حكومەتی عیراق بڕیاریدا هەركەسێك زانیاریی "ورد و دروست" لەسەر رفێنراوانی ئێزیدی پێبدات، ئەوا پاداشتی دارایی "زۆر باش"ی بكات.
ئەو دەستپێشخەرییە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری رزگاربووان -سەر بە حكومەتی عیراق- راگەیەنراوە، ئەوەش دوای ئەوە دێت كە هێشتا چارەنوسی دوو هەزار رفێنراوی ئێزیدی نادیارە كە مێژوی رفاندنیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش دەگەڕێتەوە.
شەهاب ئەحمەد، بەڕێوەبەری لقی شنگالی فەرمانگەی کاروباری رزگاربووان بە (کەرکوک ناو )ی وت "وەک هەوڵێک و دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ دۆزینەوەی رفێنراوان، فەرمانگەی کاروباری رزگاربووان ئاگاداری هەر کەسێک دەکاتەوە كە ئەگەر زانیاری ورد و راستی لەسەر شوێنی رفێنراوێکیان پێبدات بە مەرجێک زانیارییەكان ببنە هۆكاری رزگاركردنی ئەو رفێنراوە، ئەوا لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکی باشی پێدەدرێت".
"ناتوانین بڕە پارەکە دیاری بکەین، بەڵام بڕێكی زۆرە، لیژنەیەك سەرپەرشتی پێدانی پارەكە و كۆكردنەوەی زانیارییەكان دەكات، هەر ئەوانیش بڕی پارەكە دیاری دەكەن، چونكە بڕی پارەكە كەوتۆتە سەر ئەوەی ئایا بەهۆی ئەو زانیارییانەوە كەسێك یان چەند كەسێك رزگاردەكرێن".
ناتوانین بڕە پارەکە دیاری بکەین، بەڵام بڕێكی زۆرە
چهكدارانی داعش؛ له ئابی 2014دا دهستیانگرت بهسهر قهزای شنگالدا، شهش ههزار و 417 هاوڵاتی ئێزیدییان رفاند، تائێستا زیاتر له سێ ههزار و 500 ئافرهت و منداڵ و پیاو رزگاركراون و زیاتر لە دوو هەزار رفێنراویش چارەنوسیان دیار نییە، ئەوەش بهپێی ئامارەكانی حكومهتی ههرێمی كوردستان.
شەهاب ئەحمەد جەختیكردەوە لەوەی دەستپێشخەرییەكەیان بۆ ئەوەیە رفێنراوی زیاتر رزگاربكرێت، "ئەمە هەوڵێکی باشە لەپێناو دۆزینەوەی رفێنراوان و لەهەمانکاتدا بڕگەیەکی تر لە یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی بەشێوەی کرداری دەچێتە بواری جێبەجێکردن".
یاسای ژنانی رزگاربوی ئێزیدی لە 1ی ئاداری 2021 له پهرلهمانی عیراق پهسهندكرا و تایبهته به قهرهبوی دارایی و مهعنهوی ئهو خانمانهی لهلایهن داعشهوه رفێنران و روبهڕوی توندوتیژی جیاواز بونهتەوە، ئەوەش به ئامانجی دابینكردنی ژیانێكی شایسته و دوباره تێكهڵكردنهوهیان به كۆمهڵگە.
بەپێی بڕگەیەكی یاساكە لەسەر فەرمانگەی کاروباری رزگاربووان پێویستكراوە، كاربكات بۆ گەڕان و بەدواداچون لەسەر ئەو رفێنراوانەی هێشتا رزگارنەكراون.
لە ئێستادا لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە بە سەروکایەتی زێدان خەڵەف شنگالی، راوێژکاری سودانی و لێپرسراوی مەلەفی شنگال دەستبەكاربووە و شەهاب ئەحمەد-یش ئەندامێكی لیژنەكەیە.
شەهاب ئەحمەد وتی "لە 7ی تەمموزەوە بڕیاری پاداشتكردنی ئەوانەی زانیاریی لەسەر رفێنراوان بە حكومەت دەدەن چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە"، بۆ ئەوەش دەتوانن لەڕێی تەلەفون و نامەوە پەیوەندی بە لیژنەكەوە بكەن.
خەیری بۆزانی، سەرپەرشتاری مەلەفی رفێنراوانی ئێزیدی لە نوسینگەی رزگارکردنی رفێراوان -سەر بە حكومەتی هەرێم- بە (کەرکوک ناو)ی وت "بەڕێوەبەرایەتی کاروباری رزگاربووانی سەر بە حکومەتی عیراق بە هیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئێمەدا ناکات، زانیاریی و داتای خۆیان بە ئێمە نادەن، هەریەكەو بە جیا ئیشی خۆمان دەكەین". جەختیكردەوە "ئێمە پلانی خۆمان هەیە بۆ رزگاركردنی رفێنراوان، بەردەوامیش دەبین تا هەموو رفێنراوان رزگاردەكرێن".