پێنج كاندید كێبڕكێی بەدەستهێنانی تاكە كورسی كۆتای كریستیانەكان دەكەن لە پارێزگای دهۆك، دوو لەو كاندیدانە لە بزوتنەوەی بابلیۆنن كە رەیان كلدانی سەرۆكایەتی دەكات و دوو كاندیدی تریان سەر بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانن.
لە 6ی حوزەیرانی رابردوو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، پێنج کورسی كۆتای بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن-دا دابەشكرد، بەپێی دابەشكارییەكە توركمان دوو كورسی لە (هەولێر و سلێمانی)، كریستیان سێ كورسی لە (هەولێر، سلێمانی و دهۆك).
فەرید یەعقوب، كەسایەتی لە پێكهاتەی كریستیان لە دهۆك و ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە دهۆك پێنج كاندید كێبڕكێی كورسی كریستیانەكان دەكەن، دوو كادیری پارتی كە كریستیانین، دوو لە بزوتنەوەی بابلیۆن-یش بەهەمان شێوە، هاوكات ئەندامێكی خولی پێشوی پەرلەمانی كوردستانیش كە كریستیانییە پێكەوە كێبڕكێی ئەو تاكە كورسییە دەكەن".
ئەوەش لەكاتێكدایە پێنج حزب و لایەنی سیاسیی كریستیانی، بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە، دژی كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان لە 11 كورسییەوە بۆ پێنج كورسی، بەو هۆیەوە كریستیان دوو كورسی كۆتای لەدەستدا.
فەرید یەعقوب، وتی "ئەو پێنج حزبە دژی جێبەجێنەكردنی داواكارییەكانمان لە تەواوی كوردستان بایكۆتمان كرد، رۆژی دەنگدان ناچینە سەر سندوقی دەنگدان، كێ دەچێتە دەنگدان و دەنگ بەكێ دەدات بۆ ئێمە گرنگ نییە".
نینوس عودیشو، ئەندامی بزاڤی ئاشورییەكان – یەكێكە لەو حزبانەی بایكۆتی كردووە-، بە (كەركوك ناو)ی وت "زۆرترین رێژەی كریستیانەكان لە پارێزگای دهۆكن، بەڵام یەك كورسی كۆتامان بۆ دانراوە، لەبەرئەوەی مەرج و داواكارییەكانمان جێبەجێنەكران كە زیادكردنی كورسی كۆتا بوو، بۆیە بایكۆتمان راگەیاندووە، ئێستاش پێمانوایە پێویستە بڕیاری كەمكردنەوەی كورسی كۆتا راستبكرێتەوە و ببێتەوە بە 11 كورسی".
زۆرترین رێژەی كریستیانەكان لە پارێزگای دهۆكن
خاڵد عەباس، لێپرسراوی لقی دهۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت "لەو یەك كورسییەی كریستیانەكان كە بۆ پارێزگای دهۆك دانراوە، پێنج كاندید كێبڕكێ دەكەن، هیچ گۆڕانكارییەك لە كورسی كۆتا ناكرێت". لە هەولێرش كریستیان حەوت كاندیدیان هەیە بۆ یەك كورسی.
هەرچی حزبە توركمانییەكانن، كە دوو كورسی كۆتایان لە هەولێر و سلێمانی بۆ دانراوە، جەخت لە بەشداریی هەڵبژاردن دەكەنەوە.
ئازاد ئەكرەم كورەچی، سەرۆكی لیستی مللەت لە هەولێر، وتی "بەو نیەتە بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەین تا ئەو یاسایە لە خوڵی تازەی هەڵبژاردن راستبكرێتەوە و هەموو هەوڵێك دەدەین لە پەرلەمانی كوردستان ژمارەی كورسییەكان زیاد بكەین".
"سیستەمی كوتا وەك یاسا جوان بوو و لە بەرژەوەندی كەمینە بوو، بەڵام پرۆسەكەیان سوككرد... دەمانەوێت توركمان لە پەرلەمان هەبن تاوەكو بەرگری لە مللەتەكەی خۆی بكات".
لە هەولێر 14 كەس خۆیان بۆ تاكە كۆتای توركمان كاندید كردووە، لە قەزای كفری -لە پارێزگای سلێمانی- شەش كەس كێبڕكێی تاكە كورسی ئەو پارێزگایە دەكەن.