شارەوانی كەركوك، نزیكەی 90 هەزار داواكاری بەدەست گەیشتووە بۆ تاپۆكردنی خانووی زیادەڕۆ، ئەوەش لە ماوەی تەنیا سێ مانگدا كە زۆرینەیان لە ناوچە و گەڕەكە كوردنیشینەكانی پارێزگاكەن.
پرۆسەی وەرگرتنی داواكاری هاوڵاتیانی كەركوك، لە كانونی دوەمی 2023ـەوە دەستیپێكرد و ماوەی 90 رۆژ بەردەوام بوو، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردودا بۆ تاپۆكردنی تەواوی خانووە زیادەڕۆكان لەسەر ئاستی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان.
فەرەیدون عادل، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەرگرتنی مامەڵەی تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ كۆتاییهاتووە و لەو 90 رۆژەی پرۆسەكەدا، نزیكەی 90 هەزار هاوڵاتی مامەڵەیان پێشكەشكردووە".
شارەوانی لەڕێی شەش كەرتەوە داواكاری هاوڵاتیانی وەرگرت؛ ئەوەش بەپێی فۆڕمێكی ئامادەكراو، كە تیایدا داواكار زانیارییە كەسییەكانی خۆی تۆماردەكات، لەگەڵ ژمارەی زەوییەكە و كەرتەكەی ئەگەر هەبێت، جگە لە روبەڕی خانووەكە، ناونیشان و چەند بەڵگەنامەیەكی دیكەی پێویست وەك پێناسی باری شارستانی و رەگەزنامە (یاخود تەنیا كارتی نیشتیمانی)، كارتی نیشتەجێبون و فۆڕمی خۆراك.
"زۆرترین ئەو داواكارییانەی بۆ تاپۆكردن هاتووە لە ناوچە كوردنشینەكانەوە بووە، نزیكەی 10 گەڕەكی سەرەكی (زیادەڕۆ)ـمان هەیە كە حەوت گەڕەكیان كوردنشینن، دەتوانم بڵێم سەدا 70ـی داواكارییەكانی تاپۆكردن كورد و لە ناوچە كوردییەكانەوەن" بەوتەی بەڕێوەبەری شارەوانی.
فەرەیدون عادل رونیكردەوە كە چاوەڕێی رێنمایی نوێ دەكەن، بۆ هەر هەموار و زانیارییەكانی نوێ دەربارەی رێكارەكانی تاپۆكردن و وردەكاری دیكە، تا هەموو پرۆسەكە یەكلابێتەوە و مامەڵەی هاوڵاتیان جیابكەنەوە، "بۆ نمونە هەندێك شوێنی وەك گەڕەكی شۆرا یان باروتخانە بڕیاری تاپۆكردن دەیانگرێتەوە یاخود نا، ئەمە ئێمەش هێشتا نایزانین، بۆیە دەبێت بڕیار و رێنماییمان بەدەستبگات".
بڕیاری تاپۆكردنی خانوی زیادەڕۆ بەهیچ شێوەیەك زەوی ناگرێتەوە، هەركەسێكیش یەك خانوی لەسەر تاپۆ دەكرێت، بەپێی رێنماییەكان دەبێت ئهو کهسەی داواكاری پێشكەش دەكات، سودمهندی یهکهمی زهوییهکه بێت، بهپێی ئهو داتا و بەڵگانەی كە پێشكەشی یهکه شارەوانییەكانی دەكات، هەروەها داواكار دەبێت تەنیا یەك پارچە زەوی بەناوەوە بێت.
هەروەها لە تاپۆكردندا لیژنەیەكی تایبەتمەند خەمڵاندن بۆ نرخی زەوییەكان دەكەن بەپێی رێكارەكانی یاسای فرۆشتن و بەكرێدانی موڵكی دەوڵەت ژمارە 21ـی ساڵی 2013.
بەڕێوەبەری شارەوانی دەڵێت یەكلاییكردنەوەی 90 هەزار مامەڵە پرۆسەیەكی ئاسان نابێت، لەكاتێكدا كارمەندی پێویستیان نییە، لە ئێستاشدا هیچ بڕیار و رێنماییەك نییە جارێكی دیكە فۆڕی داواكاری بۆ تاپۆكردن لە هاوڵاتیان وەربگرن، "شوێن نەما من هاواری تیا نەكەم تا هاوڵاتیان مامەڵەكانیان پێشكەشبكەن ... بەڵام هەندێك كەس گوێیان پێنەدا و لەو سێ مانگەدا داواكارییان پێشكەش نەكرد".
له دوای ساڵی 2003 و نهمانی رژێمی بهعس به سهرۆكایهتی سهدام حسێن، ههزاران خانوو لهسهر ئهو زهوییانه بنیاتنراون كه موڵكی دهوڵهت بون له پارێزگاكانی عیراق.
تەنیا لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە 70 هەزار خانوو و باڵەخانەی بازرگانی زیادەڕۆ هەن؛ كە سێیەم پارێزگایە لە زیادەڕۆییدا دوای هەریەك لە بەغدا (زیاتر لە 130 هەزار زیادەڕۆیی) و بەسرە (زیاتر لە 90 هەزار زیادەڕۆیی)، بەپێی ئامارەكانی قایمقامیەت و شارەوانی كەركوك كە پێشتر بە (كەركوك ناو) دراون.