"كورسییەكەی دهۆكیان لێسەندین"
ئەرمەن-یش سكاڵا دەكات

هەولێر/ 2022/ دانیشتنێكی ئاسایی پەرلەمانی كوردستان فۆتۆ: راگەیاندنی پەرلەمان

عەمار عەزیز

پێكهاتەی نەتەوەیی ئەرمەن تانەی لەو دابەشكارییەی كورسی كۆتاكان داوە، كە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق-ەوە كراوە و بەهۆیەوە تاكە كورسی كۆتای ئەرمەن لە دهۆك لابرا.

لە 6ی حوزەیرانی رابردوو کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، پێنج کورسی كۆتای بۆ پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن-دا دابەشكرد، بەپێی دابەشكارییەكە توركمان دوو كورسی لە (هەولێر و سلێمانی)، كریستیان سێ كورسی لە (هەولێر، سلێمانی و دهۆك)، لەكاتێكدا پێشتر بەپێی بڕیارەكەی دەستەی دادوەری بۆ هەڵبژاردنەكان و وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش كورسی كۆتای دهۆك بۆ ئەرمەنەكان دانرابوو.

یەروانت نیسان ماركۆس، كە لە خولی پێشتری پەرلەمانی كوردستان – خولی چوارەم -دا تاكە پەرلەمانتاری ئەرمەن بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "توشی شۆك بوین كاتێك بینیمان تاكە كورسی كۆتای ئەرمەن بە ناوی كریستیانەوە ناونراوە، لەكاتێكدا پێشتر نوسرابوو ئەرمەن... ئەگەر ئێمەش لە چوارچێوەی كریستیانەكان پێشبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو كورسییە بكەین ئەوە لە ئێستاوە ناتوانین، چونکە ژمارەمان لە ئەوان كەمترە".

"وەكو ئایین ئێمە هیچ کێشەیەكمان نییە، لەگەڵ کلدانی و سریانی و ئاشور، یەك ئایینمان هەیە، بەڵام وەكو نەتەوە جیاوازین، ئەرمەن نەتەوەیە و دەبوو وەكو نەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت".

یەروانت نیسان ماركۆس بە نوێنەرایەتی نەتەوەی ئەرمەن لە كۆمسیۆن تانەی لەو دابەشكارییە داوە و ئەگەری هەیە ئەم هەفتەیە وەڵامیان بدرێتەوە.

ئەو دابەشكارییەی كۆمسیۆن بۆ پینج كورسی كۆتای پەرلەمانی كوردستان، دوای ئەوە هات كە دەستەی دادوەریی بۆ هەڵبژاردنەکان، لە 20ی ئایار لە بڕیارێكیدا داوای لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كرد پێنج كورسی كۆتا تایبەت بە توركمان، كریستیان و ئەرمەن دابین بكەن، ئەوەش لە چوارچیوەی ئەو 100 كورسییەی بۆ پەرلەمانی كوردستان تەرخانكراوە، بەشێوەیەك دوو كورسی بۆ هەریەكە لە سلێمانی و هەولێر و كورسییەكیش بۆ دهۆك.

خالد عەباس، لێپرسراوی ئۆفیسی دهۆكی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ تاكە كورسییەكەی پارێزگای دهۆك بڕیاریدا لەسەر بنەمای ئەوە بێت كە ئایا ژمارەی ئەرمەن زیاترن یان نەتەوەكانی تری کلدان سریان ئاشوری".

بەپێی ئەو داتایانەی بەردەستن، ژمارەی کلدان سریان ئاشوری لە دهۆك 30 هەزار خێزانن، بەڵام ئەرمەن 200 خێزان، بۆیە كۆمسیۆن بڕیاریدا كورسییەكە بكاتە كورسی كۆتای كریستیان

خالد عەباس وتی "بەپێی ئەو داتایانەی بەردەستن، ژمارەی کلدان سریان ئاشوری لە دهۆك 30 هەزار خێزانن، بەڵام ئەرمەن 200 خێزان، بۆیە كۆمسیۆن بڕیاریدا كورسییەكە بكاتە كورسی كۆتای كریستیان و هەموو كریستیانەكان بە ئەرمەن-یشەوە بتوانن دەنگ بەو كورسییە بدەین، كێ دەنگی زیاتری هێنا كورسییەكە بۆ ئەو دەبێت".

بەڵام یەروانت نیسان ماركۆس، وتی "ئێمە ناتوانین بچینە ئەو كێبڕكێیەوە، چونكە ژمارەی ئێمە زۆر لە ئەوان كەمترە، ئەگەر وابڕوات نوێنەرمان لە پەرلەمان نابێت".

بەگشتی كەمینە ئایینی و نەتەوەییەكان ناڕازین لەو دابەشكارییە و لە كەمكردنەوەی كورسی كۆتاكان لە 11 كورسییەوە بۆ پینج كورسی، هەروەها بەباشی دەزانن بۆ كورسی كۆتاكان یەك بازنەی هەڵبژاردن هەبێت نەك چوار.

فەرید یەعقوب، ئەندامی بزاڤی دیموکراتی ئاشوری و ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە خولی چوارەم لە کوتلەی رافیدەین، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێشتر لە پەرلەمانی كوردستان داوای هەمواركردنەوەی ئەو بڕگە یاساییانەمان كرد كە تایبەت بون بە كورسی كۆتاكان، لەوانە یەك بازنەیی بێت، تەنیا خەڵكی خۆمان بتوانن دەنگمان پێبدەن و كراوە نەبێت، لیست و تۆماری تایبەتیش هەبێت، بەڵام رەتكرایەوە و كاری بۆ نەكرا".

  

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT