دۆسییەی سوتاندنی بازاڕەكانی هەرێم و كەركوك
پەكەكە تۆمەتەكان رەتدەكاتەوە و یەكێتیش خۆی لێ بێبەری دەكات

كەركوك/ 19ی ئایاری 2024/ سوتانی بازاڕی قیردار، بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دوكان سوتان. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، تۆمەتباركردنیان لەلایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هەرێم بە سوتانی بازاڕەكانی كەركوك، هەولێر و سلێمانی و دهۆك رەتدەكاتەوە و بە "بێ بنەما" وەسفیان دەكات، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیش خۆی لەو ئەفسەرەی دژە تیرۆری سلێمانی بێ بەری دەكات كە لەسەر هەمان كەیس دەستگیركراوە.

هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا كە دووشەممە یەكی تەمموز لە بەغدا رێكیانخست، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بە "پلاندانەر و جێبەجێكاری"ـی ژمارەیەك روداوی سوتاندنی بازاڕ و شوێنی گشتی لە شارەكانی كەركوك، هەولێر و دهۆك ناوبرد، ئەوەش دوای دەستگیركردنی سێ تۆمەتبار كە دوانیان كادیری هێزە ئەمنییەكانی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانن.

میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی، ئەو گروپەی دەستگیركراون و لە سێ كەس پێكدێن، دەستیان لە سوتاندنی چەندین بازاڕ و شوێنی دیكەدا هەبووە لە كەركوك، لە نێویاندا كەوتنەوەی ئاگرێك كە بەهۆیەوە 27 دوكان و 14 كۆگا سوتان، بێجگە لە سوتاندنی بازاڕ لە هەولێر و دهۆك، پلانیان هەبووە لە داهاتووشدا، لەو شارانە و لە بەغدای پایتەختیش كردەوە ئەنجامبدەن.

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە "ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایانە رەتدەكەینەوە، كە هەمووان دەزانن ئەم هێرشە لە لایەن دەزگای هەواڵگری توركیا (میت) و رێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان (پاراستن)وە ئەنجام دراون"، زیاتر هاتووە "پەكەكە بە خۆڕاگریی و هەڵوێستە پرەنسیپی و یەكگرتووەكانی بە تێپەڕبوونی كات سەلماندی، كە هێزێكە جێگەی متمانەی گەلانی كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە".

پەكەكە "بە قوڵی" ناڕازیی خۆیان لەو بەیاننامەیەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق نیشاندەدەن و دەڵێت بزوتنەوەكەیان بە هەموو توانای خۆیەوە بۆ پاراستنی خەڵكی عیراق و گەلی كورد لە شەڕی داعش-دا بەشداریی كرد و تەنانەت سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بۆ ئەوە سوپاسی كردین.

جارێكی تر جەختدەكاتەوە لەوەی "ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕ و گوندەكانی كەركوك و هەولێر و دهۆكمان سوتاندوە، هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە". بۆیە داوا لە دەوڵەتی عیراق و وەزارەتی ناوخۆ دەكات كە بەرپرسیارانە بەرامبەر "رێنماییەكانی هەواڵگری توركیا مامەڵە بكەن" و تاوانبارانی راستەقینە ئاشكرا بكەن.

داوا لە دەوڵەتی عیراق و وەزارەتی ناوخۆ دەكەین بەرپرسیارانە بەرامبەر رێنماییەكانی هەواڵگری توركیا مامەڵە بكەن

هەر لەو كۆنگرەیەدا هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی "لەو سێ كەسە یەكێكیان كە سەرپەرشتیی كردون، ناوی (ه، ف، ئـ)ـە، "كارمەندی یەكەی 70 (هێزی پێشمەرگەی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان)ـە، یەكێكی دیكەشیان ناوی (م، ن، ح)ـە، كە ئەفسەرە لە هێزەكانی دژەتیرۆری سلێمانی".

tomatbar
بەغدا/ 1ـی تەمموزی 2024/ نیشاندنی سێ تۆمەتبار بە روداوەكانی سوتاندنی بازاڕەكانی كەركوك، هەولێر و دهۆك لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عیراق و هەرێمی كوردستان فۆتۆ: وەزارەتی ناوخۆ

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئێوارەی دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی "ئەو کەسەی دەڵێن سەر بە دژە تیرۆری یەكێتییە، پێشتر لە دژە تیرۆر دەرکراوە، هەموو ئیمتیازاتێکی لێوەرگیراوەتەوە... تۆمەتبارکردنی یەکێتیی لەو دۆسییەیەدا بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن".

پیرە جەختیكردەوە "وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەهیچ جۆرێک ناوی یەکێتی نەهێناوە... تەنیا بەڕێوبەری دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، وەک بانگەشەی هەڵبژاردن ناوی دژەتیرۆر و هێزەکانی ٧٠ی هێناوە".

هاوكات هێزەكانی 70ی یەكێتی لە رونكردنەوەیەكدا لەسەر تۆمەتباركردنی كارمەندێكیان لەو كەیسەدا، دەڵێت "بە هیچ شێوەیەک، دور و نزیک هێزەکانمان پەیوەندییان بەو روداوانەوە نییە"، زیاتر هاتووە "ئەم کەسانە نە لەژێر فەرمان و چەتری ئێمە و هیچ هێزێکیترمان ئەو کارەیان کردووە و نە پەیوەندیی بەهێزەکانمانەوە هەبووە".

لە روداوەكانی كەركوكدا، بەوتەی عەمید میقداد میری، دەستگیركراوەكان دانیان بەوەداناوە "لە 10ـی تشرینی یەكەمی 2023ـدا هەوڵیانداوە مۆڵی كەركوك بسوتێنن، لە 7ـی نیسانی ئەمساڵیش هەوڵێكی دیكەیان بۆ سوتاندنی هەمان مۆڵ هەبووە، هەروەها لە 3ـی ئایاری 2024ـدا تەلاری ئیسماعیل دەروێش-ـیان لە كەركوك سوتاندووە".

هەمان گروپ لە ساڵانی 2023 و 2024ـدا چەندین بازاڕ و شوێنیان لە هەرێمی كوردستان سوتاندووە، لەوانە بازاڕی بالەی هەولێر و بازاڕی چەلێی دهۆك. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT