دوو وەزیری پارتی و یەكێتی تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆییەكانی كەركوك بە لیژنە دەسپێرن، لەكاتێكدا تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ لە تەواوی عیراق دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو بڕیارە كە لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە، وەزیرانی پارتی و یەكێتی روبەڕوی رەخنە كردۆتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق لە 13ی كانونی دووەم بڕیاریدا تەواوی خانووە زیادەڕۆكانی پارێزگاكانی عیراق تاپۆبكرێن، جگە لە كەركوك، بڕیارەكە بۆتە جێی نیگەرانی هاوڵاتیانی كەركوك و هەندێك لایەنی سیاسی، بۆ ئەوەش پارتی و یەكێتی كە تاكە دوو حزبی كوردین كە لە حكومەتی عیراقدا بەشدارن تۆمەتباردەكرێن.
ئەحمەد خەلیل، كوردێكی نیشتەجێی خانویەكی بێ تاپۆیە لە كەركوك، وتی توشی سەرسوڕمان بووە كاتێك زانیویەتی لە تەواوی عیراق تەنیا خانووە زیادەڕۆكانی كەركوك تاپۆناكرێن، "بۆچی تەنیا خەڵكی كەركوك بێبەشدەكرێن؟"، زیاتر وتی "ئەمە مانای وایە حزبە كوردییەكانی دەسەڵات بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوکیان ناوێت، داكۆكی لە شارەكە و مافی خەڵك ناكەن، تەنیا ئەگەر پرسەكە ئابوری بێت بۆ نمونە نەوت بێت داوای هاوبەشی دەكەن".
بڕیارەكە مانای وایە حزبە كوردییەكانی دەسەڵات بەرژەوەندی خەڵکی کەرکوکیان ناوێت
ئومێد محەمەد، نوێنەرێكی كەركوك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتی "لەم بڕیارەدا كورد تاكە زەرەرمەندە، چونكە زۆربەی ئەو گەڕەكانەی تاپۆنەكراون گەڕەكی كوردین"، زیاتر وتی "بریارەكە دەرخەری ئەوەیە هەردوو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆیان دەچنە ناو حکومەتە یەکلەدواییەکەکانی عیراقەوە".
ئومێد كە خۆی لە فراكسیۆنی نەوەی نوێیە و ئۆپۆزسیۆنە، وتی "تەنیا ئەو دوو حزبە لە حكومەتدا بەشدارن و بڕیارەكەش لە ئەنجومەنی وەزیران دەرچووە كە پارتی و یەكێتی لەوێ نوێنەرایەتی كورد دەكەن، بۆیە دەبوو خاكی كەركوكیان بەلاوە گرنگ بوایە".
بەپێی ئامارێكی شارەوانی كەركوك، نزیكەی 90 هەزار خانوی بێ تاپۆ لە كەركوك هەن و زۆرینەی خانووەكان كورد تیایاندا نیشتەجێیە.
بەگشتی بەشی زۆری ئەو خانووانە لە ساڵی 2003وە دروستكراون كاتێك ئیدارەی كەركوك زەوی بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشكرد كە بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی بەعس ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بون و دوای روخانی رژێم گەڕانەوە شارەكەیان.
هەندێك لە هاوڵاتیان لەوانەش ئەحمەد خەلیل، هەرچەندە پارتی و یەكێتی بە كەمتەرخەم لەو بڕیارەدا تۆمەتبار دەكات، پێیوایە خەڵكی كەركوك بونەتە قوربانی ململانێیەكانی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم. "دەڵێن بەنگین رێكانی، وەزیری شارەوانی لە پشكی پارتی ئەو بڕیارەی دژی کەرکوکییەکانداوە".
بەڵام بەپێی نوسراوێكی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران كە لە 13ی كانونی دووەم واژۆكراوە، دوو وەزیری كورد، بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردنەوە، نیشتەجێكردن و شارەوانی لە پشكی پارتی و خالید شوانی، وەزیری داد لە پشكی یەكێتی، لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا داوایانكردووە تاپۆكردنی خانووە زیادەڕۆكانی كەركوك بە لیژنە بسپێردرێت.
نوسراوەكە هیچ رونكردنەوەیەكی لەسەر داواكاریی ئەو دوو وەزیرە كوردە نەداوە، تەنیا هاتووە "لەسەر بنەمای ئەوەی ئەوان خستیانەڕوو، رەزامەندی لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك دراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەو زەوییانەی كەوتونەتە چوارچێوەی نەخشەی بنەڕەتی كەركوك كە موڵكی شارەوانییەكانن و بە شێوەیەكی یاسایی ئیفرازكراون، بەڵام لەكاتەكانی پێشتردا زیادەڕۆییان لەسەر كراوە بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ چارەسەركردنی".
لەخاڵێكی تری بڕیارەكەدا هاتووە كە لیژنەكە لە ماوەی 90 رۆژدا راسپاردەكانی بۆ ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەكاتەوە، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە 28ی تشرینی دووەمی 2022شدا بڕیارێكی تری هەبوو بۆ تاپۆكردنی تەواوی خانووە زیادەڕۆكان لەسەر ئاستی عیراق بە كەركوكیشەوە، ئەوكات شارەوانی كەركوك نزیكەی 90 هەزار داواكاریی بۆ تاپۆكردن بەدەستگەیشت، بەڵام پرۆسەكەبەبێ هیچ رونكردنەوەیەك راگیرا.
"زۆرترین ئەو داواكارییانەی بۆ تاپۆكردن هاتووە لە ناوچە كوردنشینەكانەوە بووە، نزیكەی 10 گەڕەكی سەرەكی (زیادەڕۆ)ـمان هەیە كە حەوت گەڕەكیان كوردنشینن، دەتوانم بڵێم سەدا 70ـی داواكارییەكانی تاپۆكردن كورد و لە ناوچە كوردییەكانەوەن" بەوتەی فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری پێشوی شارەوانی كەركوك.
عەدنان شکور، وتەبێژی شارەوانی کەرکوک، جەختیكردەوە كە لەسەر بنەمای بڕیارەكەی پێشوی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە ساڵی 2022 و بەهۆی ئەوەی فۆرمی نزیكەی 90 هەزار كەسیان لایە بۆ تاپۆكردنی خانووی زیادەڕۆ، هەر بڕیارێك لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێت ئەوان دەتوانن بە زویی رێكارەكان تەواوبكەن.
بەپێی ئامارەكانی ئیدارەی كەركوك، پارێزگاكە لە دوای هەریەكە لە بەغدا و بەسرە، سێیەم پارێزگایە لە زیادەڕۆییدا، لە بەغدا زیاتر لە 130 هەزار زیادەڕۆی خانوو و لە بەسرە زیاتر لە 90 هەزار هەیە.
پارتی و یەكێتی كە لە ئەنجومەنی وەزیرانن كەواتە بەشێكن لە بڕیارەكە، ئەگەر وانییە بۆ ئامادەنین رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بدەن
ئەحمەد خەلیل وتی "بۆچی بڕیارەكە بۆ هەموو عیراق هەیە، بەڵام بۆ كەركوك نییە"، ئەمەش ئەو پرسیارەیە كە هێشتا ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی یەكێتی و پارتی هیچی لەبارەوە ناڵێن. (كەركوك ناو)، سەركەوتوو نەبوو لەڕێی نوسینگەكانیانەوە رای ئەو دوو وەزیرەی كورد وەربگرێت.
ئەحمەد کەرکوکی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە (کەرکوک ناو)ی وت "هەر کەسێك لە پشتی بڕیاری راگرتنی تاپۆكردنی خانووەكانی كەركوكەوە بێت بڕیارێكی خراپە و لە بەرژەوەندی خەڵكی كەركوك نییە، بەتایبەت نەتەوەی كورد".
وتیشی "بڕیارە لیژنەیەك لە بەغداوە سەردانی كەركوك بكات و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو گەڕەكانە بكات كە لە دوای ساڵی 2003وە دروستكراون".
بەڵام ئومێد محەمەد وتی "ئەگەر پارتی و یەكێتی خەڵك و خاکی کەرکوکیان بەلاوە گرنگ بوایە، دەبوایە دوای دەرچونی بڕیارەكە وەزیرەكانیان دەستیانلەكاربكێشایەتەوە... ئەوە گەورەترین شكستە لە سایەی پارێزگارێكی كورد و بە ئامادەبونی وەزیرانی كورد بڕیارێكی لەو شێوەیە بدرێت". زیاتر وتی "ئەوان كە لە ئەنجومەنی وەزیرانن كەواتە بەشێكن لە بڕیارەكە، ئەگەر وانییە بۆ ئامادەنین رونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی بدەن... ئەگەر پارتی هۆكاربێت دیارە یەكێتیش بێ هەڵوێستە".
فایەق عەبدولکەریم، نیشتەجێی گەڕەكێكی بێ تاپۆ لە كەركوك، لە ساڵی 2022 فۆرمی پێشكەش كردووە بۆ تاپۆكردنی خانووەكەی، وتی "بڕیارەكە دژی خەڵكی كەركوكە و ستەممان لێدەكرێت"، داوایشكرد وەكو پارێزگاكانی تر مامەڵە لەگەڵ كەركوكدا بكرێت.