هيچ شتێك بە قەت ئەوە بۆ ئاسیا ئەسعەد جێی دڵخۆشی نییە، كاتێك پەنجەكانی بەسەر وەرەقەیەكی زبردا دەهێنێت و دەتوانێت بەوهۆیەوە بابەتێك بخوێنێتەوە.
ئاسیا كچە هەرزەكارێكی نابینایە، تا دوو ساڵێك لەمەوبەر، خوێندن و فێربون بۆ ئەو تەنیا خەون بوو.
"لە پەیمانگە فێری برایل بووم، لەگەڵ وانەكانی تر، پێشتر نەمدەزانی و ئێستا بەدەست لەسەر نوسینی زبر دەخوێنم و فێر دەبم" ئاسیا ئەسعەد بۆ (كەركوك ناو) وای وت، لە پۆلی پێنجی سەرەتاییە، لە پەیمانگەی تایبەت بە نابینا و كەم بینا.
پەیمانگەكە دوو ساڵە كراوەتەوە، یەكەم ناوەندی پەروەردەیی و فێربوونە بە نابینا لە قەزای دوخورماتوو-ـی سەڵاحەدین، لەوێ وانەكانی هەڵسوكەوت، بیركاری، قورئان، زانست، كۆمەڵایەتی، ئینگلیزی، عەرەبی و كۆمپیوتەر بە منداڵان دەڵێنەوە.
"وانەكان بۆ من قورس نییە، بگرە ئاسانن چونكە مامۆستاكانمان بە ئاسانكارییەوە فێرمان دەكەن.. هەتا بڵێیت دڵخۆشم كە دەخوێنم"، ئاسیا دوو برای دیكەی نابینا و كەم بینای هەیە، رۆژانە لە دەرەوەی ماڵەوەش لەگەڵ هاوڕێكانی پەیمانگەی پێكەوە یاری دەكەن، "چیتر بێزار نابم".
پەیمانگەكەی دوزخورماتوو، رۆژانە لە شەممەوە تا پێنجشەممەوە دەوام دەكەن، وەك هەر قوتابخانەیەكی دیكە مامۆستا و كارمەندیان هەیە، لەگەڵ پرۆگرامی خوێندن كە زۆرینەی بە برایل نوسراوە، ئەو نوسینەی بە شێوازێكی تایبەت و زبرە دەنوسرێت تایبەت بە نابینا، لە ناوەندی قەزاكە و هەموو ناحیە و گوندەكانی دەوروبەریەوە خوێندكار وەردەگرێت.
ئەمین نەجم، مامۆستا لە پەیمانگەی نابینا و كەم بینایانی دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ـی وت "وانەوتنەوە بۆ ئێمە قورس نییە، هەموان راهێنراوین بۆ چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ منداڵانی نابینا و ئارامگرتن و هاوكاریكردنیان، منداڵەكان لەیەكتری جیاوازن لەڕوی فێربونەوە، بەڵام بەگشتی نابینایان خاوەنی ئەو خاسیەتەن كە هەست و مێشكیان زۆرتر بەهێزە و زانیارییەكان وەردەگرن و هەست بەشتەكان دەكەن".
ئەو نیگەرانە كە هێشتا خەڵك خوێندن بۆ منداڵ و كەسوكاریان بەگرنگ نازانن و گرنگی پێنادەن، "هەندێك دەڵێن نابینایان خوێندنیان ناوێت"، مامۆستا ئەمین وتی لە پلاندا هەیە قوتابخانەیەكی هاوشێوە لە كەركوكیش بكەنەوە.
نابینایان خاوەنی ئەو خاسیەتەن كە هەست و مێشكیان زۆرتر بەهێزە و زانیارییەكان وەردەگرن
پەیمانگەكە بەشێكە لە پەیمانگەیەكی گەورەتری تایبەت بە نابینا و كەم بینا، كە لەسەر ئاستی عیراق و لە چەند پارێزگایەكدا نۆ لق یان قوتابخانەی دیكەی هەیە، سەدا 80ـی پەیمانگەكە حكومی و ئەویتر ئەهلییە، بەڵام سەر بە وەزارەتی پەروەردەیە.
ئەحمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نابینا و كەم بینا لە دوزخورماتوو بۆ (كەركوك ناو)ـی رونكردەوە دەڵێت هیچ گرفتێكیان لە ژمارەی مامۆستادا نییە، قەڵەم و دەفتەر و كتێبی ئاسایی بەكارناهێنن، بەڵكو پشت بە نوسینی زبر تایبەت بەنابینایان دەبەستن، سیستەمی خوێندنیان هەمان خوێندنی پەروەردە و خوێندنگەكانی ترە، لە هەندێكیاندا تۆماری دەنگیش بەكاردەهێنن.
پەیمانگەی نابینایان لە دوزخورماتوو، لە پۆلی یەك تا شەشی سەرەتایی تێدا كراوەتەوە، ئێستا 32 خوێندكاری هەیە.
"ناومان ناوە پەیمانگە چونكە هەڵسوكەوت و خۆپاراستن و فێربون و پەروەردەشیان فێر دەكەین"، مەرجە بۆ چونە ئەو پەیمانگەیە منداڵ نوسراوی پاڵپشتی وەزارەتی تەندروستی هەبێت و حاڵەتی نابینایی یان كەم بیناییەكەی بسەلمێنرێت، مامۆستا ئەحمەد دەڵێت لە داهاتوودا، هەوڵدەدەن خوێندن بۆ قۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەییش بكەنەوە.
هەمان دەرفەت لە خانەقین هەیە، بەڵام بۆ نابیست، بۆ یەكەمجار پەیمانگەیەك نابیستانی قەزاكە كۆدەكاتەوە تا فێری خوێندەوارییان بكەن.
خەرمان ئیسماعیل، بەڕێوبەری پەیمانگای هیوای نابیستایانی خانەقین بە (كەركوك ناو)ـی وت "منداڵ و كەسانی نابیست لە خانەقین و گوندەكان زۆرن، بەڵام لەبەرئەوەی پەیمانگەكە نوێیە و زۆر خێزانیش ئامادەنین ناوی منداڵەكانیان تۆماربكەن و بخوێنن، بۆیە ژمارەی خوێندكارەكانمان زۆر نین".
پەیمانگەكە لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە كراوەتەوە، لە هەموو ناوچەكانی قەزای خانەقین-ـی دیالە 25 نابیست ناویان تۆماركراوە، لە تەمەنی شەش تا 26 ساڵی، لەو پەیمانگەیە، كە سەر بە پەیمانگەی هیوای نابیستانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، 16 مامۆستا بە خۆبەخش وانە دەڵێنەوە، كە 12ـیان دانەمەزراون.
"قورسە بە خۆبەخشی دەوام بكەن، بۆیە داواكارین حكومەت ئاوڕمان لێبداتەوە، جگەلەوەش پێویستمان بە هاوكاریی دیكەیە، كەرەستە و وایت بۆردی كۆن و پەردەی پەنجەرەكان و پێویستیەكانمان بەتەكلیف و خەڵكی دڵسۆز بۆمانی دابینكردووە، كتێب و دەفتەر و كەرەستەی نوێی تایبەت بە نابیستانمان پێویستە، خوێندكارەكانمان ئێستا رۆژانە تەنیا بە ئاماژە و داتاشۆ دەخوێنن و هیچیترمان نییە" بەوتەی خەرمان ئیسماعیل.
هیچ ئامارێكی ورد و رەسمی لەسەر ژمارەی نابینا لە عیراق نییە، تەنیا بە گشتی دەربارەی خاوەن پێداویستی تایبەت دەزگای ناوەندی ئامار دەڵێت زیاتر لە ملیۆنێك خێزان، خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدایە.