توشبوانی ئۆتیزم شوێنی راهێنانیان دەستناكەوێت

سلێمانی/ 2024/ ژمارەیەك منداڵی توشبووی ئۆتیزم لە هۆڵێكی سەنتەری ئۆتیزمی حكومی لە سلێمانی فۆتۆ: پەیجی سەنتەرەكە لە فەیسبوك

غەمگین محەمەد*

تەنیا سەدا 10ـی توشبوانی ئۆتیزم دەتوانن لە سەنتەرە حکومییەکاندا راهێنان وەربگرن، بەهۆی كەمی ژمارەی  سەنتەرەكانەوە لە هەرێمی كوردستان.

شەش سەنتەری راهێنانی توشبوانی ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستان هەیە، هەریەكێكان 15 بۆ 50 منداڵ لە خۆدەگرێت، لە كاتێكدا زیاتر لە چوار هەزار توشبوو هەن.

کەمال جەباری، سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستان بە (کەرکوک ناو)ی وت "سەنتەرە حکومییەکان توانای لەخۆگرتنی سەدا 10ـی منداڵانی توشبووی ئۆتیزمیان هەیە، کە رێژەیەکی زۆر کەمە لەچاو ژمارەی توشبوواندا".

زیاتر لە چوار هەزار منداڵی توشبوو بە ئۆتیزم لە هەرێم هەیە و ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە، بەپێی ئامارێکی رەسمی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی کە بە (کەرکوک ناو) دراوە.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (کەرکوک ناو)ـی وت "ئەو شەش سەنتەرەی لە هەرێمی کوردستانە دەكەونە شارەکانی، هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، دربەندیخان و کۆیە، بڕیاریشە بەم زووانە لە ئاکرێ و کفری سەنتەر بکەینەوە".

autism (3)
سلێمانی/ 2024/ نمایشی ئەو وێنانەی توشبوانی ئۆتیزم كێشاویانە فۆتۆ: سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی

رۆژانە لە سەنتەرە حكومییەكاندا بێبەرانبەر بۆ چەند كاتژمێرێك راهێنان بە توشبوانی ئۆتیزم دەکرێت، بۆ باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، لە بەرانبەردا ژمارەیەک سەنتەری ئەهلیش هەن و بە پارەیە.

سەرۆکی کۆمەڵەی ئۆتیزم دەڵێت "بارودۆخی ئەو خێزانانەی منداڵی ئۆتیزمیان هەیە زۆر خراپە، نرخی راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم لە سەنتەرە ئەهلییەکاندا زۆر گرانە، بۆ هەر منداڵێک لەنێوان 300 دۆلار بۆ 1200 دۆلاردایە و پێویستە لەلایەن وەزارەتەوە رێکبخرێنەوە".

تەنیا لەسەدا 11ـی منداڵانی توشبووی ئۆتیزم موچەی مانگانەیان هەیە، کە بڕەکەی 150 هەزار دینارە و لەساڵی 2012ـەوە مامەڵەی توشبووانی ئۆتیزم لە وەزارەت راگیراوە و موچەیان بۆ نابەسترێت، بەپێی ئامار و زانیارییەكانی کۆمەڵەی ئۆتیزم بۆ (كەركوك ناو).

وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، بەپێی بەدواداچوون دەرکەوتووە، زۆر بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکانی ئایپاد و مۆبایل لەلایەن منداڵان لە تەمەنێكی کەمدا، هەروەها پیسبوونی ژینگە و بۆماوەیی هۆکارەکانی زۆربوونی توشبوونی منداڵانن بە ئۆتیزم.

ئۆتیزم, ئاڵۆزترین حاڵەتی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتە، کە گرفتێکی ژیرییە, پەیوەندی بە گەشەی دەمارەکانی مێشکەوە هەیە و لە مامەڵەی رۆژانەیدا لەگەڵ چواردەورەکەی کێشەی بۆ دروستدەکات.

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT