ژمارەیەك لە گەنجانی ناوچەی تاڵەبانی داقوق، داوای هەلیكار لە پرۆژەیەكی كارەبادا دەكەن، كە لەسەر زەوی جوتیارانی ناوچەكە چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە گردبونەوەیەكی ناڕەزاییدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، 24ـی تەمموز گەنجەكان چونە شوێنی كاركردن لە پرۆژەیەكی دانانی وێستگە و تۆڕی دابەشكردنی كارەبا و هەڕەشەی راگرتنی كارەكانیان لێكرد، بەهۆی هێنانی دەستی كار لە دەرەوەی ناوچەكەوە.
حبيب فەتحوڵا، كەسایەتی ناوچەی تاڵەبانییە و دەڵێت پرۆژەكە لەسەر زەوی كشتوكاڵی ئەو دروستدەكرێت، بە (كەركوك ناو)ـی وت "هیچ لاریمان نەبوو لە پێدانی زەوییەكە و قەرەبوونەكراینەوە، بەڵێن بوو گەنجانی ناوچەكە كاری تێدا بكەن، ئێستا لە دەرەوەی قەزاكە كارمەندیان هێناوە، ئەوەش بۆتە مایەی نیگەرانی خەڵك".
ناوچەی تاڵەبانی دەكەوێتە قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك) و ژمارەیەك گوند لە خۆدەگرێت ئەونیش بریتین لە؛ یەنگیجە، عەبدوڵا غانم، عەنانە و سنور بەڵام پرۆژەی كارەباكە دەكەوێتە گوندی یەنگیجە.
محەمەد حەسەن، لێپرسراوی هونەری پرۆژەكە بە (كەركوك ناو)ـی وت "پرۆژەكە كۆمپانیای ئەهلی جێبەجێی دەكات و بەڵێندەر خۆی بەرپرسە كێ بۆ كار دەهێنێت نەك ئێمە"، ئەوەشی رونكردەوە بە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە، كەمی ڤۆڵتییەی كارەبای داقوق چارەسەر دەبێت.
ئەو پرۆژەیە هاوكاتە لەگەڵ جێبەجێكردنی زنجیرەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە گەڕەكە جیاوازەكانی داقوق، كە هەندێكیان بۆ یەكەمجارە ئاوەڕۆ و شەقامیان بۆ دروستدەكرێت.
محەمەد یونس، لێپرسراوی وێستگەی گەڕۆكی كارەبای داقوق بە (كەركوك ناو)ـی وت "دروستكردنی پرۆژەی تۆڕی كارەبای داقوق لەسەر زەوی جوتیارانی ناوچەی تاڵەبانییە و بڕیارە لە ماوەی 730 رۆژدا تەواو بكرێت، كە بە تەواوبونی گرفتی كەمی ڤۆڵتییە چارەسەر دەكات".