پسپۆڕانی تەندروستی و كیمیایی هۆشداریی دەدەنە ژنان زیادەڕۆیی نەكەن لە بەكارهێنانی ماددە پاككەرەوەكان و رێنمایی جۆراوجۆریان پێدەدەن لە چۆنیەتی بەكارهێنانی، ئەوەش لەگەڵ دەركەوتنی مەترسیی و لێكەوتەكانی بۆ سەر بەكارهێنەران.
ژنان وەك قوربانی یەكەم دەردەكەون بەدەست ماددە پاككەرەوەكانی ناوماڵدا، چونكە زۆرترین بەركەوتنیان هەیە لە بەكارهێنانیان و لە كۆمەڵگەیی عیراقیدا زۆرینەیان ئەركی پاككردنەوەی ماڵیان لە ئەستۆ گرتووە.
خەرمان عەلی، ژنی ماڵەیە و رۆژانە بەركەوتنی لەگەڵ ماددە پاككەرەوەكاندا هەیە، وتی "بۆ پاككردنەوەی قاپ، جلوبەرگ و شۆردنی ماڵ بەكاریاندەهێنم"، بەڵام دەڵێت "هەندێکجار کە ماددەکان بەكاردەهێنم، توشی هەستیاریی پێست، لەوانەش خورانی چاو و سوربونەوەی پێست دەبم".
بەڵام دەڵێت كاتێك دوو ماددەی پاككەرەوە یان زیاتر پێكەوە تێكەڵدەكات و بەكاریدەهێنێت، هەستیارییەكەی زیاتر دەبێت.
ئەمەش ئەو مەترسییە یە كە پسپۆڕانی بواری بەكارهێنانی ماددە كیمیاییەكان جەختیلێدەكەنەوە.
د.فوئاد عوسمان، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە كۆلێژی زانست - بەشی كیمیا - لە زانكۆی سەڵاحەدین، دەڵێت نابێت بەهیچ شێوەیەک دوو ماددەی پاككەرەوە تێکەڵبکرێن، "گەورەترین هەڵەیە، چونكە ماددەی سێیەم دروستدەبێت".
"ماددەی سێیەم بەكارهێنانی مەترسیدارە و پێیدەوترێت كارلێكە كیمیاییەكان"، رێنمایی خانمانی كرد خۆیان لە تێكەڵكردنی دوو ماددە بەدوربگرن.
پەخشان سلێمان، ژنێكی دیكەی قوربانی دەستی ماددە پاككەرەوەكانە، وتی "رۆژانە بەكارمدەهێنان، هەندێكجار دوو ماددەشم تێكەڵدەكرد، دوای ماوەیەک پەنجەکانم توشی نەخۆشی بون، دكتۆر لەوكاتەوە وتی نابێت بەكاریبهێنێت". لەوكاتەوە پەخشان بەدەستكێشەوە بەكاریدەهێنێت.
بەڵام ماوەیەكە پەخشان بیری لە جێگرەوەی تر كردۆتەوە، "هەندێكجار سرکەی خۆماڵی و چەند بابەتێکی تر وەکو لیمۆندزی، ساردی و لیمۆ بەكاردەهێنم".
هەندێكجار سرکەی خۆماڵی و چەند بابەتێکی تر وەکو لیمۆندزی، ساردی و لیمۆ بەكاردەهێنم
لە هەر ماركێتێكی بازاڕەكانی عیراقدا بگەڕێیت دەیان ماددەی جۆراوجۆری پاككەرەوە دانراون بۆ فرۆشتن، هەریەكە و رێكلامی جۆراوجۆری بۆ دەكرێت بۆ راكێشانی كڕیاران.
د.فوئاد عوسمان دەڵێت ماددە پاککەرەوەکان کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئەندامەكانی لەش هەیە، لەوانەش چاو، هەناسەدان و هەستیاریی پێست.
"هەموو ماددە پاککەرەوەکان کیمیاویین و لە ماددەی کیمیایی دروستدەکرێن، بەكارهێنانی لە شوێنێك كە ئۆكسجین نەبوو، یان تێكەڵكردنی دوو ماددە كاریگەریی راستەوخۆ لەسەر DNAی دروستدەكات، ئەوەش وادەكات ئەندامێكی لەش بە ناڕێكی گەشەبكات"، زیاتر وتی "هەر کاتێکیش ئەندامێکی جەستە بە باشی ئیشی نەکرد، ئەوا دەبێتەهۆی شێرپەنجە".
"پیسبونی ژینگەی ناوماڵ هۆکارێکی ترە بۆ زۆر نەخۆشی، ئێستا خانوەکان بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو بچوکترن و رێژەی سەوزایی کەمترە و داخراون، کاتێك ئەو ماددە پاککەرەوانەش لەناو ماڵدا بەکاردەهێندرێت کاریگەرییەکەیان زۆر زیاتر دەبێت، وەک لە دەرەوە، چونکە هەواکە قەتیس دەبێت و زیاتر چڕدەبێتەوە".
د.فوئاد عوسمان، رێنمایی خانمان دەكات ماددە پاككەرەوەكان بەبێ ماسك بەكارنەهێنن، هەروەها چاویلكە بەكاربهێنن بۆ پارێزگاری لە چاویان، جلوبەرگی گونجاو و پێویست-یش لەبەر بكەن.
ماددە پاکكەرەوەکان دەبێت لە دوری خواردن و شوێنی دانیشتن هەڵبگیرێن
"نابێت جلوبەرگ تەنک بن و ماددەكان بەر پێست بكەون، ماددە پاکكەرەوەکان دەبێت لە دوری خواردن و شوێنی دانیشتن هەڵبگیرێن، هەوڵبدرێت هەموو دەرگا و پەنجەرەکانی ناوماڵ لەكاتی بەكارهێناندا بکرێنەوە، دوای بەكارهێنان پەرداخێک شیر بخۆرێتەوە".
دكتۆر ژوان ئەمجەد، پسپۆڕی پێست و جوانکاریی، وتی "کۆمەڵێک لە ماددە پاككەرەوەکان کە رۆژانە خانمان بەکاریدەهێنن، لەوانەش تایت، سابون و فاست، لەحاڵەتی زۆر بەكارهێناندا زیانی هەیە بۆ پێست، پێستەکە دەسوتێنێت، توشی برین و هەوكردنیان دەكات".
"چەندین نەخۆش سەردانی كردوین، كە پێستیان وشكە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەردەوام قاپ دەشۆن، یان خورانیان بۆ دروستبووە"، دكتۆر ژوان وایوت.
*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆگرامی فراوانكردنی رۆڵی رۆژنامەنوسانی ژن لە روماڵكردنی ژینگەییدا بەرهەمهێنراوە، پڕۆگرامەكە لەلایەن دامەزراوەی (كەركوك ناو)ـەوە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ پاڵپشتی دارایی دەكات.