ئاوارە گەڕاوەكان كارەبایان نییە

نەینەوا/ ئایاری 2024/ شەقامێكی سەرەكی كۆمەڵگەی دوگرێ لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگال فۆتۆ: لەیس حسێن

لەیس حسێن – نەینەوا

نزیكەی 50 خێزانی ئاوارەی شنگال، لە زێدی خۆیاندا روبەڕوی كێشەی نەبوونی كارەبا بونەتەوە، دوای گەڕانەوە و بەجێهێشتنی سەختییەكانی ژیانی ناو كەمپ.

ئەو خێزانانە كە ئێزیدیین و نزیكەی 10 ساڵ لە ژیانی ئاوارەیی و ژێر خێوەتدا بون لە هەرێمی كوردستان، لە مانگەكانی رابردودا گەڕاونەتەوە بۆ كۆمەڵگەی دوگرێ لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگال، بەڵام لەوێش نەبونی خزمەتگوزاری لە نێویاندا كارەبا، تەنگی پێهەڵچنیون.

"لەوەتەی گەڕاوینەتەوە تائێستا كارەبای نیشتمانییمان نییە" یوسف موراد بۆ (كەركوك ناو) وای وت، ئەو مانگێكە لەو بارودۆخەدایە، لەكاتێكدا پلەكانی گەرما لەو ناوچانەدا نزیكبۆتەوە لە 40 پلەی سیلیزی و لە ناوەڕاستی هاویندا زیاتر دەبێت.

یوسف خەڵكی رەسەنی كۆمەڵگەی دوگرێ-ـیە، هەر ئەو نا، بەڵكو 50 خێزانی دیكە هەمان كێشەیان هەیە، "ئەو خێزانانە كە ئاوارەین و گەڕاوینەتەوە، کارەبای نیشتمانیمان نییە و هێڵی كارەباش بە ناوچەكانی ئێمە نەگەیشتووە"، ئەوان سەردانی لایەنی حكومییان كردووە بەڵام هێشتا چارەسەری كێشەكە نادیارە.

زۆربەی هێڵەكانی دابەشكردنی کارەبای كۆمەڵگەكە لەناوچوون

لە سەرەتای ئەمساڵەوە نزیكەی 800 خێزان لە كەمپەكانی ئاوارەییەوە بەرەو ناوچەكانی لە شنگال گەڕاونەتەوە، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بڕیاری حكومەتی عیراق بۆ داخستنی تەواوی كەمپەكان لە تەمموزی ئەمساڵدا.

حەجی موراد، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبا لە ناحیەی سنونێی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "زۆربەی هێڵەكانی کارەبا لەناوچوون بەهۆی هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەکە، بۆیە خەریکی راكێشان و گەیاندنی هێڵی کارەباین بۆ ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە"، ئەو دەڵێت رێژەی دانیشتوانی كۆمەڵگەی دوگرێ زیادیكردووە و ئەو چارەسەرەی ئێستا دەیكەن، تەنیا كاتییە نەك چارەسەری یەكجاری.

هەروەها وتی، گلەیی هاوڵاتیانیان بە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای دەوروبەری نەینەوا گەیاندووە، چاوەڕێی هەنگاوەكانی ئەوان دەكەن تا تەواوی هێڵەكانی كارەبای دوگرێ چاكبكەنەوە.

کۆمەڵگەی دوگرێ، سەر بە ناحیەی سنونێ-ـیە و بەدوری 70کم دەکەوێتە باکووری سەنتەری قەزای شنگال و پێش هێرشەكانی ئابی 2014ـی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش"، ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 25 هەزار كەس بوون و هێشتا بەشێكی زۆریان ئاوارەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT