لەمەودوا هاتوچۆی بارهەڵگرەكانی هەردوو خاڵی گومرگی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران لە بازگەی گومرگی سەد دەبێت كە لە نێوان هەردوو پارێزگای نەینەوا و دهۆك دروستدەكرێت، شۆفێران جگە لەو بازگەیە لە هیچ شوێنێكی تر راناگیرێن و گومرگ-یان لێوەرناگیرێت.
ئەو بڕیارە لە كۆبونەوەیەكی راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دەروازەكان و گومرگ و خاڵە سنورییەكاندا هات لەگەڵ دەستەیەكی دەروازە سنورییەكان، لە ئایاری رابردوو، ئەوەش دوای ناڕەزایی شۆفێران و خۆپیشاندانیان لە چەند پارێزگایەكی عیراق لەوانەش كەركوك و نەینەوا.
محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیكەی دوو هەفتەیە شارەوانی نەینەوا سەرقاڵی دروستكردنی دەروازەكەیە، بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە كارەكانی دەروازەكە تەواوبێت".
دەرەوازەكە لەسەر روبەری 14 دۆنم زەوی دروستدەكرێت و دەكەوێتە سێ ریانی بەنداوی موسڵ. لەوێ پشكنین بۆ بارهەڵگرەكان دەكرێت لەڕێی ئامێری سۆنەر.
محەمەد جاسم، وتی "دەبێتە تاكە دەروازە بۆ هاتوچۆی بارهەڵگرەكان لە موسڵەوە بۆ كەركوك و سەڵاحەدین و بەغدا، بۆ نمونە لەمەودوا ئەگەر بارهەڵگر لە توركیا و سوریاوە بێت ناتوانێت بە هەولێردا بڕوات و دواتر بچێت بۆ كەركوك و بەغدا، دەبێت بە دەروازەی سەد-دا بڕوات، ئینجا بۆ شارەكانی تری ناوەراست و خواروی عیراق، لەم دەروازەیە نوسراوێكی پێدەدەرێت تا دەگاتە شوێنی مەبەست لە هیچ شوێنێكی تر راناگیرێت".
"ئیتر ئەم دەروازەیە لەسەر ئاستی عیراق فەرمی دەبێت، گومرگ لە بارهەڵگرەكان وەردەگرێت، نیوەی داهاتەكەی بۆ ئەو پارێزگایە دەبێت كە دەروازەكەی لێ دروستكراوە، نیوەكەی تری بۆ حكومەتی ناوەند دەبێت".
هەر بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی عیراق، لەمەودوا هەموو ئەو بارهەڵگرانەی لەڕێی باشماخ و پەروێزخان-ەوە كەلوپەل هاوردە دەكەن تەنیا دەبێت لە رێگای بازگەی باوە مەحمود-ەوە تێپەڕبن.