دواى ديالە نۆرەی سەڵاحەدین هات
سەرۆكی ئەنجومەن دورخرایەوە و ئەویش هۆشداری دەدات

سەڵاحەدین/ ئەیلولی 2024/ عادل سومەیدەعی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – سەڵاحەدین

ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، هاوشێوەی دیالە لە دانیشتنێكی كتوپڕدا متمانەی لە عادل سومەیدەعی، سەرۆكی ئەنجومەنەكە وەرگرتەوە و ئەویش هەڕەشەی گرتنەبەری دادگا دەكات.

دانیشتنەكەی ئەنجومەنی سەڵاحەدین، ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی تشرینی یەكەم بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونی 9 ئەندام لە كۆی 15 ئەندام، دوای لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەنجومەن، دواتر دەنگیان بە دورخستنەوەی دا.

محەمەد حەسەن عەتیە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "دانیشتنی لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەنجومەن لەسەر داوای 10 ئەندام بوو بە سەرۆكایەتی من، دەربارەی چەند خاڵێك" بێ ئەوەی وردەكاری بخاتەڕوو.

راگەیاندنی ئەنجومەنیش تەنیا بە كورتە پۆستێك لە فەیسبوك ئاماژەی بە دورخستنەوەی سومەیدەعی كردووە بێ ئەوەی هۆكار و ناوەڕۆكی لێپرسینەوە بڵاوبكاتەوە.

"دانیشتنی یەكەمی ئەنجومەن بە لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەنجومەن كۆتاییهات و دواتر دانیشتنێكی تر كرا و بە دەنگی 9 ئەندام متمانەی لێوەرگیرایەوە" بەوتەی عەتیە.

بەپێی ياساى پارێزگا رێكنەخراوەكان لە هەرێمێكدا ژمارە 21 بۆ ساڵی 2008 – هەمواركراو ئەنجومەن دەسەڵاتی لابردنی سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەیە بە زۆرینەی دەنگی رەها لەسەر داوای سێیەكی ئەندامان ئەگەر دەستپاك نەبوو، یان هۆكاربوو بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی، یان یەكێك لە مەرجەكانی ئەندامێتی ئەنجومەنی لە دەستدا یاخود كەمتەرخەم بوو لە راپەڕاندنی ئەرك و بەرپرسیارێتییەكانیدا.

عادل سومەیدەعی، سەرۆكی دورخراوەی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین لە بەیاننامەیەكدا دورخستنەوەی رەتكردەوە و بڕیارەكەی بە "رێكارێكی نایاسایی و پشتنەبەستوو بە مەرجەكان" وەسفكرد.

"پۆستە سیادییەكان لە حكومەتە خۆجێییەكاندا دەرەنجامی رێككەوتنی گشتگیری نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەكانە، ناكرێت رێكاری تاكڕەوی بگیرێتەبەر لەلایەن هەندێك ئەندامەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی رێككەوتنەكان، كە رەنگە ئەم هەنگاوانە زیان بە سەقامگیری سیاسی هەموو پارێزگاكان بگەیەنێت" سومەیدەعی وادەڵێت.

رۆژی پێشتریش ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، لە دانیشتنێكی كتوپڕدا دەنگیدا بە لابردنی عومەر كروی، سەرۆكی ئەنجومەن لە پۆستەكەی.

سومەیدەعی "بڕیارمداوە پەناببەمە بەر دادگا بۆ سەلماندنی هەڵەی ئەو هەنگاوە نایاساییە و جەختكردنەوە لە گرنگی پارێزگاری لە چوارچێوەی یاسایی و رێككەوتنە سیاسییەكان كە گرەنتی سەقامگیری پرۆسەی سیاسی لە پارێزگاكە دەكەن.. متمانەم بە دادگا هەیە".

ناوبراو لە 4ـی شوباتی ئەمساڵ وەكو سەرۆكی ئەنجومەن لە لیستی حەسمی وەتەنی هەڵبژێردرا، لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هاوپەیمانی جەماهیر وەتەنییە هاوپەیمانی سیادە و حەسمی وەتەنی.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەن لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا وتی "رێكارەكانی ئەمڕۆ دیموكراسی بون و كەس لە سیستمەكە زویر نابێت، داواش لە لایەنە سیاسییەكان دەكەین دەستتێوەردان لە كاروباری ئەنجومەن نەكەن و ئێمە بڕیار لە چارەنوسی دەدەین و دەزانین پارێزگاكە چی پێویستە".

 

*ئەم بابەتە لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بودجە مافتە" بەرهەمهێنراوە كە لە لایەن پەیمانگەی دیموكراسی نیشتیمانی (NDI) كۆمەكی دارایی دەكرێت.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT