ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك سەرقاڵی دانانی میكانیزمێكە بۆ دامەزراندنی حەوت هەزار كەس لە پارێزگاكە، كە بەوتەی ئەندامێكی ئەنجومەن كاردەكەن بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتەكان مافی خۆیان وەربگرن.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە یەكەم كۆبونەوەی خۆیدا لە دوای پێكهێنانی حكومەتیی خۆجێی كەركوك، كە شەممە 24ی ئاب بەرێوەچوو، بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ چۆنیەتی دامەزراندنی حەوت هەزار كەس.
ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەن، دووشەممە 26ی ئاب بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو حەوت هەزار پلە وەزیفییە هەموو وەزارەتەكانی سەر بە حكومەتی عیراق دەگرێتەوە... لەڕاستیدا ئێمە لە ئەنجومەن هیچ قسەیەکمان لەسەر ئەوە نەکردووە كە چۆن دادەمەزرێنرێن، بەڵام بڕیارماندا هەمووان پێكەوە كاربكەین بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی باش بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیان وەربگرن".
میكانیزمێكی باش دادەنێین بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیان وەربگرن
بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەن بڕیاریداوە لیژنەیەكی بۆ پێكبهێنێت.
بڕیاردان لە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە لەكاتێكدایە هەر یەکە لە هاوپەیمانی عەرەبی، بەرەی تورکمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان كە پێكەوە خاوەنی حەوت كورسی ئەنجومەنن بایكۆتی دانیشتنكەیان كردووە، لە كۆی 16 ئەندامی ئەنجومەن.
ئەحمەد كەركوكی وتی "بەشدارینەکردنی ئەو لایەنانەی لە کۆبونەوەی ئەنجومەن کاریگەریی نەبووە لەسەر کۆبونەوەکانمان و كاری ئەنجومەن بە رێکوپێکی بەڕێوەچوو".
بەڵام وتی "لە هەفتەی داهاتووەوە لیژنەیەك دەستبەكاردەبێت بۆ سەردانی ئەو لایەنانە بە مەبەستی بەشداریكردنیان لە كۆبونەوەكانی ئەنجومەن".
حەسەن مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە هیچ بڕیارێکمان نەداوە سەبارەت بەوەی لەو لیژنەیە بەشداریبن كە میكانیزمی دامەرزاندنی ئەو 7000 كەسە دادەنێت یاخو نا، دواتر قسەی خۆمان دەبێت".
كردنەوەی دەرگای دامەزراندن لە پارێزگای كەركوك یەكێكە لە پرسە هەستیارەكان و بەردەوام جێی ناكۆكی و ناڕەزایی بەشێك لە پێكهاتەكانی كەركوك بوو.