كەركوك سێیەمە لە زیادەڕۆییدا؛ شەڕی خەڵك و حكومەت دەچێتە دادگا

كەركوك/ كانونی دوەمی 2022/ ژمارەیەك لە خانوەی زیادەڕۆی گەڕەكی موسەیەجەی عەرەفە كە چەندجارێك داواكراوە چۆڵبكرێن تا بڕوخێنرێن فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

عیرفان قادر لەبەردەم دوو بژاردەی قورسدایە؛ یان دەبێت تەحەدای ئیدارەی كەركوك بكات یاخود ماڵەكەی بباتە سەر شەقام، چونكە خانوەكەی بە زیادەڕۆیی بنیاتناوە.

خانوەكەی لە گەڕەكی موسەیەجەی عەرەفەیە لە ناوەندی شاری كەركوك؛ زەوییەكەی موڵكی كۆمپانیای نەوتی باكور سەر بە وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدراڵی عیراقە، كە دوای چەندین ساڵ لە بێدەنگی، ئێستا ئەو وەزارەتە داوای دەكاتەوە.

داواكەی كۆمپانیای نەوتی باكور؛ خەریكە ماڵ لە عیرفان قادر و چەندین خێزانی دیكەی ئەو گەڕەكە تێكدەدات؛ كە بەشێكیان 19 ساڵە لەوێ جێگیربون.

"لە دوای 2003ـەوە گەڕاومەتەوە بۆ كەركوك و لێرە دوو هۆدەم دروستكردووە، واتە ژیانێكی كولەمەرگی لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانم بەڕێدەكەم" عیرفان بۆ (كەركوك ناو) وای وت، لەوەش توڕەیە رێگەنادرێت درێژە بەو ژیانەی بدات.

گەڕەكی موسەیەجە 250 خێزانی تێدا نیشتەجێیە و زیاد لە جارێك ئاگاداركراونەتەوە خانوەكانیان چۆڵبكەن، چونكە كۆمپانیای نەوتی باكور دەیانڕوخێنێت و زەوییەكەی دەوێتەوە، ئەوەش پاڵپشت بە بڕیاری دادگا كە خاوەندارێتی زەوییەكە بۆ ئەو كۆمپانیایە دەسەلمێنێت و پێویستە ئیدارەی كەركوك جێبەجێیبكات.

بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) دانیشتوانەی ئەو گەڕەكە ئامادەنین خانوەكانیان چۆڵبكەن، ئەگەر لانیكەم بە پارە یان زەوی یان شوێنێكی دیكەی نیشتەجێبون قەرەبوو نەكرێنەوە.

عیرفان قادر وتی "ئەگەر توانای داراییم باشبوایە منیش وەك هەر هاوڵاتییەكی تر لە شوێنی باشتر و گونجاوتر خانویەكی باشم دروستدەكرد و لێرە نەدەمامەوە".

ahangakan (3)
كه‌ركوك/ تشرینی یه‌كه‌می 2020/ گریان و ناڕه‌زایی ژنێك دژی هەوڵی روخاندنی خانوەكەی كە بە زیادەڕۆیی لە ناوچەی گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان بنیاتیناوە فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

له‌ دوای ساڵی 2003 و نه‌مانی رژێمی به‌عس به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن، هه‌زاران خانوو له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ بنیاتنراون كه‌ موڵكی ده‌وڵه‌ت بون له‌ پارێزگاكانی عیراق به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌.

لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە 60 هەزار خانوو و باڵەخانەی بازرگانی زیادەڕۆ هەن؛ كە سێیەم پارێزگایە لە زیادەڕۆییدا دوای هەریەك لە بەغدا (زیاتر لە 130 هەزار زیادەڕۆیی) و بەسرە (زیاتر لە 90 هەزار زیادەڕۆیی)، بەپێی ئامارێكی رەسمی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك بۆ (كەركوك ناو).

مستەفا نورەدین، بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی زیادەڕۆییەكان لە شارەوانی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "بە نوسراوی فەرمی ئیدارەی پارێزگا زیادەڕۆییەکان لادەبەین، جا چ شوێنی بازرگانی بێت یاخود شوێنی نیشتەجێبوون"، هەروەها رونیكردەوە زۆرجار نازانن موڵكەكە سەر بە چ فەرمانگەیەكی دەوڵەتە و لەڕێی تۆماری خانوبەرەوە دڵنیادەبنەوە.

نەهێشتنی زیادەڕۆیی لە شارەوانی شەش بەشیان هەیە و لە ناوچە جیاوازەكاندا چاودێری دەكەن تا لەكاتی هەبونی زیادەڕۆییدا هۆبەی موڵكایەتی لە دیوانی ئیدارەی پارێزگا ئاگاداربكەنەوە.

لە زۆربەی هەڵمەتەكانی لابردنی زیادەڕۆیی؛ كە قایمقامیەت بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی و هێزی ئەمنی جێبەجێیدەكەن، ناڕەزایی هاوڵاتیان دروستدەبێت و هەندێكجاریش بارگرژی و پێكدادانی لێدەكەوێتەوە، وەك ئەوەی ساڵی رابردودا لە گەڕەكی موسەیەجەی عەرەفە رویدا.

لەو ناڕه‌زاییەی خه‌ڵكی گەڕەكەكەدا دوو هاوڵاتی له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركران، ژن و پیاوێك، كه‌ دواتر به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكران.

musayaja kirkuk (6)
كەركوك/ كانونی دوەمی 2022/ خانویەكی زیادەڕۆ لە گەڕەكی موسەیەجەی عەرەفە فۆتۆ: كەركوك ناو

عیرفان قادر لەنێو دەستگیركراوەكاندا بوو، وتی "دادگا بە پاساوی ئەوەی خانوەكەم چۆڵنەكردووە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركردم و دواتر بە كەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازادكرام" بەڵام هێشتا دۆسیەیەكەی یەكلایینەبۆتەوە.

"لە نێوان دووبەرداشدا گیرمخواردووە، ئەگەر بڕۆمە بەردەم دادوەر ڕاستەوخۆ بەند دەکرێم و ئەگەر نەچمە دادگاش کەفیلەکەم بەند دەکەن" عیرفان وای وت.

هەمان ئەو كێشانەی موسەیەجە لە گەڕەكە زیادەڕۆییەكانی دیكەش هەن، ناڕەزایی و خۆپیشاندان تا رودانی بارگرژی، لەكاتێكدا بەشێك لەوانەی لە خانوەی زیادەڕۆدان، بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، لەو خێزانانەن لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعسدا و لە چوارچێوەی سیاسەتی "تەعریب"دا روبەڕوی راگواستن و ئاوارەبون بونەوە بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و دوای روخانی رژێمی بەعس جارێكی تر گەڕاونەتەوە كەركوك.

دواتر حزبە كوردییەكان، هەندێكیان بە"شێوەی هەڕەمەكی" زەوییان بەسەر ئەو ئاوارانەدا دابەشكرد، بەبێ ئەوەی لەسەریان تاپۆبكرێت.

بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی زیادەڕۆیی لە شارەوانی وتی "لەدوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە (گەڕانەوەی سوپای عیراق بۆ ناوچەكانی جێناكۆك دوای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان) رێژەی زیادەڕۆیی زیاد بووە بۆیە هەڵمەتەكانمان رۆژانە بەردەوامە بۆ هەموو گەڕەكەكان، بەبێ جیاوازی، گەڕەكی كوردنیشین، عەرەب نیشین یان توركمان نیشین دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی پێماننەڵێن لە شارەكەدا جیاوازی دەكەن" بەوتەی مستەفا نورەدین.

zyadaro. kirkuk (1)
كه‌ركوك/ كانونی دوه‌می 2020/ روخاندنی ژماره‌یه‌ك دوكانی زیاده‌ڕۆ لە ناوشار فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گەڕەكی شۆراو، سۆنەگۆلی، دەروازە، فەیلەق (پێشتر سەربازگە بووە و موڵكی وەزارەتی بەرگرییە)، پەنجا عەلی (زەوییەكانی موڵكی وەزارەتی نەوتە)، باروتخانە (سەربازگە بووە و موڵكی وەزارەتی بەرگرییە) بەشێكن لەو گەڕەكانەی بەزیادەڕۆ ناودبرێن، لەگەڵ دەیان هەزار خانوی تر كە لە گەڕەكە تاپۆكراوەكاندا بە زیادەڕۆ دروستكراون، لەوانە بەشێكی كۆڕنیش، رێگای بەغدا، عروبە، رەحیماوە، گۆڕەپانی ئاهەنگەكان و چەند گەڕەكێكی تر.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە تشرینی دووەمی 2019، بڕیاریدا بە تاپۆكردنی هەموو ئەو خانووانەی له‌سه‌ر زه‌وی زیاده‌ڕۆ دروستكراون لە تەواوی پارێزگاكاندا، ئەوەش بەپێی خەمڵاندنی نرخی زەوییەكە و پێدانی پارەكە بە حكومەت بە شێوەی قیستی 20 ساڵ. بەڵام ئەو بڕیارە هێشتا جێبەجێنەكراوە.

مستەفا نورەدەین دەڵێت "جاری واهەبووە بەنوسراوی فەرمی ویستومانە چەند خانویەکی زیادەڕۆ بڕوخێنین، بەڵام خانوەکان خێزان و ماڵی تێدا بووە، خاوەنەکانیان نەیانهێشتوە بیڕوخێنین، ئێمەش ناچار کەیسەکەمان ڕەوانەی دادگای کەرکوك کردوە تا دادوەر بڕیاری لەسەر بدات ئایا بڕوخێندرێت یاخود ڕوخاندنەکەی دوابخرێت".

لابردنى زۆربەی زیادەڕۆییەكانی كەركوك بەهۆی ناڕەزایی خەڵكەوە بە هەڵپەسێراوی ماونەتەوە لەكاتێكدا ئیدارەی پارێزگاش پرۆژەكانی خزمەتگوزاریی وەك ئاو، ئاوەڕۆ و رێگاوبانیان بۆ جێبەجێناكات.

عیرفان قادر، كە هێشتا دۆسیەكەی لە دادگایە و نازانێت چارەنوسی زیادەڕۆییەكانی گەڕەكی موسەیەجەی عەرەفە چی بەسەر دێت؛ بڕیاریداوە لەبەرانبەر فشارەكانی ئیدارەی پارێزگاكەدا كۆڵ بدات "بە ناچاری دەمەوێت خانوەكەم چۆڵبكەم، بۆ ئەوەی لەلایەن دادگاوە حوكمنەدرێم و زیندانی نەكرێم، چونكە كەس بەرگریمان لێناكات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT