"پەیڕەوی ناوخۆ و سەرۆكی لیژنەكان دادەنێین"
محەمەد حافز: دەمانەوێت هەموان بەشداری دانیشتنی ئەنجومەن بكەن

كەركوك/ 13ـی تشرینی یەكەمی 2024/ محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

مەنار عزەدین – كەركوك

محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەڵێت ئامادەكردنی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن كۆتاییهاتووە و لە دانیشتنێكی ئەنجومەن دەنگی لەسەر پەیڕەوەكە دەدەن و هەوڵدەدەن، سەرۆك و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەكانیش دیاریبكەن.

لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، حافز دەڵێت بانگهێشتنامە بۆ هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا رۆیشتووە، لە نێویاندا ئەوانەی بایكۆتیان كردووە لە عەرەب، توركمان و كوردی كوتلەی پارتی دیموكراتی كوردستان، تا رۆڵی راستەقینەی خۆیان هەبێت لە ئەنجومەن وەكو بەشداربووی دەسەڵات یاخود ئۆپۆزسیۆن.

 

كەركوك ناو: كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن پەكیانكەوتووە، چی دەكەن تا ئەنجومەن بتوانێت ئەركەكانی جێبەجێبكات؟

محەمەد حافز: پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی بە بارودۆخێكی قورسدا تێپەڕی لە ئەنجامی ئاڵۆزی و ناكۆكی ناوخۆیی، هەرچەندە بایكۆتی سیاسی هەندێك لە پێكهاتەكانی پارێزگاكە كاریگەری لەسەر دانانی لیژنەكان هەبووە، بەڵام سەرباری ئەوەش حكومەت پێكهات و بڕیارمانداوە باشترین پێشكەش بە پارێزگاكە بكەین.

كەركوك ناو: ئایا هیچ سیناریۆ و دەرچەیەك هەیە بۆ دەركردنی كەركوك لە قەیرانی پێكهێنانی حكومەت و ململانێی لایەنەكان؟

محەمەد حافز: دەستپێشخەری و بانگەوازمان بۆ برایانمان لە بایكۆت بەردەوامە، زیاتر لە جارێك گفتوگۆمان لەگەڵ بەرەی توركمانی كردووە تا بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەن و رۆڵی راستەقینەی چاودێری خۆیان لە ئەنجومەنی پارێزگا ببینن.

وادەی دانیشتنی ئەنجومەنمان دیاریكردووە تا لەم رۆژانەدا كۆبێتەوە، بانگهێشتنامەمان ئاراستەی ئەندامانی ئەنجومەن كردووە، بەمنزیكانە بەرنامەی كاری دانیشتنەكە بڵاودەكرێتەوە و بڕیارە لە بەرنامەكەدا دەنگدان بە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوكەن هەبێت لەگەڵ دیاریكردنی سەرۆكی لیژنە هەمیشییەكان، لە بارەی پەیڕەوی ناوخۆوە، هەندێك دەستكاریمان كردووە بە هاوكاری مامۆستایانی پسپۆڕ و شارەزا لە كۆلێژەكانی یاسا و زانستە سیاسییەكان، كۆپی كۆتایی پەیڕەوەكە ئامادەیە تا دەنگی لەسەر بدرێت.

بەڕێزان لە بایكۆت، هاوڕێی منن لە ئەنجومەن و هەوڵدەدەم لانیكەم رۆژانە بیانبینم، لەگەڵ ئەوەشدا بایكۆت و جیاوازییەكانمان پەیوەستە بە دیدگا و ئاڕاستە سیاسییەكانەوە، ئەوان تێڕوانینی خۆیان بۆ بایكۆت هەیە و ئێمەش بە هیواین بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنمان لەناو ئەنجومەندا هەبێت بۆ بەهێزكردنی كاری ئەنجومەن و باشتكردنی ئەدای ئەنجومەن.

بە هیواین بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنمان لەناو ئەنجومەندا هەبێت بۆ بەهێزكردنی كاری ئەنجومەن

كەركوك ناو: هیچ لێپێچینەوەیەك بەرانبەر بەو ئەندامانەی ئامادەی دانیشتنی ئەنجومەن نابن؟

محەمەد حافز: ئەندامانی ئەنجومەن كە بایكۆتیان كردووە، هاوكار و هاوپیشەمانن، نامانەوێت لەگەڵ كەسدا بچینە ناكۆكییەوە، ئەوان چاوەڕێی بڕیاری دادگای ئیداری دەكەن، دوای دەرچوونی بڕیارەكە پێمانوایە دەگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەكان، نامانەوێت بچینە ناكۆكی لابەلا لەگەڵ هاوكارەكانمان و هەمومان دەمانەوێت و بڕیارمانداوە باشترین خزمەت پێشكەش بە كەركوك بكەین.

دەقێك هەیە لە یاسای پارێزگاكان كە ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەر ئەندامێك چوار دانیشتن لەسەر یەك ئامادەنەبێت، ئەوا كۆتایی بە ئەندامێتی دەهێنرێت، ئەگەر دانیشتن بكەین ئەوا دەكەوینە ناو چوارچێوە یاساییەكانەوە بەوپێیەی دەبێتە پێنجەم دانیشتنی ئەنجومەن، هەوڵدەدەین هەموان بانگهێشت بكەین بۆ كۆبوونەوە و ئامادەبون، كاردەكەین بۆ دابەشكردنی لیژنەكان و چالاككردنی رۆڵی ئەندامانی ئەنجومەن لە لیژنەكاندا تا ئەركی راستەقینەی خۆیان جێبەجێبكەن.

كەركوك ناو: لە پێشەنگی كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگادا چی هەیە كە چەندین مانگ بەسەر پێكهێنانیدا تێدەپەڕێت؟

محەمەد حافز: لە دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەن لیژنەكان دابەشدەكرێن، پەیڕەوی ناوخۆ رادەگەیەنرێت و لە پێشەنگی كارەكانماندا پاراستنی هاوسەنگی كۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی ئاشتییە لە نێوان هەموو پێكهاتەكاندا، وەكو ئەنجومەن تۆوی بناغەی هاوبەشی راستەقینەمان لە نێوان هەمواندا چاندووە، سیاسەتەكانی پێشوومان لەسەر بنەمای پەراوێزخستن و دورخستنەوە و سڕینەوە رەتكردۆتەوە، بە هیواین بەڕێزان لە بایكۆت بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەن و بەشداری دانیشتنەكان بكەن و رۆڵی راستەقینەیان ببینن وەكو هاوبەش لە پارێزگاكەدا.

ئێمە بانگهێشتمان بۆ ئەندامان ناردووە كە دانیشتنی ئەنجومەن هەیە.. ئەوانەی ئامادە دەبن بە خێرهاتن و ئەوانەی لەسەر هەڵوێستی بایكۆت دەمێننەوە ئەو باسێكی ترە، مادام زۆرینە بۆ ئەنجامدانی دانیشتن هەیە كەواتە زیان لە ئەنجامدانیدا نییە و لە تەواوكردنی كارەكانی ئەنجومەن بەردەوام دەبین.

كەركوك ناو: هیچ زانیارییەكتان دەربارەی وادەی ناردنی بودجەی فیدراڵی بۆ كەركوك هەیە؟

محەمەد حافز: بودجەی كەركوك بۆ ساڵی 2024 تەنیا بودجەی تەواوكاری پرۆژە بەردەوامە، بەڵام پرۆژە نوێیەكان رەنگە لە ساڵی 2025ـدا كاریان لەسەر بكەین.

ئەوانەی بایكۆتیان كردبووە پێمانوایە دوای بڕیاری دادگا دەگەرێنەوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەن

كەركوك ناو: ئەنجومەن هیچ بەرچاوڕونییەكی هەیە دەربارەی چۆنیەتی دابەشكردنی بودجەی پارێزگاكە؟ پێشەنگیی بۆ چییە؟

محەمەد حافز: پێكهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك زۆر دواكەوت، لەگەڵ ئەوەشدا نامانەوێت بچنە ناكۆكییەوە لەگەڵ كەسدا و كار بۆ كۆكردنەوە و لە خۆگرتنی هەموان دەكەین، ئەوەش ئامانجی سەرەكی و بنەڕەتی كارەكانمانە لە ئەنجومەن، خەڵكی كەركوك بە هیوان ئێمە خزمەتی راستەقینەیان پێشكەش بكەین، بۆیە لەوبارەیەوە هەوڵی جددی دەدەین و بەوپێیەی پێشتر وەكو ئەندازیار لە چەندین پرۆژەدا كارمكردووە، دیدگا و بەرچاوڕونی تایبەت و وردم لە كارەكان و دابەشكردنی پرۆژە گرنگەكانی پارێزگاكەدا هەیە.

ئێمە لەگەڵ بەشی هونەری و یەكە ئیدارییەكاندا تاوتوێی پێویستییەكانیان دەكەین، دواتر بڕیار لە بارەی پرۆژەكانەوە دەدەین و جێپەنجەمان لە دانانی پرۆژەكانی وەبەرهێنان و كەرتی ئابوری پارێزگاكەدا دەبێت.

كەركوك ناو: ئێستا بارودۆخی دارایی پارێزگای كەركوك چۆنە؟

محەمەد حافز: نەك تەنیا لە كەركوك، بەڵكو هەموو وڵات بە گشتی بە قەیرانی داراییدا تێدەپەڕێت، هیوادارین پاڵپشتی حكومەتی ناوەندی بەدەستبهێنین لە داهاتوودا بەوپێیەی حكومەتی كەركوك هێشتا سەرەتای تەمەنیەتی و لە بارودۆخێكی سەختدا پێكهێنرا، ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتی راستەقینەی حكومەتی ناوەندی هەیە بۆ دەستپێكردنی پرۆژە گەورەكانی گەشەپێدانی شار، بە تایبەت كە هەندێك لە پرۆژەكان ماوەیەكی زۆرە بە تەواوی وەستاون، لە ماوەی رابردودا دیدارمان لەگەڵ وەزیری دارایی و لێپرسراواندا هەبوو و بەڵێنی ئەوەیاندا پاڵپشتی داراییمان بۆ تەواوكردنی پرۆژە وەستاوەكان پێشكەش بكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT