"بودجە مافتە" پڕۆژەیەكی نوێی چاودێریكردن و بەدواداچونە كە لە چوار پارێزگای عیراق و لەلایەن (رێكخراوی وادی ئەڵمانی) و دەزگای ميدیایی (كەركوك ناو)، بە پاڵپشتی و کۆمەکی پەیمانگای دیموکراسی نیشتمانی - NDI - جێبەجێدەكرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی تەمموز ستافی رێكخراوی وادی ئەڵمانی و دامەزراوەی (كەركوك ناو) دەستپێكی پڕۆژەكەیان لە بینای ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك راگەیاند و لە راگەیەنراوێكدا جەختیانكردەوە لەوەی "پڕۆژەیەكی گرنگ و وابەستەیە بە ژیانی هاوڵاتیان".
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا كە ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لێپرسراوانی حكومی و ژمارەیەك رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی و دەزگاكانی راگەیاندن ئامادەی بون، تیایدا ئامانجی پڕۆژەكە رونكرایەوە. پڕۆژەكە لەیەككاتدا لە هەر چوار پارێزگای كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین جێبەجێدەكرێت.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە "پڕۆژەكە لە 10 مانگدا بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، گرنگترینیان پرسی پێكهێنانی حكومەتە خۆجێییەكان، چاودێریكردنی هەنگاوەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكانە بۆ پەسەندكردنی بودجە و چۆنیەتی دابەشكردنی بودجە بەسەر ناوچەكاندا. لەگەڵئەوەشدا، بەدواداچون دەكەین بۆ شێوازی خەرجكردنی بودجە و چۆنیەتی تەرخانکردنی بەسەر سێكتەرە جیاوازەكاندا".
شۆڕش خالید، لەكاتی خوێندنەوەی راگەیاندنی پڕۆژەكە بە زمانی كوردی. ڤیدیۆ: كەركوك ناو
پڕۆژەكە چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكات لەڕێی ئامادەبوون لە دانیشتنە رێگەپێدراوەكانی ئەنجومەن لەسەر بودجە، هەروەها چاوپێكەوتن و كۆبونەوە لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكان، لێپرسراوان و هاوڵاتیان و بەرهەمهێنانی چەندین بابەتی رۆژنامەوانیی و بەڵگەنامەی ئەكادیمیی لەسەر هەمان پرس.
"هەموو ئەمانە بەمەبەستی زیاتر هۆشیاركردنەوە و ئاگاداربونی هاوڵاتیانە لە كاری ئەنجومەنی پارێزگا"، بەپێی راگەیەنراوەكە.
لەبارەی ئامانجی پڕۆژەكەوە، هاتووە "بەگشتی بۆ زیاتر هاندانی شەفافیەتە لە پرسی بودجە، لەگەڵ خوڵقاندنی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنە لە نێوان هاوڵاتیان، لێپرسراوان، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا لەڕێی ئەم پڕۆژە ناوازەیەوە لە هەر چوار پارێزگای خۆشەویستی کەرکوک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین".
عومەر هیلالی، ئەندامی تیمی پڕۆژەكە لەكاتی خوێندنەوەی راگەیەنراوی پڕۆژەكە بە زمانی عەرەبی. ڤیدیۆ: كەركوك ناو