زۆرینەی گەنمی جوتیارانی ئەلقوش و شێخان وەرناگیرێت

نەینەوا/ ئایاری 2024/ وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە سایلۆ حكومییەكاندا فۆتۆ: وەزارەتی بازرگانی

عەمار عەزیز – نەینەوا

تەنیا سێیەكی بەرهەمی گەنم لە جوتیارانی گوندەكانی شێخان و ئەلقوش وەردەگیرێت، بەهۆی نەبونی شوێن، هەروەها رێكنەكەوتنی هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، ئەمساڵ لە ناحیەی ئەلقوش و گوندە كشتوكاڵییەكانی سەر بە قەزای شێخان لە نەینەوا، نزیكەی 200 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهێنراوە و تائێستا تەنیا شوێن بۆ وەرگرتنی 65 هەزار تۆن گەنم دیاریكراوە.

خالد بیبۆ، بەڕێوەبەری سایلۆی شێخان -لەروی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای دهۆكە- بە (کەرکوك ناو)ـی وت "تائێستا حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر وەرگرتنی بڕی گەنم رێکنەکەوتن، هەر ئەوەش هوکاری وەرنەگرتنی گەنمی جوتیارانە لەلایەن سایلۆكانەوە"، سایلۆكانی سەر بە حكومەتی هەرێم لە دهۆك هەریەك لە سایلۆی شێخان، فایدە و زاخۆ-ـن.

"وەك كارئاسانی بۆ بەرهەمی گەنمی ئەلقوش و شێخان، گۆڕەپانی رۆڤیا-ـی دهۆك تەرخانكراوە تا گەنمەكانیان وەربگرێت، كە حكومەتی فیدراڵی سەرپەرشتی دەكات، بەڵام توانای وەرگرتنی 65 هەزار تۆن گەنمی هەیە لە كاتێكدا بەرهەمی ئەو ناوچانە دەگاتە 196 هەزار تۆنم، بەوپێیەش بێت 131 هەزار تۆن دەمێنێتەوە" بەوتەی بیبۆ.

rovia

گۆڕەپانی رۆڤیا بۆ وەرگرتنی بەرهەمی گەنم فۆتۆ: راگەیاندنی ئیدارەی دهۆك

حكومەتی عیراق یەك تۆن گەنم بە 850 هەزار دینار لە جوتیاران وەردەگرێت بەڵام لە بازاڕدا بازرگانان یەك تۆن بە 650 هەزار دینار دەكڕنەوە.

سریان سەفەر ئەلیاس، بەرێوەبەری كشتوكاڵی ئەلقوش بە (كەركوك ناو)ـی وت "بڕیاردراوە گۆرەپانی رۆڤیا بەڕوی بەرهەمی گەنمی جوتیاراندا بكرێتەوە بەڵام هێشتا دیارنییە كەی سایلۆی شێخان دەكرێتەوە، چونكە هەرێم و بەغدا رێكنەكەوتون".

گەنمی ئەلقوش ساڵی رابردوو بەشێكی رەوانەی سایلۆی بازوایا دەكرا، بەڵام ئەمساڵ بازوایا وەریناگرێت، چونكە بەپێی پلانی حكومەتی عیراق ئەو سایلۆیە بۆ گەنمی ناوچەكانی باشیك، بەرتڵە و تلكێف دانراوە.

ئەلیاس دەڵێت سایلۆی شێخان، كە دەروازەیەكی تری ساغكردنەوەی گەنمی جوتیارانی ئەلقوشە و توانای وەرگرتنی 107 هەزار تۆنی هەیە، هێشتا نەكراوەتەوە و بەوهۆیەوە چارەنوسی ساغكردنەوەی گەنمی جوتیاران نادیارە، چونكە ناكۆكی هەیە، "هەرێمی كوردستان، داوادەكات حكومەتی فیدراڵی یەك ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمەوە وەربگرێت بەڵام بەغدا قایل نییە و بەهۆیەوە سایلۆكان ناكرێنەوە".

پارێزگای نەینەوا بە گشتی، بە ناوچەیەكی دەوڵەمەندی كشتوكاڵیی هەژماردەكرێت، كە بەپێی دەزگای ناوەندی ئامار، سەدا 40ـی دانیشتوانەكەی گوندنشینن و چاوەڕواندەكرێت ئەمساڵیش پارێزگاكە هاوشێوەی ساڵانی پێشوو لە بەرهەمهێنانی گەنم یەكەمی عیراق بێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT