سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی: گەڕانەوەمان بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەن بەندە بە بڕیاری دادگای ئیداریی

هەردوو ئەندامەكەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك (شۆخان حەسیب و حەسەن شێخانی)

رێباز حەسەن

حەسەن شێخانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك جەختدەكاتەوە لەوەی تا دادگای ئیداریی سكاڵاكانی سەر پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك یەكلایینەكاتەوە، ئەوان ناگەڕێنەوە بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەن.

سكاڵاكان لەلایەن هەریەكە لە بەرەی توركمانی و راكان سەعید، پارێزگاری پێشوی كەركوك، لە دژی دانیشتنی 10ـی ئابی 2024ی هۆتێل رەشید-ـی بەغدا تۆماركراون كە بەهۆیەوە حكومەتی خۆجێی كەركوك پێكهات و پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن هەڵبژێردران، ئەوەش بە ئامادەبونی نۆ ئەندام لە كۆی 16ی ئەندامی ئەنجومەن.

حەسەن شێخانی بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەردەوامی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دوامی فەرمی خۆمانکردووە، بەڵام بۆ بەشداریکردن لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەن چاوەڕێی ئەنجامی یەکلایکردنەوەی ئەو سکاڵایانەین کە لەسەر ئیدارەی پارێزگاکە لە دادگای ئیداریی تۆماركراون".

هەروەها دەربارەی بڕیاری داهاتویان لەحاڵەتی رەتكردنەوەی سكاڵاكان یان قبوڵكردنیان، وتی "لە دوای ئەنجامی دادگا سەرکردایەتی سیاسیمان بڕیاری خۆی دەبێت و ئێمەش بە گوێرەی ئەوە بڕیار دەدەین بەشداری کۆبونەوەکان بکەین یاخود نا".

ئەوەش لەكاتێكدایە بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە 24ی كانونی یەكەم دادگای ئیداریی بڕیار لەسەر سكاڵاكانی دژ بە پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك بدات، بەڵام جارێكی تر دواخرا.

سكاڵاكەی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی بەهاوبەشییە لەگەڵ سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا دژی نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە كوتلەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قیادە (عەرەبی)، عروبە (عەرەبی) و كۆتلەی بابلیۆن (كۆتای كریستیان)، لە نێویاندا رێبوار تەها و محەمەد حافز، كە ئێستا وەكو پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن كارەكانیان راییدەكەن.

بەڵام راكان جبوری، پارێزگاری پێشووی كەركوك بە وەكالەت و سەرۆكی هاوپەیمانی عەرەبی، بە تەنیا و وەك بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن سكاڵاكەی تۆماركردووە دژی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا.

ناوەڕۆكی هەردوو سكاڵاكە بۆ پوچەڵكردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكە لە 10ـی ئابی 2024، كە لە هۆڵێكی هۆتێل رەشید-ـی بەغدا بەڕێوەچوو و تیایدا، هەریەك لە پۆستەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و بڕیاردەری ئەنجومەن، پارێزگار و یەكێك لە جێگرەكانی یەكلاییكرانەوە، بە سەرپەرشتی 9 ئەندامی ئەنجومەن لە كۆی 16 ئەندام، سەرباری بایكۆت و ناڕەزایی حەوت ئەندامی دیكەی ئەنجومەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT