كەركوك: وردەكاریی شەڕ و دەمەقاڵێی نێوان پاسەوانەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن

كەركوك/ 17ی كانونی یەكەمی 2024/ دواین وێنەی پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەن، لە پێشوازی فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی. فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا

كەركوك ناو

دوو لە پاسەوانەكانی محەمەد حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك برینداربون، لە ئەنجامی شەڕو دەمەقاڵێیان لەگەڵ پاسەوانەكانی رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك، ئەوە ناكۆكییە دوای تێپەربونی چوار مانگ دێت لە رێككەوتننامەی ئۆتێل رەشید لە بەغدا، كە بەهۆیەوە پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك یەكلاییبۆوە و هەردوكیان ئەو پۆستانەیان وەرگرت.

شەڕەكە كە بۆكس و دەست بووە، دەنگی تەقەش بیستراوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی كانونی یەكەم لەناو بینای پارێزگاری كەركوك رویداوە، كاتێك پاسەوانەكانی پارێزگاری كەركوك ویستویانە پشكنین بۆ پاسەوانەكانی سەرۆكی ئەنجومەن بكەن، كە لە دەرگای پشتەوەی بینای پارێزگا چونەتە ژورەوە، ئەوەش بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەك.

یەكێك لە سەرچاوەكان جەختیكردەوە "دوو لە پاسەوانەكانی سەرۆكی ئەنجومەن برینداربون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە، بەڵام جارێ رون نییە بەهۆی گولـلەوە بووە یان نا".

سەرچاوەیەكی تر وتی "پێدەچێت شەڕەكە لە ئەنجامی لێكتێنەگەیشتن و  قسەیەك لە ئەم و قسەیەك لە ئەو  رویدابێت، بۆ ئەوە لیژنەیەك سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە، بەڵام تەقە كراوە".

ئەو دەرگایەی كە شەڕەكەی تیادا رویداوە، دەرگای هاتنەژورەوەی هاوڵاتیانە و رۆژانە پشكنین بۆ هەموو هاوڵاتیان و ئۆتۆمبێلێك دەكرێت كە بچێتە ناو بینای پارێزگا.

لەگەڵ گەیاندنی بریندارەكان بۆ نەخۆشخانە، وەفدێكی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك گەیشتە بینای پارێزگا بۆ نەهێشتنی بارگرژیی نێوان پاسەوانەكان و تەشەنەنەسەندتی گرژییەكان.

هەریەكە لە پارێزگاری كەركوك لە پشكی كورد و سەرۆكی ئەنجومەن لە پشكی عەرەب، لە 10ی ئابی ئەمساڵ پۆستەكانیان وەرگرت، ئەوەش دوای زیاتر لە هەشت مانگ لە ناكۆكی توندی نێوان پێكهاتەكانی شارەكە لە پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك.

هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەن  - دووساڵ لە دووساڵ- بە ئامادەبونی نۆ ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەكانی یەكێتیی، قیادە، عروبە و كۆتای كریستیان لە ئوتێل رەشید لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئەوەش لەكۆی 16 ئەندامی ئەنجومەن.

بەهۆی ئەو رێككەوتنەوە حەوت ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەكانی (هاوپەیمانی عەرەبی، دوو ئەندامی بەرەی توركمانی و دوو ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان) تائێستا بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنیان كردووە و دان بەو رێككەوتنەدا نانێن و سكاڵایان تۆماركردووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT