غەمەكانی گەشاو... ئەو ژنەی نایەڵێت منداڵەكانی برسی بن

گەرمیان/ 2024/ گەشاو رەئوف كۆڵان و گەڕەكەكانی كفری بەدوای پلاستیكدا دەگەڕێت فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەیلا ئەحمەد – دیالە

بەرلەوەی تیشكی خۆر شەقامەكانی كفری روناك بكاتەوە، گەشاو و كچە بچوكەكە بە ماتۆڕسكیلێكی سێ تایە بەرەو كۆڵان و گەڕەكەكانی شار دەڕۆن، تا یەكەم كەس بن بگەنە خۆڵ و خاشاكی فڕێدراو و زۆرترین پلاستیكی تیادا بدۆزنەوە.

گەشاو رەئوف (55 ساڵ)، لە كفری نیشتەجێیە، چوار منداڵی هەیە؛ سێ كچ و كوڕێك، هەرچەندە ژیان لەگەڵیدا بەخشندە نەبوو، بەڵام كۆڵی نەدا و لە پێناو بژێوی خێزانەكەیدا، بەردەوام زەحمەت دەكێشێت.

"هەرچی گەڕەك و كۆڵان هەیە بۆ كۆكردنەوەی پلاستیك دەگەڕێم، بەشكو شلیفێك زیاتر كۆبكەمەوە" گەشاو بۆ (كەركوك ناو) وتی "ئیسراحەتم لێبڕاوە، قیسمەتم وابوو بەمشێوەیە بژیم".

kfri . plastik kokarawa (3)
گەرمیان/ 2024/ كچە بچوكەكەی گەشاو لە كۆكردنەوەی پلاستیكدا هاوكاری دایكی دەكات فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەبەر دەستكورتی، كچەكە گەورەكەیی و كوڕەكەی لە خوێندن دابڕی، بەڵام هێشتا دوو كچەكەی دیكەی دەخوێنن، هاوسەرەكەی بۆمبی پێدا تەقیوەتەوە و قاچی پەڕیووە، دواتر توشی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی دڵ و شەكرە بووە، كوڕەكەشی كە ئێستا تەمەنی 14 ساڵە، لە ساواییدا زیان بەر سەری كەوتووە و بەوهۆیەوە ناتوانێت لە كاروباری رۆژانەدا هاوكارییان بكات.

سەرەتا كچەكە گەورەكەی لەگەڵیدا دەردەچوو، هەر ئەویش ماتۆڕسكیلەكەی لێدەخوڕی، بەڵام ئێستا ئەو لە ماڵەوە دەمێنێتەوە، خواردن ئامادەدەكات و خزمەتی باوكیشی دەكات كە لەسەر جێگا كەوتووە، كچە بچوكەكەی تەمەنی 13 ساڵە و ئەو ماتۆڕسكیلەكە لێدەخوڕێت، شێوەی خۆی وەكو كوڕ دەگۆڕێت، جلوبەرگی كوڕ لەبەردەكات و دەموچاوی هەڵدەپێچێت كاتێك لەگەڵ دایكی خۆڵ و خاشاكی ماڵان بەدوای پلاستیكدا دەگەڕێن.

"هەموو جۆرە پلاستیكێكی بێ كەڵك كۆدەكەینەوە، وەك جلیكانە، سەلەی میوە، دەبەی ئاو و ڕۆن و ئەوانیتر، دواتر دەیبەین لە ڕیسایكلینەكانی كفری دەیفرۆشین بۆ بژێوی ژیانمان" ئەو دەڵێت بەیانیانی زوو تا ئێوارە لە دەرەوەن.

kfri . plastik kokarawa (5)
گەرمیان/ 2024/ گەشاو بژێوی خێزانەكەی بە تەنیا دابیندەكات: سێ كچ و كوڕێكی هەیە و هاوسەرەكەی لەسەر جێگایە و توانای كاركردنی نییە فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

كارگەی ریسایكلینی كفری، رۆژانە لانیكەم 50 كیلۆ پلاستیك ورددەكەن، دەیتوێننەوە و بە چەند قۆناغێك كەرەستەی تری لێ دروستدەكەن؛ لە ئینجانەوە تا كورسی و مێز. لە هەموو ئیدارەی گەرمیان بە قەزای كفرییەوە، رۆژانە نزیكەی 500 تۆن خۆڵ و خاشاك كۆدەكرێنەوە، بەڵام پێكهاتەكانی جیاناكرێنەوە و تەنیا خەمڵاندن هەیە رێژەیەكی زۆری پلاستیك بێت.

"ئەو پلاستیكانەی كۆیدەكەمەوە، پارەكەی بەزۆر بەشی شەكر و ڕۆن و بژێویەكەمان دەكات" گەشاو وای وت، دوو ساڵ لەمەوبەر خانووەكەشیان لەلایەن خێرخوازانەوە بۆیان دروستكراوە.

كۆكردنەوەی پلاستیك بۆ گەشاو بژاردە نەبوو، بەڵكو پێویستی ژیان ناچاری كرد و 20 ساڵە ئەو كارە دەكات، پێشتر، پیشەی نان كردنی تاقیكردۆتەوە، بەڵام نەیتوانیووە و دەستەكانی سڕ دەبن، هاوسەرەكەی موچەیەكی 150 هەزار دیناری هەیە بە چەند مانگ جارێك وەریدەگرێت.

"هەتا ڕوح لەبەرمدا بێت، لە كۆكردنەوەی پلاستیك بەردەوام دەبم بۆ بژێوی منداڵە بێ كەسەكانم" گەشاو بیستوویەتی كارەكەی ئەو خزمەتێكیشە بە ژینگە، چونكە ئاو و خاك لە پلاستیك و زیانەكانی رزگاردەكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT