لەگەڵ تاریك و لێڵی بەیانیدا، دایە ئامینە لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و بەر لەوانی تر، بازاڕ بە سەوزە و میوەی تازە ئاوەدان دەكاتەوە.
زیاتر لە 27 ساڵە دوكاندارە لە كفری، بە پارەی رەنجی شانی خۆی دەژی و بۆ ساتێكیش قایل نییە دەست لە كەس پان بكاتەوە.
"ئەوكات گەنج بووم، تاكە ژن بووم هاتمە بازاڕ و بووم بە دوكاندار، لای كەسوكار و خزم و خەڵك سەیر بوو، تا بڵێی قورس بوو، بەرگەی قسەی ناشرین و پێكەنینی خەڵك و زۆری سەختی ترم گرت" ئامینە نوری، وای وت.
ئەو لە یەككاتدا تەحەدای كەسوكار، دەوروبەر و هەندێك لە دابونەریتی كۆمەڵگەكەیشی كرد، نەوەستا و بەردەوام بوو، تا ئەوكاتەی خەڵك نەك قەدری دەگرن، بە "دایە ئامینەكەی كفری" بانگیی دەكەن.
"وەختی خۆی مێردەكەم لەسەر دوكان بوو، منداڵمان نەبوو، ئەو كۆچی دواییكرد و منیش نەمهێشت كەس بچێتە شوێنەكەی، دوكانەكەم بەڕێوەبرد، هەرچەند رێگری زۆر هەبوون، خوشك و برا وتیان وەرە بەخێوت دەكەین، من قایل نەبوم".
"ئەوكات لە كفری عەیب بوو ژن ئیش بكات، بەس من ئەو رێچكەیەم شكاند، ئێستا هەر ئەوانەی پێشترن كە رێزم دەگرن، لە خوشك و برا و زۆر كەسی تر" دایە ئامینە دەڵێت، ژن و پیاو هیچ جیاوازییەكیان نییە و پێویستە كاربكەن، بەبێ گوێدانە توانج و رێگریی خەڵك.
لە دوكانەكەیدا سەوزە و میوە دەفرۆشێت، لەگەڵ هەندێك پێداویستی دیكەی ماڵ لەوانە گسك و جێ نان و شمەكی تر، هەر خۆیشی پێداویستییەكانی دوكانەكەی دەكڕێت، "ئیشەكەم قورسە، بەڵام قبوڵمە و شانازی پێوە دەكەم"، دایە ئامینە روی دەمی لە ژنانی دیكەیە و دەڵێت؛ با لەسەر پێی خۆیان بوەستن و كاربكەن.
شارەكەی دایە ئامینە، قهزای كفری ـیە، كه مێژوی دروستبونی لە شوێنی ئێستایدا بۆ نزیکەی دووسەد ساڵ لەمەوپێش دهگهڕێتهوه، یهكێكه له شاره مێژوییهكانی "ناوچهكانی جێناكۆك" لە پارێزگای دیالە، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
بە دوری نزیكەی 50 كیلۆمەتر لە شارەكەی دایە ئامینەوە، لە گوندی سەید خەلیل-ـی قەزای كەلار، چیرۆكی میمكە خاوەر هەیە، كە بە پێداگری زۆری خۆی بۆتە دوكاندار و ساڵانێكیشە بژێوی خێزانەكەی پەیدا دەكات.
لە نێو نزیكەی 25 خێزانی ئەو گوندەدا، خاوەر محەمەد دوكانێكی بچوكی كردۆتەوە، هەرچی پێداویستی رۆژانە هەیە لایەتی، لە خواردن و خۆراكی وشكەوە تا بابەتی پاككردنەوە، وایلێهاتووە لە گوندەكانی ترەوە، هەندێكجار كڕیار روی تێدەكەن.
ئەو بە میمكە خاوەر بانگیی دەكەن، دایكی سێ منداڵە و دەمێكەیە هاوسەرەكەی بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت كاربكات، هەرچەندە سەرچاوەی سەرەكیی بژێوییان لەسەر ئاژەڵداری و كشتوكاڵ بوو، بەڵام زیاتر حەزی بە دوكانداری هەبوو، باسی نزیكەی 20 ساڵ لەمەوبەر دەكات كە چۆن "فكرەی ئیشی بازرگانی كەوتە مێشكم، بەس نەمدەزانی چۆن دەستپێبكەم".
سەرەتا دەچێتە بازاڕی شار، لەوێ و لەسەر سینییەكی بچوك نوقڵ و گوڵەبەڕۆژە دەفرۆشێت، تا پێنج ساڵ و ناوبەناو بەوشێوەیە بەردەوام دەبێت، تا دەبیستێت خولێكی راهێنان و هاوكاری ژنان بۆ كاری سەربەخۆ هەیە لە شار، "بەخۆمم وت نابێت ئەم هەلە لە دەستبدەم.." خاوەر دەڵێت سەرباری دوری و ژیانی گوند، بەڵام كۆڵی نەداوە و بەشداریكردووە.
"لە خولەكە فێربوم چۆن ببمە خاوەنی كاری خۆم، دوایی شەش كورسی پلاستیكیان پێدام لەگەڵ 500 هەزار دینار، منیش بەو پارەیە لەناو ماڵەكەم خۆم لە گوند دوكانم كردەوە، دیواری حەوشەكەم ڕوخاند، بلۆكم كڕی و ژورێكم لێی دروستكرد و ناوملێنا دوكان" میمكە خاوەر بۆ (كەركوك ناو)، وای وت.
خەونەكەی ئەویش بی رێگریی و قسەی كەسوكار و خەڵك نەبوو، بەڵام هێندەی حەز بە دوكانداری هەیە، ئەگەر جارێك ئۆتۆمبێلیشی دەستنەكەوێت، بەپێ 15 كیلۆمەتر رێگا ئەڕوات تا دەگاتە شار و شمەكی دوكانەكەی دەكڕێت.
زۆرینەی كات هەر خۆی لە دوكانە، جاربەجاریش كوڕ و كچەكانی دادەنێت، چونكە رۆژانە دەبێت چاوێكیشی لەسەر ئاژەڵداری و كاری شوانی بێت.
"هەتا ئەو ڕۆژەی لە ژیاندابم دەست لەكاری دوكاندارییەكەم هەڵناگرم، ئەوە ئاواتی من بوو، كە ببمە خاوەنی كارو داهاتی خۆم، بژێوی خۆم و خێزانەكەشم دابیندەكەم" خاوەر محەمەد، هانی ژنانیش دەدات چاویان لە دەستی كەس نەبێت و شانبەشانی پیاو كاربكەن.