پێنج نەخۆشخانە بۆ نەینەوا بەڕێوەن
ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر هێڵە بۆ چاودێریكردنیان

نەینەوا/ 2021/ هۆڵی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی گشتی شنگال فۆتۆ: پەیجی نەخۆشخانە لە فەیسبوك

عەمار عەزیز

پێنج نەخۆشخانە بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی هاوڵاتیان لە ناوچە جیاوازەكانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەن، چواریان بەردی بناغەیان دانراوە و دانەیەكی تریش رەزامەندی دروستكردنی وەرگیراوە.

ئەو پێنج نەخۆشخانەیە لە قەزای شنگال و ناحیەكانی زوممار، باشیك، بەحزانێ و وانكێ دروستدەكرێن، بەشێكی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان و ئەوەی تر لەسەر سندوقی ئاوەدانكردنەوەی عیراق، بەپێی وتەی محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، كە جەختیكردەوە "چاودێری و بەدواداچون بۆ قۆناغەكانی دروستكردنیان دەكەین".

فیراس هەوار، دانیشتوی ناحیەی زوممار، بە (كەركوك ناو)ی وت "دروستكردنی نەخۆشخانە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونكە تەنیا یەك بنكەی تەندروستیمان هەیە و لەتوانایدا نییە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكی تەندروستی پێشكەش بكات"، زیاتر وتی "رۆژانە خەڵكی ناحیەكە و دەوروبەری بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەتایبەت بۆ هەموو جۆرە نەشتەرگەرییەكیش  دەبێت بچینە موسڵ یان دهۆك".

زوممار كە بەردی بناغەی نەخۆشخانەكەی دانراوە و بە "باشی" كاری تێدادەكەن، 80 گوندی بەسەرەوەیە، بەگشتی دانیشتووانی ناحیەكە لانیكەم 150 هەزار كەس دەبن.

فیراس وتی "تەنانەت بۆ حاڵەتەکانی لەدایکبوون و نەشتەرگەری بۆ ژنانی دووگیان، دەبێت سەردانی شارەكانی تر بكەین".

تەنانەت بۆ حاڵەتەکانی لەدایکبوون و نەشتەرگەری بۆ ژنانی دووگیان، دەبێت سەردانی شارەكانی تر بكەین

ناحیه‌ی زوممار دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای نه‌ینه‌وا، بە رێگای ئۆتۆمبێلدا پێویستت بە 75كم هەیە تا دەگەیتە ناوەندی موسڵ، هەروەها بۆ ناوەندی دهۆك 93كم دورە، فیراس وتی "جگە لە ناخۆشی رێگاوبان و تێچوی هاتوچۆ".

زیاتر وتی "هیوادارین لەگەڵ تەواوبونی نەخۆشخانەكە راستەوخۆ بكرێتەوە و هەموو پێداویستییە تەندروستییەكانیشی لە كارمەند، پزیشك و چارەسەری بۆ دابینبكرێت و رزگارمان بێت لە بڕینی ئەو رێگا دورە".

پەیوەست بە نەخۆشخانەكەی قەزای شنگال لە ئەیلولی 2024دا بەردی بناغەی بۆ دانراوە و 100 قەرەوێڵەییە.

شاکر خدر، دانیشتوی شنگال وتی "لەبری یەک نەخۆشخانە، دەبوو دوو نەخۆشخانەی تر دروستبكرایە، یەكێكیان بۆ شنگال و ئەوەی تر بۆ ناحیەی سنونێ یان گرعوزێر... خەڵک چاوەڕێی ئەوەیە نەخۆشخانەکە تەواوبکرێت نەک تەنیا بەردی بناغە بێت ".

هاوڵاتیانی شنگالیش بۆ سەردانیكردنی دكتۆری پسپۆڕ لە نەخۆشییەكانی وەك دڵ و هەناوی و شكاوی و چەندین پسپۆڕی دیكە پێویستە بچنە نەخۆشخانە حكومییەكانی دهۆك –بە دوری نزیكەی 200كم- یان موسڵ –بەدوری زیاتر لە 125كم-.

بەگشتی نەخۆشخانەی شنگال و زۆربه‌ی ناوه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانی تر، لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە ئابی 2014 بۆ كۆتایی 2015 خاپورکران.

محەمەد جاسم، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا وتی "چوار لەو نەخۆشخانانە كاركردن تێیاندا بەردەوامە، تەنیا ئەوەی وانكێ ماوە، ئەویش رەزامەندی دروستكردنی دراوە".

وتیشی "هەر یەكێك لەو نەخۆشخانانە کاتێکی دەستنیشانکراوی بۆ دانراوە بۆ تەواوبون، وەكو ئەنجومەنی پارێزگا بەداواچون بۆ چۆنییەتی بەڕێوەچونی پڕۆژەکان دەکەین، هەر کێشەیەکیش هەبێت لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگاداردەكەینەوە".

شاکر خدر، دانیشتووی شنگال وتی "زۆرجار باسی پڕۆژە کراوە و بەردی بناغەش دانراوە، بەڵام دواتر پڕۆژەکە راگیراوە و بووە بە خەون، داواکارین ئەو نەخۆشخانانەش بەو دەردە نەچن و زوو تەوابكرێن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT