ناحیەی گرعوزێر لە قەزای بەعاج، کۆبوونەوە و کەوتنە ئامادەباشی بۆ وەرگرتنەوەی کچەکانیان و چەکیان هەڵگرت، لەبەرامبەریشدا هێزە ئەمنیەکان لەناوچەکە کۆبوونەوە بۆ بەرگریکردن لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
ڤیدیۆ: نەینەوا/ ئایاری 2024/ سەرپشك كردنی پێنج كچ لە گوندی ئوم زیبان لە نێوان مانەوە لای یەبەشە یاخود گەڕانەوە بۆ نێو كەسوكاریان
لێپرسراوەكەی خۆبەڕێوەبەری كە بەناوی یەبەشەوە لێدوانی دا، دەڵێت ئەو كچانە "بە خواست و ئارەزوی خۆیان پەیوەندییان بە هێزەكانمانەوە كردووە و جەختیان لەوەكردۆتەوە هیچ كەسێك فشاری لێنەكردون و نەڕفێنراون"، ئازاد حسێن وتی "ئێمە هیچ كاتێك نە ژنان و كچان و نە هیچ كەسێك ناڕفێنین، بە گشتی خەڵك خۆی ئارەزو دەكات پەیوەندییمان پێوەبكات".
یەبەشە، بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ناودەبرێن و بەشێك لە خەڵكی ناوچەكە پێكهێنەری سەرەكین تیایاندا، بەڵام لە ژێر ركێفی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالدا كاردەكەن.
پێشتر سەرچاوەیەك لە كەسوكاری ئەو پێنج كچە بە (كەركوك ناو)ی وت "چەند رۆژێك لەمەوبەر كچەكانمان چونەتە رێزی هێزەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) ئەوەش لە بەرامبەر موچەیەكی مانگانە و بەبێ ئاگاداری كەسوكاریان".
گوندی (ئوم زیبان) دانیشتوانەكەی لە پێكهاتەی عەرەبن، دەكەوێتە سەر سنوری عیراق – سوریا.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی شنگال كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو کچانە بە ئارەزوی خۆیان پەیوەندییان بە یەبەشەوە كردووە، بەڵام كەسوكاریان نایانەوێت بڵێن كچەكانیان خۆیان رۆیشتون بۆیە هەڕەشەیان كرد كە دەبێت رادەست بكرێنەوە".