بەرەی توركمانی كە بارەگای سەرەكی لە كەركوكە (یاوز حەمید)ی لە ریزەكانی دەركرد كە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كۆبونەوەی 14ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەكۆی دەنگ وەك جێگری یەكەمی پارێزگار هەڵیبژارد.
لەو كۆبونەوەیەدا كە بەرەی توركمانی، پارتی دیموكرات و سێ ئەندامی هاوپەیمانی عەرەبی بایكۆتیان كرد، یاوز حەمید، كەسایەتی ئەكادیمی توركمانی بە جێگری یەكەمی پارێزگار هەڵبژێردرا، ئەوەش دوای چەند كاتژمیرێكی كەم هات لە بەیاننامەیەكی بەرەی توركمانی كە رەتیكردەوە یاوز حەمید كاندیدی ئەوان بێت.
یاوز حەمید بە دەنگی نۆ ئەندامی ئەنجومەن كە پێنج ئەندامیان لە یەكێتیی نیشتیمانیی بوون، لەگەڵ دوو ئەندامی هاوپەیمانی قیادە و ئەندامێكی هاوپەیمانی عروبە و كۆتای كریستیان هەڵبژێردرا، لەكاتێكدا پێكهاتەی توركمان بایكۆتی حكومەتی خۆجێی و دانیشتنەكانی ئەنجومەنی كردووە و لە راگەیەنراوێكدا رەتیكردەوە یاوز حەمید كاندیدی ئەوان بێت.
رەعد ساڵح، ئەندامی پێكهاتەی عەرەبی و هاوپەیمانی قیادە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە پێچەوانەی راگەیەنراوەكەی بەرەی توركمانی، بە (كەركوك ناو)ی وت "یاوز حەمید كاندیدی ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایە لە پێكهاتەی توركمان".
یاوز حەمید كاندیدی ئەحمەد رەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگایە لە پێكهاتەی توركمان
ئەحمەد رەمزی هەرچەندە لەسەر بەرەی توركمانی هەژماردەكرێت، بەڵام نزیكە لە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆكی پێشوی بەرەی توركمانی و بەرنامەكانی ئەو جێبەجێدەكات، ساڵحی ناكۆكی قوڵی لەگەڵ سەرۆكی ئێستای بەرەی توركمانی حەسەن تۆران-دا هەیە.
بەرەی توركمانی جگە لە ئەحمەد رەمزی، ئەندامێكی تریشی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەیە بە ناوی سەوسەن جەدوع.
بەرەی توركمانی، دوای كۆبونەوەیەكی لە 21ی كانونی یەكەم راگەینراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە "یاوز حەمید پرەنسیپەكانی بەرەی توركمانی پێشێلكردووە و پابەند نەبووە بە بڕیاری بایكۆتكردنی حكومەتی خۆجێیی كەركوك و رەتكردنەوەی پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگاری كەركوك".
رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لە پشكی یەكێتی، دوای چەند كاتژمێرێك لەو راگەیەنراوەی بەرەی توركمانی، فەرمانێكی ئیداری دەركرد بۆ دەستبەكاربونی یاوز حەمید لە پۆستی جێگری یەكەمی پارێزگار بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی و هاتووە "بڕیارەكە لە 21ی تشرینی یەكەمی 2024ەوە كاری پێدەكرێت".
دانانی یاوز حەمید بە دەنگی ئەندامانی یەكێتی، هاوپەیمانی قیادە، هاوپەیمانی عروبە و كریستیان كە نۆ ئەندامی ئەنجومەنەكە پێكدەهێنن لە كۆی 16 ئەندام، بەشێكە لە تەواوكردنی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بەپیێ یاسا، چونكە بەپێی یاسا حكومەتی كەركوك پێكنایات ئەگەر هەموو پێكهاتە سەرەكییەكانی شارەكە تیایدا بەشدارنەبن.
(كەركوك ناو) نەیتوانی رای ئەحمەد رەمزی وەربگرێت، لەبارەی كاندیدبونی یاوز حەمید، سەرەڕای چەندین هەوڵ بۆ گفتوگۆكردن لەڕێی تەلەفونەوە.
20ی تشرینی یەكەم، یاوز حەمید بڵاویكردەوە كە لە دادگای تێهەڵچونەوەی كەركوك بەڕەسمی سوێندی یاسایی خواردووە و بەڵێنیدا بە داخستنی "پەڕەی ئازارەكان"و ئاماژەی دا بە پتەوكردنی "ئاسایشی ئیتیحادی" و دادپەروەری نێوان پێكهاتەكان.
"ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆمان گرتووە تەنیا پلە و پۆست نییە، بەڵكو ئەمانەتێكی قورس و مێژووییە، منیش ئەم رێبازەتان لەگەڵدا بەدڵسۆزی دەستپێدەكەم و لەپێناو هەمووان كاردەكەین بۆ خزمەتكردنی كەركوك و دانانی پایەكانی پێكەوەژیان و پەرەپێدانی واقیعی پیشەسازی، كشتوكاڵ، خزمەتگوزاریی و دابینكردنی هەلی كار بۆ دەرچووە دانەمەزراوەكان"، یاوز وایوت.
هەروەها وتی "تاڵی و ئازارەكانم وەك ئێوە چەشتووە، بۆیە پەیمان دەدەم دەنگ و پاڵپشتتانبم لە هەموو قۆناغەكاندا".
تاڵی و ئازارەكانم وەك ئێوە چەشتووە، بۆیە پەیمان دەدەم دەنگ و پاڵپشتتانبم لە هەموو قۆناغەكاندا
بەرەی توركمانی كە نوێنەرایەتی زۆرینەی توركمانەكان دەكات لە عیراق بەپێی دەنگ و كورسی پەرلەمانی و ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكان، بایكۆتی حكومەتی خۆجێی كەركوكی كردووە كە لەلایەن یەكێتی و هەردوو هاوپەیمانی قیادە و عروبە و كۆتای كریستیان لە 10ی ئابی ئەمساڵ پێكهێنراوە.
توركمان داوایانكرد پۆستی پارێزگاری كەركوك بەشێوەی خولی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە نێوان هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكەی كەركوكدا ئاڵوگۆڕ بكرێت، بەڵام یەكێتیی نیشتیمانی ئەوەی رەتكردەوە و حكومەتی خۆجێی كەركوك لە نێوان یەكێتی وەك لایەنێكی كوردی و هەردوو هاوپەیمانی قیادە و عروبە وەك لایەنی عەرەبی دوو ساڵ بە دووساڵ پێكهێنرا، ئەوەش بەپاڵپشتی تاكە كورسی كریستیان لە ئەنجومەنەكە.
لە راگەیەنراوەكەی كۆبونەوەی 21ی تشرینی یەكەمی بەرەی توركمانی، كە حەسەن تۆران سەرۆكاتی دەكرد، هاتووە "دەركردنی یاوز حەمید بەهۆی پێشێلكردنی پرەنسیپ و بۆچوونەكانی لیستی بەرەی توركمانی عیراقی یەكگرتوو بووە".
هەروەها هاتووە كە یاوز حەمید بێئاگاداریی سەركردایەتی بەرەكە پۆستەكەی وەرگرتووە، ئەوەش پێچەوانەی ئیرادەی گەلی توركمان و لیستەكەیە، "بڕیاری دەركردنی لە چوارچێوەی خەمخۆری بەرەكەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی توركمان و رێگەنەدان بەهەر كارێك كە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر یەكگرتویی بەرەكە و زیان بە خەباتەكەی بگەیەنێت".