لە قرچەی گەرما بەتینەكەی گەرمیان، سیامەند محەمەد بەدیار حەوزێكی پیس و ئاوی سەوزباوەوە دانیشتووە و یەك لەدوای یەك جگەرە دادەگیرسێنێت، ئۆقڕەی لەبەر بڕاوە و غەمی ئەوەیەتی، بە جارێك وەجبەیەكی تری ماسییەكانی مردارببنەوە، بەبێ ئەوەی هیچی لەدەست بێت.
ترسەكەی لە خۆڕا نییە، تەنیا لە ماوەی 24 كاتژمێردا 25 تۆن ماسی بەهۆی پیسبوونی ئاوی حەوزەكانیەوە مرداربوونەتەوە و زیانی ملیۆنان دیناری بەركەوتووە.
حەوزەكانی سیامەند لە گوندی بانئاسیاوی ناحیەی كۆكس-ـی گەرمیانە، شوێنی بەخێوكردنی ماسی و دواتر فرۆشتنەوەیەتی لە بازاڕ، بەڵام هێندەی لە ناوچەكەدا بۆنی ئاوەڕۆ بڵاوە، هێندە بۆنی ماسی ناكەیت.
"سه‌رچاوه‌ی ئاوی پرۆژه‌كانی ئێمه روباری سیروانه، ئاوه‌ڕۆی قه‌زای كه‌لار و شارۆچكه‌ی گرده‌گۆزینه ده‌رژێنه ناو روباره‌كه، ئه‌مه‌ش هۆكاری له‌ناوبردنی ماسیهكانمانە" سیامەند محه‌مه‌د (54 ساڵ)، وای وت. ئەو خاوەنی پرۆژەی ماسی هاوبەش-ـە، كە بژێوی 15 كەسی لەسەرە.
بەپێی بەدواداچونێكی مەیدانی، زۆربەی حەوزەكانی بەخێوكردنی ماسی لە گەرمیان هەمان گرفتیان هەیە، ئاوی حەوزەكانی رەنگیان گۆڕاوە، لیخن و سەوزباون، ئه‌و ئاوه‌ی ده‌ڕژێته نێو حهوزهكانەوە، لە بەشی سەرەوەدا كهف دروستدەكات، بەهۆی پیسی ئاوەكەوە.
ئاوەڕۆی ماڵانی كەلار و گردەگۆزینەوە راستەوخۆ دەڕژێنە روباری سیروان و سەرچاوەی ئاوی پرۆژەكانی ماسی
ئه‌كره‌م ساڵەح، سه‌رۆكی شاره‌وانی قه‌زای كه‌لار و كه‌مال عه‌لی، سه‌رۆكی شاره‌وانی شاره‌دێی گرده‌گۆزینه پشتڕاستی دەكەنەوە كە ئاوەڕۆی ماڵانی سنورەكانیان راستەوخۆ ده‌ڕژێته ناو روباری سیروانەوە.
"ئاوەڕۆی گردەگۆزینەوە له رێگه‌ی پێنج بۆ شەش رێڕهوەوە ده‌ڕژێته ناو روباری سیروان، كاتی خۆی كه دیزاینی ئاوه‌ڕۆی ئێره كراوه، بیر لهوهنهكراوهتهوه كاریگه‌ری له‌سه‌ر روباره‌كه و ژینگه دەبێت" وەك كه‌مال عه‌لی وتی.
ئاوی ناو پرۆژەكانی ماسی هێندە پیسە، بە ئەستەم ماسییەكانی ناوی دەبینرێت، لە بەشێكی حەوزەكاندا، ماسی مردارەوەبوو لەگەڵ توێژاڵێك لە قەوزە سەر ئاوەكە دەكەون.
خه‌سره‌و عەبدولكەریم برزۆ (50 ساڵ)، بەو دیمەنانەی حەوزەكانی نیگەرانە، كە سەرچاوەی بژێوی چوار برا و نزیكەی 30 كەس، خەریكە بە بەرچاویانەوە لە ناودەچێت، "ئه‌وه‌ی كێشه‌یه بۆ ئێمه، ئاوه‌ڕۆی كه‌لار و گردهگوزینه ده‌ڕژێته ناو روبارهكهوە، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی گردەگۆزینه له سەدا 100 تێكه‌ڵ به ئاوه‌كه بووه".
ئەو خاوەنی پرۆژەی ماسی میران-ـە لە گوندی كهڵهشێرتهپه سه‌ر به ناحیه‌ی كۆكس له ئیداره‌ی گه‌رمیان، له‌سه‌ر روبه‌ری 36 دۆنم زه‌وییه و 5 حه‌وزی هەیە، ساڵانه نزیكه‌ی 50 هه‌زار په‌نجی ماسی ده‌خاتە پرۆژهكهوە و نزیكه‌ی 70 تۆن به‌رهه‌می هەیە.
خەسرەو وتی "بەرهەمهێنان ئەم چه‌ند ساڵه‌ی دوایی زۆر خراپ بووه، ماوه‌ی سێ ساڵه هه‌مو پرۆژه‌كان توشی نه‌خۆشی بوون و زیانی زۆری لێداوین، به‌جۆرێك هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك 80 ملیۆن دینار زیانی كردووه و ته‌نانه‌ت پرۆژه‌كان به‌ره‌و داخستن ده‌ڕۆن".
"پێشتریش نه‌خۆشی ماسی هه‌بوو، به‌ڵام به‌م راده‌ی ئێستا نا و ته‌نها له پایزدا بوو، نه‌خۆشی به‌كتریا هه‌بوو به ده‌رمان پاك دەبۆوە و نەدەما، ئه‌مه‌ی ئێستا هه‌یه ڤایرۆسییه و چاره‌سه‌ر نابێت، هۆكارەكەی پیسی و بۆگەنی ئاوەكەیە" خەسرەو دەڵێت چه‌ندینجاریش داوای چارەسەریان لە لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار كردووە، بەڵام سودی نەبووە.
لە گەرمیان 47 پرۆژه‌ی بەخێوكردنی ماسی هەیە، لە 68 حەوز پێكهاتوون و چەندین پرۆژەی دیكەش چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەت دەكەن، به‌پێی ئامارێكی به‌شی سامانی ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی كشتوكاڵی گەرمیان.
به‌ختیار ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری به‌شی سامانی ئاژه‌ڵ له به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كشتوكاڵی گه‌رمیان وتی "ئه‌و زێرابانه‌ی كه‌لار و گرده‌گۆزینه كه ده‌ڕژێته ناو روباری سیروان و سه‌رچاوه‌ی ئاوی پرۆژه‌كانی ماسی، كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه، ساڵی رابردوو بەوهۆیەوە نه‌خۆشی بڵاوبویه‌وه و زیانێكی زۆری دا له پرۆژه‌كانی ماسی".
داواكراوە ژوری عەمەلیان دروستبكرێت دەربارەی ئەو كێشەیە، "جهختمانكردەوە ئه‌و زێرابهی ده‌رژێته ناو روباری سیروان هۆكاره بۆ نه‌خۆشی، به‌ڵام ته‌ندروستی رەتیكردەوە و شارەوانیش چارەسەر بە قورس دەزانێت، چونكە بودجەی دەوێت كە نییە".
ماسییەكان بەهۆی ئاوەڕۆوە كرم لێیاندەدات و ژینگه‌یه‌كی ده‌رجه یه‌كه بۆ گه‌شه‌كردنی میكرۆب و كه‌ڕو یان به‌كتریا
وەك بەختیار دەڵێت، پێشنیازیان كردووە هیچ نەبێت لەڕێی هەڵكەندی چاڵەوە، پاشه‌ڕۆی ماڵان فلته‌رین ببێت و ماده قورسه‌كان بنیشێت و راسته‌وخۆ تێكه‌ڵ به روباره‌كه نه‌بێت، تا له‌وێشه‌وه نه‌چێته ناو پرۆژه‌كانی ماسی، "به‌ڵام هیچ بهدهمهوههاتنێك نه‌بوو" بەوتەی بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ.
ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی یاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان ژماره (4)ی ساڵی 2022، پیسكردنی ئاو بە هەر هۆكارێك بێت، لە نێویاندا پاشماوە و ئاوەڕۆ، كە زیان بە مرۆڤ و زیندەوەران و ژینگە بگەیەنێت، سزاكەی لە شەش مانگ زیندانییەوە دەستپێدەكات لەگەڵ غەرامەی تا 10 ملیۆن دینار.
بە درێژایی ئەو ساڵانەی فەرمانگەكانی حكومەت مشتومڕیان بوو لەسەر چارەسەری پیسبونی ئاو و نەگەیشتن بە ئەنجام، سیامەند محەمەد تا دەهات زیانەكانی زیاتر دەبوون، "له ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك دو ساڵه‌ی دوایی، توشی زیانێكی زۆر بووین، به جۆرێك تەنیا من 50 بۆ 60 ملیۆن دینار زهرەرم كردووه، له ماوه‌ی دوو رۆژدا ماسییهكانم له‌ناوچوون، هۆكاره‌كه‌شی لە سەدا 100 ئاوی پیس بوو" سیامەند وادەڵێت.
پرۆژەكەی له‌سه‌ر روبه‌ری 13 دۆنم و نیو زه‌وی بنیاتنراوە، سێ حه‌وزی گه‌ورەی تێدایە، لە هه‌ر وهجبهیهكدا 13 هه‌زار په‌نجه‌ماسی ده‌خاته پرۆژه‌كه‌یه‌وه، ساڵانه 25 تۆن به‌رهه‌می ماسی هه‌بووه.
سیامەند وتی "دیارترین ئه‌و نهخۆشییانەی توشی ماسیه‌كانمان بووه، ئه‌وه‌یه كرم له له‌شی و پولهكهكهی و ریخۆڵه‌كانی دەدات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش توشی كه‌ڕو بون، كه‌ڕوی گوێ، جگەلەوەی قه‌تعی ئۆكسجین ده‌بن".
ئەگەر ئاوی حەوز پاك بێت، ئەوا پێویستە هەفتەی جارێك ئاوەكە بگۆڕدرێت، بەڵام حەوزەكانی سیامەند هەموو 24 كاتژمێرێك دەگۆڕدرێن، "چونكە ئاوەكە پیسە، زوو زوو دەیگۆڕین و هێشتا ماسییەكان زیاتریشی پێویستە، سەرباری ئەوەی ئامێری ئۆكسجینمان بۆ داناون".
بەپێی هۆشدارییەك كە راگەیاندنی رەسمی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بڵاویكردۆتەوە، پاشەڕۆی ماڵان و ئاوی زێراب، جۆرەها میکرۆب و بەکتریا و ڤایرۆسیان تێدایە کە ئاوی دەریاچە و چەم و ڕووبارەکان پیس دەکات، لە بەکارهێنانی ئەم ئاوانە لە ڕێگەی خواردنەوە و خواردنی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکانیەوە، مرۆڤ توشی چەند نەخۆشییەک دەکات لەوانە نەخۆشییەکانی پێست و سکچوون و گرانەتا.
هەروەها بەپێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، ئاوی پیس بوو بە میكرۆب، هۆكارە بۆ نەخۆشییەكانی وەكو سكچوون و كۆلێرا.
"تێكه‌ڵبونی ئاوه‌ڕۆی ماڵان به روباری سیروان له‌سەدا 100 كاریگه‌ری راسته‌وخۆی هه‌یه بۆ سه‌ر پرۆژه‌كانی ماسی و توشی نه‌خۆشییان ده‌كات، به تایبه‌ت لێدانی كرم له ماسییه‌كان، چونكه ئاوه‌ڕۆ ماده‌ی كانزایی قورسی تێدایە و ژینگه‌یه‌كی ده‌رجه یه‌كه بۆ گه‌شه‌كردنی میكرۆب چ كه‌ڕو بێت یان به‌كتریا" بە وته‌ی د.ئاریان ئیبراهیم، به‌ڕێوبه‌ری ڤێتێرنەری گه‌رمیان.
نەخۆشی حەوزەكانی ماسی پێویستی بە توێژینەوە و پشكنین هەیە، بە تایبەت زانینی رادەی كانزا قورسەكانی لەو ئاوەی بەكاردەهێنرێت، وەك ئاریان دەڵێت، هەرچەندە ئامێریان بۆ ئەو پشكنینە نییە، به‌ڵام ئامێری پشكنینی نه‌خۆشی به‌كتریایان هه‌یه، "(PCR) ئامێرێكی زۆرباشه و نه‌خۆشیه‌كه ده‌ستنیشان ده‌كات.
ڤێتێرنەری لیژنەی هەیە، سەردانی پرۆژەكانی ماسی دەكات بۆ پێدانی رێنمایی و چۆنیەتی مامەڵەكردن، "خاوه‌نی پرۆژه‌كان خۆشیان هه‌ڵه‌یان هه‌یه و تا نه‌خۆشی نه‌دات له پرۆژه‌كه‌یان ته‌عقیمی حهوزهكان ناكه‌ن، كه پێویسته زوو زوو بكرێت، ماسی زۆریش دەكەنە حەوزەكانەوە" ئاریان رونیكردەوە لەكاتێكدا دەبێت یەك دۆنم 900 په‌نجه‌ماسی تێبكرێت بەڵام دوو هه‌زار په‌نجه‌ماسی تێكراوە، كە هۆكارێكە بۆ كەمبونەوەی ئۆكسجین.
شارەوانی هیچ چارەسەرێكی لانییە، چونكە بودجەی دەوێت تا ریسایكلین بۆ ئاوەڕۆكە دابنێت
سەرچاوەی ئاوی بەشێك لە پرۆژەكانی بەخێوكردنی ماسی، كە بە پرۆژه‌ی ئاودێری (شێخ له‌نگه‌ر) ناسراوه و له روباری سیروانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، زێرابی ئاوی ماڵان ئاوه‌كه‌ی كردووە بە دوو رەنگ، لایەكی ره‌ش بووه و لایەكی سەوز دەچێتەوە، لەناو ئاوەكەشدا ماسی دەژی.
موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوبه‌ری ئاودێری گه‌رمیان دەڵێت ئەو پرۆژەی ئاودێرییە، زۆر پرۆژه‌ی له‌سه‌ره به‌تایبه‌ت حەوزەكانی ماسی، "یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی روبه‌ڕوی پرۆژەكە بۆتەوە زێرابی ماڵانی قه‌زای كه‌لار و شارۆچكه‌ی گردهگۆزینهیە و دەڕژێتەوە سەرچاوەكەی، كە روباری سیروانە".
پرۆژه‌ی ئاودێری (شێخ له‌نگه‌ر) لە روبەری 18 كیلۆمهتردایە و نزیكه‌ی 30 ده‌رگای هه‌یه، كه جوتیاران سودی لێدەببینن بۆ پرۆژه‌ی ماسی و سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ئاودێری كشتوكاڵە لە گەرمیان.
"ئاوه‌ڕۆكه‌ی كه‌لارمان چاره‌سەر كردووه، دورمانخستۆتەوە لەم پرۆژەیە، هەرچەندە هەر ده‌ڕژێته ناو روبارهكەوە، بەڵام ئاوه‌ڕۆی گرده‌گۆزینه راسته‌وخۆ ده‌ڕژێته ناو سه‌رچاوه‌ی ئاوی پرۆژەكە، ئەوەش گرفتە سەرەكییەكەیە بۆ ئەوانەی پشتی پێدەبەستن بە تایبه‌ت پرۆژه‌كانی ماسی، چونكه ئاوەكە پیس بووە".
شارەوانی هیچ چارەسەرێكی لانییە، چونكە بودجەی دەوێت تا ریسایكلین بۆ ئاوەڕۆكە دابنێت، ئەوەش بەوتەی موئەیەد ئەحمەد، كاتێك گفتوگۆی كێشەكەیان لەگەڵ شارەوانی گردەگۆزینەوە كردووە.
كه‌مال عه‌لی، سەرۆكی شارەوانی گردەگۆزینە هەمان قسەی كرد، "هیچ چاره‌سه‌رێك نییه، چونكه شارۆچكەكە خۆی له‌سه‌ر روبارهكهیه، ته‌نیا چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه یه‌كه‌یه‌كی چاره‌سه‌ری ئاوه‌ڕۆ دابنرێت به‌شێوه‌ی ریسایكلین"، خۆی دەپرسێت "ئایه ئه‌مه ده‌كرێت؟" بێ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكەی خۆی بداتەوە.
زیاتر لە نیوەی ئاوەڕۆ لە جیهاندا دەڕژێنە روبار و سەرچاوەكانی دیكەی ئاوەوە، تەنیا سەدا 11ـی ئاوەڕۆ چارەسەر دەكرێت و دوبارە بەكاردەهێنرێتەوە، بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، لەكاتێكدا دوبارە بەكارهێنانەوە جگە لە سودی راستەوخۆی بۆ مرۆڤ، ماددەكانی ناوی دەتوانن ببنە جێگرەوەی پەیینی كیمیایی دەستكرد بۆ زەوی.
ئه‌كره‌م ساڵەح، سه‌رۆكی شاره‌وانی قه‌زای كه‌لار - ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان- وتی "ته‌نیا یه‌ك چاره‌سه‌ر هه‌یه، ئه‌ویش دانانی ریسایكلینی ئاوه‌ڕۆیه"، ئەوەش بودجەی نزیكه‌ی پێنج ملیۆن دۆلاری دەوێت و "حكومه‌ت ناتوانێت ئه‌وه‌بكات بۆیە كارمانكردووە له رێگه‌ی وه‌به‌رهێنانه‌وه ئەو پرۆژه‌یه ئه‌نجامبده‌ین".
هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی نیشته‌جێبون له سنوره‌كه دەكرێت، پێویستی به یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری ئاوه‌ڕۆ هه‌یه، شارەوانی پلانی ئەوەیە قه‌زای كه‌لار هه‌موی یه‌ك یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ دابنرێت، ئەكرەم دەڵێت "دیارنییه كه‌ی ئەو پرۆژەیە ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه".
كاتی چارەسەر نادیارە و ساڵ بەساڵی بەرهەمهێنانی ماسی لە پرۆژەكانی گەرمیان كەمدەكات، بەپێی ئامارێكی بەشی سامانی ئاژەڵ، لەكاتێكدا ساڵی 2019 بەرهەمی ماسی 334 تۆن بوو، بەڵام ساڵی رابردوو دابەزیووە بۆ 273 تۆن، ئەوەش زیانە بۆ دەیان خێزان، هاوشێوەی سیامەند محەمەد.
سیامەند كە لەتاو گەرمای زۆر دشداشەی لەبەركردووە، هەر لە دەوروبەری حەوزەكانی دەسوڕێتەوە و غەمیەتی گرفتەكە هەر بمێنێت و بە یەكجاری حەوزەكانی لەناوببات، بە چەند قومێكی قوڵ دوایین جگەرەی دەستی تەواو دەكات و لە ناو چەند تانكییەكی كۆن و ژەنگاویدا، پڕ بە چەنگی دەستەكانی خۆراك دەردەكات و بۆ ماسییەكانی هەڵیدەداتە حەوزەكەوە، چونكە هێشتا ئومێدی ماوە.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.