بەروبومە ناوخۆییەكانی هاوینە لە پێنجوێن، نرخەكەی بۆ نیوە دابەزیووە بەهۆی هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكییەوە، ئەوەش ناڕەزایی جوتیارانی لێكەوتۆتەوە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، نرخی كیلۆیەك شوتی لە 900 بۆ هەزار دینارەوە بۆتە 400 بۆ 450 دینار، كاڵەك لە هەزار و 100 دینارەوە ئێستا بە كەمتر لە 500 دینار دەفرۆشرێت و كولەكە نزیكەی 500 دینار لە نرخەكەی كەمبۆتەوە.
زانیار عەبدوڵا، جوتیار لە پێنجوێن بە (كەركوك ناو)ـی وت "هەركاتێك نرخی بەروبومی ناوخۆیی بەشێوەیەكی ناسروشتی بەرزببێتەوە ئەوكات سێ بۆ چوار رۆژ خاڵە سنورییەكان بۆ هاوردەكردنی بەروبومی دەرەكی دەكرێتەوە تا نرخ دابەزێت، بەڵام لێرە وانییە، تەنانەت بە لێشاو و بەبێ گومرگ بەروبوم هاوردەدەكرێت"، دەڵێت ئەوە هۆكاری سەرەكیی دابەزینی نرخی بەرهەمەكانیانە.
حكومەتی فیدراڵی عیراق، لە سەرەتای تەمموزەوە بەهۆی مەراسیمەكانی مانگی موحەرەم و یادەكانی شەهیدكردنی ئیمام حوسێن و زیارەتكارانی شیعەوە، دەروازەكانی بەڕوی بەشێك لە بەروبومە كشتوكاڵییەكاندا كردۆتەوە لە نێویاندا شوتی و كاڵەك و خەیار و پیاز، هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە لە كاتی پێگەیشتنی بەروبومی ناوخۆییدا هاوردەكردن قەدەغە دەكات.
بەرهەمەكانی پێنجوێن توانای دابینكردنی پێداویستی بازاڕی هەیە
فواد شێخ محەمەد، خاوەنی عەلوەی سەوزە و میوە لە پێنجوێن بە (كەركوك ناو)ـی وت "بەروبومە كشتوكاڵییەكانی پێنجوێن لەكاتی پێگەیشتنیاندا توانای دابینكردنی پێداویستی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و بگرە عیراقیشیان هەیە، بەبێ ئەوەی هیچ پێویستییەكمان بە هاوردەكردن هەبێت".
هەروەها رونیكردەوە ئێستا هەموو بەرهەمەكانی پێنجوێن بە نیوەی نرخ دەفرۆشرێن، بەراورد بە بەرهەمی ناوچەكانی باشوری عیراق و هەندێك ناوچەی دیكەی هەرێمی كوردستان، "ناتوانین بڵێین جوتیار زەرەر دەكات، بەڵام نرخەكەی زۆر كەمیكردووە".
لە ساڵانی رابردوشدا و لە كاتی پێگەیشتنی بەروبومی ناوخۆییدا، جوتیارانی پێنجوێن زیاتر لە جارێك ناڕەزاییان دژی هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی نیشانداوە.
قەزای پێنجوێن، دەکەوێتە خۆرهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، بە ناوچەیەكی كشتوكاڵی بە پیت، بە تایبەت بۆ سەوزە و میوە هەژماردەكرێت، سنور و دەروازەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران هەیە.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.