محەمەد ئیبراهیم حافز، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە تەواوی ئامادە و بەهێز خۆی نیشاندەدات، بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی و جەخت لەوەدەكاتەوە، لەگەڵ تیمی ئەندامانی ئەنجومەن زیاتر لەوەی پێویستە پێشكەشی دەكەن، بە هەماهەنگی لەگەڵ رێبوار تەها، پارێزگار و جێگرەكانی.
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەت لەگەڵ (كەركوك ناو)، حافز دوای دەستبەكاربوونی لەو پۆستەدا، وتی "دۆسیەی گرێبەستی وەزیفی لە پێشینەی كارەكانماندایە، جگە لەوەش كار بۆ پاڵپشتی گەنجان و رۆژنامەنووسان دەكەین".
محەمەد حافز، 10ـی ئاب لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هۆتێل رەشید-ـی بەغدا، لە پشكی (قیادە) وەكو سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا هەڵبژێردرا و 18ـی هەمان مانگ، بەڕێوڕەسمێك كارەكانی بە رەسمی لە باڵەخانەی هاوبەشی ئەنجومەن و دیوانی پارێزگا لە باشوری كەركوك دەستپێكرد.
لە مەراسیمەكەدا پارێزگار و ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەن لە كوتلەكانی یەكێتیی، عەرەبی و كۆتای كریستیان و كەسایەتیی ئامادەبوون.
دوای هەشت مانگ لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن، ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 24ی ئاب یەكەم كۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا و سێ كاری وەك پێشنەی كارەكانی خۆی دیاریكرد، ئەوانیش هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، دانانی میكانیزمێك بۆ دامەزراندنی 7000 كەس و كاركردن بۆ بەشداریكردنی ئەو ئەندامانەی بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنیان كردووە. بەڵام هێشتا دیار نییە كەی بۆ پرسی دانانی بودجە لەگەڵ پارێزگار هەنگاودەنێن.
حافز وتی "لە رۆژانی نزیكی ئایندەدا پرۆسەی دامەزراندن بە گرێبەست دەستپێدەكات، كە رۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی ئەو بارگرانییەی لەسەر شانی گەنجانی دەرچووی زانكۆ و پەیمانگاكان هەیە، نوسراوێكی رەسمی بۆ پارێزگا دەنێرین تا رێكارەكانی ئەو پرۆسەیە دەستپێبكات".
لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكە دوای دەستبەكاربونی لە 24ی ئاب، كە ناوبراو سەرۆكایەتی كرد، سێ ئەولەویەتی كارەكانی ئەنجومەنی دیاریكران، محەمەد حافز وتی "ئەوەی لە یەكەم كۆبونەوەدا بڕیارمان لەسەردا ئەوەبوو میكانیزمێك دابنێین بۆ ئەو 7000 پلە وەزیفییەی بۆ پارێزگای كەركوك دانراوە، بۆ ئەوەش لیژنەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك پێكدەهێنین"، لیژنەكە بۆ ئەوەیە كەس زوڵملێكراو نەبێت و مافی نەخورێت، هەروەها هەموو پێكهاتەكان مافی خۆیان وەربگرن.
بەپێی یاسای كاری پارێزگاكان، ئەنجومەنی پارێزگا باڵاترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێرییە بەسەر كارەكانی حكومەتەوە لەسنوری پارێزگاكەیدا، جگەلەوەش ئەركێكی سەرەكی، گفتوگۆ و پەسەندكردنی پرۆژەی بودجەی پارێزگاكەیە، كە پێویستە لەڕێی پارێزگارەوە رەوانەی ئەنجومەن بكرێت.
"لە هەموو رویەكەوە دەبین بە پاڵپشت بۆ دۆسیەی ئیدارەدانی كەركوك، چاودێری كارەكانی پارێزگار و هەموو فەرمانگە حكومییەكانی پارێزگاكە دەكەین" سەرۆكی ئەنجومەن وای وت.
لە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەندا تەنیا نۆ ئەندام بەشداربون، محەمەد حافز وتی "گفتوگۆمان كرد و دەنگماندا بۆ دروستكردنی لیژنەیەك بۆ هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن"، ئەمەش یەكێكی ترە لە پێشینەی كارەكانیان.
نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا لە كۆی 16 ئەندام، 10ــی ئاب لە بەغداوە توانییان رێژەی یاسایی ئامادەبون تەواو بكەن و سەرۆكایەتی ئەنجومەن و پایەكانی ئیدارەی خۆجێیی دابنێن، سەرباری ناڕەزایی و بایكۆتی ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن لە كوتلەی عەرەبی (هاوپەیمانی عەرەبی بە سێ كورسی و سەرۆكایەتی راكان جبوری) و توركمانی (بەرەی توركمانی دوو كورسی) كوردی (پارتی بە دوو كورسی).
نیو كاتژمێر دوای دەستبەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەنجومەن، محەمەد حافز رۆژەكەی بە "رۆژێكی مێژویی و سەرەتای قۆناغێكی نوێ بۆ كەركوك" وەسفكرد، دوای چەندین ساڵ لە نەبوونی ئیدارەی نوێی خۆجێیی و بێبەشبوونی هاوڵاتیانی پارێزگاكە لە هەڵبژاردن، بەوپێیەی كەركوك تەنیا لە 2005ـدا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی كردووە و بەهۆی ناكۆكی حزبەكانەوە دواتر هەڵبژاردن نەكراوە.
محەمەد حافز ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان هەر لەیەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەندا بڕیاریانداوە لەپێناو بەشداریكردنی ئەو حەوت ئەندامەی كە بایكۆتی كۆبونەوەكانیان كردووە، لەڕێی لیژنەیەكەوە سەردانیان بكەن، تاوەكو پێكەوە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەنگاوەكانیان بۆ خزمەتكردن دەستپێبكەن.
"پاڵپشتی گەورەی ئێمە بۆ گەنجان و رۆژنامەنووسان دەبێت، تا ماف و شایستەكانیان وەربگرن، بڕگە و ماددەكانی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان جێبەجێدەكەین كە جەخت لەوەكاتەوە پێویستە هەموان لە حكومەتی خۆجێیی بەشداربن، بەبێ پەراوێزخستنی هیچ لایەن و پێكهاتەیەك".
دەسەڵات لە كەركوك بەپێی نوێنەرایەتیكردنێكی دادپەروەرانە دابەشدەكرێت، كە زامنی بەشداریكردنی پێكهاتەكانی پارێزگاكە بكات بەدەر لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان، وەكو لە ماددەی 35ـی تایبەت بە پارێزگای كەركوك هاتووە لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواركراو.
حافز دەڵێت "پۆستی زۆرمان بۆ توركمان بەجێهێشتووە تا ئەوكاتەی دەگەڕێنەوە بۆ دانیشتنەكانی ئەنجومەن". ئەوەش لەكاتێكدایە بەرەی توركمانی و بەشێك لە ئەندامانی عەرەبی سكاڵایان دژی دانیشتنەكەی ئەنجومەن لە بەغدا و یەكلاكردنەوەی پۆستەكان بردۆتە دادگای فیدراڵی، چاوەڕێی هەڵوەشاندنەوەی دەكەن.
سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك رونیكردەوە "لەگەڵ هاوبەشەكانماندا كاردەكەین بۆ گەشەپێدانی كەرتی پیشەسازی، دۆسیەی خزمەتگوزارییەكان، پاككردنەوە و كاركردن وەكو یەك تیم لەگەڵ ئیدارەی كەركوك، تا پێكەوەژیانی ئاشتییانەی راستەقینە بەدەستدەهێنین".
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 كورسی پێكهاتووە؛ كورد خاوەنی حەوت ئەندامە، پێنجیان لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و دوانیان لە پارتی دیموكراتی كوردستان، پێكهاتەی عەرەب شەش كورسی هەیە كە سێ ئەندام لە هاوپەیمانی عەرەبی، دوو كورسی قیادە و كورسییەكی عروبە، توركمان دوو كورسی هەیە و لەگەڵ یەك كورسی كۆتای كریستیان.