روداوی ئاگرەكەی حەمدانییە؛ سزاكەی دادگا بە دڵی كەسوكاری قوربانییان نییە

نەینەوا/ ئەیلولی 2023/ هۆڵی هەیسەم لە حەمدانییە رۆژێك دوای روداوى كەوتنەوەی ئاگرەكە كە بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

كەسوكاری قوربانیانی ئاگرەكەی ساڵی رابردووی حەمدانییە، بڕیاری دادگا بەرانبەر بە تۆمەتبارێكی ئەو روداوە بە "نادادی" دەزانن و پێی قایل نین.

دادگای تاوانەكانی نەینەوا، 11ـی كانونی یەكەم، سزای 10 ساڵ زیندانیكردنی كاتیی سەپاند بەسەر خاوەنی هۆڵی هەیسەم بۆ بۆنەكان لە قەزای حەمدانییە.

26ـی ئەیلولی ساڵی رابردوو، ئاگر لەو هۆڵەی ئاهەنگگێڕانی هاوسەرگیری لە قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا كەوتەوە، بەهۆیەوە لانیكەم 125 كەس گیانیان لەدەستدا و دوو هێندەش برینداربون.

"بەهەموو شێوەیەک بڕیارەکەی دادگای نەینەوا رەتدەکەینەوە، چونکە زۆر نادادوەرانەیە لە بەرامبەر ئەو هەموو قوربانییەی لە روداوەکە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، نازانین لەسەر چ بنەمایەك ئەم بڕیارە دەرچووە" بەوتەی رامی یەڵدا، كە ژمارەیەك لە كەسوكاری لەو رووداوەدا لەدەستداوە.

بڕیارەكەی دادگا، پاڵپشت بە ماددەی 343ـی یاسای سزادانی عیراقی دەركراوە، كە پەیوەستە بەو كەسانەی بە هەڵە دەبنە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگر و لە نوسراوەكەدا دادگادا هاتووە؛ سكاڵاكاران و قوربانییان مافی داواكردنی قەرەبووكردنەوەیان هەیە.

چركەساتی روداوەكەی حەمدانییە، ڤیدیۆكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە بڵاوكراوەتەوە

یەڵدا جەختیكردەوە "هیچ کریستیانێک بەم بڕیارە قایل نییە، بەڵام ئیتر چی بكەین، دەبێت بەجێیبهێڵێن بۆ خوا، تەنیا ئەو دەتوانێت مافمان وەربگرێتەوە"، دەشڵێن پێیانوایە دەربڕینی ناڕەزایی سودی نەبووە و لەوە دڵنیابونەتەوە، "بڕیارەكان لە بەرژەوەندی ئێمەدا نابن".

ئەو هاوڵاتییە شەش كەس لە كەسوكاری گیانیان لەدەستداوە و دواینیان دوای 140 رۆژ لە وەرگرتنی چارەسەر چەند مانگێك لەمەوبەر بەجێیهێشتن.

وەزارەتی ناوخۆی عیراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لەسەر روداوەكە پێكهێنا، لە یەكی تشرینی یەكەم ئەنجامەكەی بڵاوكردەوە و جەختیكردەوە روداوەكە بە "ئەنقەست نەبووە"، بەڵام كەمتەرخەمی لە خاوەنی هۆڵەكە هەبووە، لەگەڵ ئەوانەی لێپرسراوێتی یارییە ئاگرینەكانیان لە ئەستۆگرتووە.

هێزە ئەمنییەكان لە دوای روداوەكە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ 14 كەس دەركرد، خاوەنی هۆتێلەكە، 10 كرێكار و سێ تێوەگلاو لە یارییە ئاگرینەكان.

ئەنجامی لیژنەی لێكۆڵنەوەش ئەوكات ناڕەزایی فراوانی كریستیانەكانی حەمدانییەی بەدواداهات، داوای لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتییان كرد، چونكە گومانیان كرد روداوەكە بە "ئەنقەست" بێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT