موقەدەم عامر نورى شوانی، وتەبێژی پۆلیسی كەركوك، جەختدەكاتەوە لەوەی ئەو چەكدارانەی لەگەڵ هێزێكی ئاسایشی نیشتیمانیی عیراق روبەڕوبونەوە، بە یاسای تیرۆر داواكراون و بازرگانی ماددەی هۆشبەر نین.
لەكاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلول هێزێكی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق چونە گەڕەكی سێكانیانی كەركوك و لەوێ روبەڕوی دوو چەكدار بونەوە، كە لەنێو ماڵێكیدا بون و لە ئەنجامدا یەكێك لە چەكدارەكان بە فیشەك كوژراوە و یەكێكی تر بە برینداری دەستگیركرا، ئەوەش بەپێی وتەی وتەبێژی پۆلیسی كەركوك.
عامر جەختیكردەوە "سەرەتا وامزانی بازرگانی ماددەی هۆشبەرن، بەڵام دواتر دەركەوت داواكراون بە یاسای تیرۆر".
پەیامنێری (كەركوك ناو) لە شوێنی روداوەكە جەختیكردەوە لەوەی هێزێكی زۆری ئاسایشی نیشتیمانیی عیراق گەیشتنە گەڕەكی سێكانیان و ئێستا شەڕەكە كۆتایی هاتووە، سێ لە هێزەكانی ئاسایشی نیشتیمانی برینداربون.
بەپێی وتەبێژی پۆلیس برینی سێ ئەندامەكەی ئاسایشی نیشتیمانی سوكە و تەندروستیان باشە.
گەڕەكی سێكانیان دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی شاری كەركوك، لەسەر رێگای كەركوك - هەولێر.
عامر نوری وتی "جگە لە هێزەكانی ئاسایشی نیشتیمانی، هێزی تریش بەشدارییان لەو چالاكییەدا كردووە".