نەشئەت شاهوێز، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك جەختدەكاتەوە لەوەی هۆكاری دواكەوتنی پرۆسەی دامەزراندنی 7 هەزار و 304 فەرمانبەری پارێزگاكە بەشێوەی گرێبەست، پەیوەندی بەوەوە هەیە كە "پرسەكە ئاڵۆزە" و وتی "دەبێت رێوشوێنێكی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە كە هەموو لایەك پێی رازی بن".
ئەو حەوت هەزار پلە وەزیفییە لە یەكەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە 24ی ئابی رابردوو لیژنەی بۆ پێكهێنرا و پارێزگاری كەركوكیش چەند جارێك جەختیكردۆتەوە لەوەی لە نزیكترن كاتدا رایدەگەیەنن.
نەشئەت شاهوێز، سەرۆكی فراكسیۆنی كەركوك هێز و ئیرادەمانە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، لەم چاوپێكەوتنەدا دەڵێت "هێشتا هیچ دابەشكاریی و رێككەوتنێك لەسەر دامەزراندنەكە نەكراوە".
كەركوك ناو: پرسی دامەزراندنی حەوت هەزار و 304 فەرمانبەر بەشێوەی گرێبەست بە كوێ گەیشت؟
نەشئەت شاهوێز: تا ئەمکاتەی کە ئێمە قسەی تیادەكەین، هیچ دابەشکارییەک و رێکكەوتنێک نەکراوە، هەموو ئەوەی هەیە قسە و قسەڵۆکە. ئێمە وەک ئەنجومەنی پارێزگا تەنیا کارمان چاودێرییە بەسەر کارەکانی پارێزگار و حکومەتی خۆجێی، پرسی دامەزراندنی فەرمانبەرانیش لە لایەن دیوانی پارێزگارەوە رایی دەکرێت نەک ئێمە. یەکێک لە هۆکارەکانیش کە تائێستا پلاتفۆرمەكان كارا نەبون و دامەزراندنەكە بە ئۆنڵاین كارا نییە، ئەوەیە کە رێکكەوتن لەسەر دابەشكاریی دامەزراندنەكە لە نێوان پێكهاتەكاندا نەكراوە.
كەركوك ناو: تێگەیشتنی ئێوە بۆ پرۆسەكە چۆنە؟ بەتایبەت بۆ پرسی دابەشكارییەكە؟
نەشئەت شاهوێز: ئێمە وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک ئەو دابەشکارییەی كە لە حكومەتی پێشودا كراوە قبوڵیناكەین، چونکە دابەشکراییەکە واكرابوو كە هەموو دامەزراندنەكە بۆ یەك نەتەوە بوو. پێکهاتەکانی تری شارەکە لێی بێبەشبون، پێمانوایە ئەمجارە دەبێت بە شێوازێکی یەکسان هەموو پێکهاتەکان لێی سودمەندبن، ناهێڵین ئەوەی پێشتر دوبارەبێتەوە، بە تایبەتیش بێبەشكردنی پێکهاتەی کورد. تەمەننامان دەكرد هەر 16 ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگا لەناو كۆبونەوەكاندا بونایە، بۆ ئەوەی گفتوگۆمان لەسەر ئەو پرسە کردبا و بە شێوازێکی یەکسان هەموو پلە وەزیفییەکانمان دابەشکردبا، بەڵام کە ئێستا ئەوانیش نەیەن بۆ کۆبونەوەکان کارێک دەکەین کە هیچ پێکهاتەیەک لێی بێبەش نەبێت و مافی نەخورێت.
كەركوك ناو: ئەگەر ئەو ئەندامانەی بایکۆتی کۆبونەوەکانی ئەنجومەنیان کردووە، ئامادەی کۆبونەوەکان بوونایە یەكلاییكردنەوەی ئەو حەوت هەزار پلە وەزیفییە خێراتر دەبوو؟
نەشئەت شاهوێز: نەخێر ئەوە پرسە پەیوەندی بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە نییە، چونکە ئەو پرسە لە دیوانی ئەنجومەنی پارێزگایە، هۆکاری دواکەوتنیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەم پرسە هەر خۆی ئاڵۆزە، دەبێت رێوشوێنێكی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە و هەموو لایک لێی رازیبن و هەقی خۆیان وەربگرن، ئێمە وەک ئەنجومەن تەنها کارمان ئەوەیە کاتێك دیوانی ئەنجومەن بڕیاریدا، ئێمە وەكو ئەنجومەن چاودێریی بکەین و بڕیارەکەیان قبوڵبکەین یاخود رەتیبکەینەوە.
كەركوك ناو: حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەردانی پارێزگاری كەركوك و فراكسیۆنەكەی ئێوەی كرد، سەردانەكەی بۆ پرسی گەڕانەوە بوو بۆ كۆبونەوەكانی ئەجومەن؟
نەشئەت شاهوێز: بەڕێز حەسەن شێخانی برای ئێمەیە و كەسێكی بەڕێزە، سەردانەکەی بۆ لای هەردوو بەڕێزان پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن پەیوەندی بە روداوێكەوە هەبوو کە لەناو بینای پارێزگا رویدا بوو، ئامانج لێی ئەوە بوو روداوەکان گەورەتر نەبن و چارەسەر بکرێن. ئەو سەردانە گرنگ بوو.
كەركوك ناو: كاروبارەكانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک چۆن بەڕێوەدەچن؟ ئاستەنگییەكانی بەردەم كۆبونەوەكانی ئەنجومەن چین؟
نەشئەت شاهوێز: بەشێوەیەكی گشتی تا ئێستا نۆ کۆبونەوەی ئەنجومەنمان كردووە، بەڵام لە ئێستادا یەکێک لە ئەندامەکانی ئەنجومەن، بە بیانوی نەخۆشییەوە بەشداری کۆبونەوەکان ناکات، لەبەرئەوەیە نەمانتوانیوە نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەكان تەواوبكەین. هەر بۆیە کۆبونەوەکان و راوەستاون، چاوەڕێین ئەو ئەندامەمان چاکبێتەوە و بگەڕێتەوە کۆبونەکانی ئەنجومەن.
كەركوك ناو: چەند كۆبونەوە بەهۆی پاساوی نەخۆشی ئەو ئەندامەوە پەكیكەوتووە؟
نەشئەت شاهوێز: سێ كۆبونەوە، چونكە بەهۆی ئەوەوە نیسابی یاسایی تەواونەبووە، ئەو ئەندامەش زاهیر ئەنوەر عاسییە لە هاوپەیمانێتی عروبە.
كەركوك ناو: لەڕوی یاساییەوە رێکارەکان چین بەرامبەر ئەو ئەندامانەی کە چەند کۆبونەوەیەک بەبێ بیانوو بەشداری نەکەن؟ بۆ نمونە بەرەی بایكۆت كە حەوت ئەندامن.
نەشئەت شاهوێز: بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجومەن هەر ئەندامێک چوار کۆبونەوە لەسەر یەک بەشداری نەکات، ئەوا سەرۆکی ئەنجومەن دەتوانیت رێکاریی یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر و ئەندامێتی لێ وەربگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا كە ئێمە و سەرۆکی ئەنجومەن ئەو رێكارەمان نەگرتۆتەبەر ئامانجمان ئەوەیە ئاڵۆزییەکان لەوە زیاتر نەبن و دۆخەکە ئارامبێتەوە، دەمانەوێت ئەوانەی بایکۆتی کۆبونەوەکانیان کردووە بگەڕێنەوە.
كەركوك ناو: ئایا بارودۆخی ئێستای سوریا هیچ كاریگەرییەكی هەیە بۆ جموجوڵی داعش لە كەركوك و ناوچەكانی تر؟
نەشئەت شاهوێز: من ئەوەی کە تێبینیم کردووە، ئەو گۆڕانکارییانەی لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رودەدەن کاریگەری لەسەر هەموو گۆڕەپانی عیراق هەیە نەک تەنیا کەرکوک، بەڵام هێشتا هیچ روداوێکی نەخوازراو روینەداوە.
ئێمە وەک ئەنجومەن و لیژنەی ئەمنی كە خۆم لێپرسراوی ئەو لیژنەیەم، بەردەوام لەگەڵ ئەنجومەنی ئەمنی کەرکوک و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆدەبینەوە و لەگەڵ جەنابی پارێزگار بە بەردەوامی رێنمایی دەدەین بە لایەنە ئەمنییەکان بۆ ئەوەی ئامادەکاریی تەواوی خۆیان بکەن بۆ هەموو ئەگەرێک.