عومه‌ر چه‌لیک، جێگری سه‌رۆکی پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا رایگەیاند "وەلاوەنانی" تورکمان، عەرەب و پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك تەندروست و قبوڵكراو نییە، جەختدەكاتەوە لەوەی "هه‌ڵبژاردنەكەی كەركوك هه‌ڵه‌یه".
ئەو وتانەی عومه‌ر چه‌لیک، كە هاوكات وتەبیژی پارتی داد‌و گەشەپێدانە بە سەرۆكایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، دوابەدوای كۆبونەوەیەكی دەستەی بەڕێوەبردنی حزبەكە هات كە ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئاب بەڕێوەچوو و خودی ئەردۆغان سەرۆكایەتی كۆبونەوەكەی دەكرد.
چەلیک، لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك، كە تیایدا یەكێتی پۆستی پارێزگاری بەدەستهێنا و لایەنێكی عەرەبیش پۆستی سەرۆكی ئەنجومەن، هاوكات توركمان بایكۆتی كۆبونەوەكەیان كرد، وتی "له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ سیاسه‌تێکی گشتگیر بوین له عیراقدا بەشێوەیەك هیچ که‌سێک به‌ده‌رنەكرێت، ئەو سیاسەتەی یه‌کێتی بۆ دروستکردنی دۆخێکی دیفاکتۆ و وەڵاناوەنانی تورکمان و ده‌رکردنی گروپه عه‌ره‌بییه‌کانی تر و هەروەها پارتی دیموكراتی كوردستان دروست نییه. ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ک بۆ عیراق باش نییه، که پێویستی به سیاسه‌تێکی گشتگیر هه‌یه، ئه‌مە هه‌ڵبژاردنێکی هه‌ڵه‌یه له که‌رکوک".
زیاتر وتی "ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه وتومانە ئەوەیە هەر شێواز و سیاسەتێك كە توركمانەكان بەدرەبكات هەڵەیە، هەروەها بۆ عەرەب و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەهەمان شێوە، هه‌روه‌ک چۆن پێمانوایه ده‌بێت تورکمانه‌کان مافی خۆیان پێبدرێت، بەهەمان شیوە گروپە عەرەبییەكان و پارتی دیموكراتی كوردستانیش دەبێت مافی خۆیان پێبدرێت".
عومه‌ر چه‌لیک پێیوایە ئەو دۆخە تەندروست نییە و وتی "قبوڵكراو نییە، پێمانوایه پێویسته هه‌نگاوی خێرا بنرێت بۆ ئه‌وه‌ی سیاسەتێكی گشتگیر پەیڕەوبكرێت، ئه‌گینا کێشه‌ی تر روبه‌ڕوی عیراق دەبێتەوە... به‌دڵنیاییه‌وه ئەوەی رویدا ئه‌نجامێکی هه‌ڵه به‌رهه‌م ده‌هێنین ئەوەش بەدروست نازانین".
هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك حزبی سیاسی توركمانی بانگەوازێكیان بڵاوكردەوە و داوا لە لایەنگران و توركمانی كەركوك دەكەن بەشداربن بۆ خۆپیشاندانێك دژی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، بڕیارە خۆپیشاندانەكە ئێوارەی سێشەممە 13ی ئاب بەڕێوەبچێت.
توركمان كە دوو ئەندامی ئەنجومەنیان هەیە و هەردوكیان توركمانی سوننە مەزهەبن، بایكۆتی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیان كرد كە لە هۆتێل رەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو و تێدا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردران.
لە كۆبونەوەكەدا پەرلەمانتاری توركمانی شیعە مەزهەب (غەریب عەسكەر) ئامادەبوو، ناوبراو دوای كۆبونەوەكە بە رونكردنەوەی كورت و بڵاوكردنەوەی نوسراوێك وەڵامی رەخنەكانی لەبارەی وەلاوەنانی توركمان داوەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، "مافی توركمان لە پۆستە سیاسی و ئیدارییەكاندا بەپێی رێككەوتنی نێوان سەركردایەتی پێكهاتەكانی كەركوك جێگیركراوە".
نوسراوەكە ناوی 18 پۆستی تێدایە لە نێویاندا؛ جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، جێگری پارێزگار، یاریدەدەر و راوێژكاری پارێزگار، قایمقامی ناوەندی كەركوك، یاریدەدەری فەرماندەی پۆلیس، سێ ناحیەی لەیلان و تازە و یایچی، پێنج بەڕێوەبەر و ژمارەیەك پۆستی دیكە.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دڵنیایی بە لایەنی توركمانیدا و لە راگیەنراوێكدا جەختیكردەوە "هاوشێوەی پێکهاتەکانی تر؛ شوێنی گونجاوو شایستەی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کەرکوک" و زیاتر هاتووە "یەکێتی داکۆکیکاری راستەقینەی مافەکانیانە و رازیش نابێت هیچ کەس و لایەنێک مافەکانیان زەوت بکات".