"داوای 50 ملیۆن دینارم لێدەكەن، وەك قەرەبوی بەكارهێنانی زەوییە كشتوكاڵییەكانی خۆم"، فەرهاد حەمید، جوتیارە لە گوندی تەپەسەوز لە قەزای خورماتوو، وای بە (كەركوك ناو) وت، كاتێك هەفتەی رابردوو دوجار ژمارەیەك لە جوتیاری عەرەب كە دادوەر، پۆلیس و شایەتحاڵیشیان لەگەڵ بوو چوونە سەر گوندەكە.
بەپێی وتەی فەرهاد لەو دوو جارەدا روپێوی زەوییەكانیان كراوە و دواتر گەڕاونەتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی بەدواداچون بۆ ئەو سكاڵایانەی جوتیارە عەرەبەكان تۆماریان كردووە.
لە سكاڵاكانیاندا جوتیارە عەرەبەكان، دەڵێن گرێبەستی كشتوكاڵی ئەو زەوییانەیان هەیە و داوای قەرەبوی بەكارهێنانی زەوییەكان دەكەن لە 20 ساڵی رابردودا لەلایەن جوتیارانی كوردەوە، بەڵام جوتیارە كوردەكان جەختدەكەنەوە لەوەی كە ئەوان خاوەندارێتی زەوییەكان دەكەن و لە كۆتایی ساڵانی 80كانی رابردوو ناچار بە راگواستن كراون.
رەگی ئەم كێشەیە كە هەفتەی رابردوو سەریهەڵدایەوە، بۆ چوار دەیە لەمەوبەر یان زیاتر دەگەڕێتەوە، كاتێك بەپێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەكردایەتی شۆڕش لە سەردەمی حزبی بەعس، هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی لە جوتیارانی كورد و توركمان لە پارێزگا جیاوازەكانی عیراق وەرگیراوەتەوە و بە گرێبەست بەسەر جوتیارانی عەرەبدا دابەشكراون.
فەرهاد حەمید وتی "لە ساڵی 1987 حكومەتی بەعس گوندەكەی روخاندین و لە كۆمەڵگەی زۆرەملێ لە ناوچەی ئامرلی نیشتەجێێ كردین، هەر ئەوكات بە بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش زەوییەكانمان بەشێوەی گرێبەست بەسەر جوتیارانی عەرەبدا دابەشكرا و تا ساڵی 2003 كە حزبی بەعس روخا بۆ كشتوكاڵ بەكاریانهێنان".
لەو ساڵەدا جوتیارانی كورد گەڕانەوە سەر زەوییەكانیان، بەڵام لە ساڵی 2017دا كاتێك هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە و پێشمەرگە و هێزە كوردییەكان پاشەكشێیان پێكرا، خواستی وەرگرتنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان لەلایەن جوتیارانی عەرەبەوە زیادیكرد و دەیان سكاڵایان بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش بۆ وەرگرتنەوە یان قەرەبوكردنەوە تۆماركرد.
فەرهاد حەمید وتی "لە سكاڵای ئەوەی من 20 ساڵە زەوییەكان دەكەم بە كشتوكاڵ، داوای قەرەبوی 50 ملیۆن دینارم لێدەكەن، سكاڵاكە لە دادگای دوزخورماتووە و هێشتا یەكلایینەكراوەتەوە".
لە قەزای دوزخورماتوو 52 پارچە زەوی كشتوكاڵی كێشەی لەسەرە، هەر پارچەیەك بەپێی وتەی عەلی جەلال، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی دوزخورماتوو لە نێوان 20 بۆ 40 دۆنم زەوی دەبێت.
تەنیا لە گوندی تەپەسەوز، لانیكەم 40 جوتیار كێشەی زەویوزاریان هەیە، ئەمە جگە لە سەدان گوندی تر لە پارێزگاكانی سنوری ناوچەی جێناكۆك.
فەرهاد كە خۆی 60 دۆنم زەوی هەیە، هەر 60 دۆنمەكە كێشەی هەیە و خاوەندارێتی ییكلایینەكراوەتەوە، ئەمە جگە لە 400 دۆنمی تر كە موڵكی باوك و براكانیەتی.
"لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە ئەمە حاڵی ئێمەیە، چەندین جار هێرش و شەڕی دەستەو یەخە رویداوە و ئەم كێشەیە هەر یەكلایینەبۆوە".
رۆژنامەی وەقایعی عیراقی بە ژمارە 4814 لە 17ـی شوباتی 2025، یاسای گەڕانەوەی زەویوزاری بڵاوكردەوە، كە تیایدا هەموو بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش پەیوەست بە زەویوزاری جوتیاران هەڵوەشاندەوە، بەوەش یاساكە راستەوخۆ دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
عەلی جەلال، بەڕێوەبەری فەرمانگەی كشتوكاڵی قەزای دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەكە زۆر هەستیارە و چەندینجار بۆتە شەڕ و دەمەقاڵێیان... جوتیارە عەرەبەكان دەڵێن كاتێك ئاوارە بوین، زەوییەكانمان بۆ كشتوكاڵ لەلایەن جوتیارانی كوردەوە بەكارهێنراوە و ئێستا داوای قەرەبوو دەكەن".
ئەو كە خۆی لە نەتەوەی عەرەبە، وتی "عەرەبەكان دەڵێن ئێمە گرێبەستی كشتوكاڵیمان هەیە و زەوییەكان موڵكی ئێمەن، كوردەكانیش دەڵێن موڵكی خۆمانە و جوتیارانی عەرەب دۆخەكەیان ئیستغلال كردووە و بۆ كشتوكاڵ بەكاریانهێناون".
لەبارەی ئەوەی یاسا نوێیەكە چۆن دەتوانێت ئەو كێشەیە یەكلاییبكاتەوە، وتی "یاساكە دەرچووە و پێموابێت دەتوانێت ئەو كێشانە چارەسەر بكات، بەڵام هیچ رێنماییەك هێشتا بۆ ئێمە نەهاتووە لە بارەی ئەوەی چۆن جێبەجێی بكەین و چی دەگرێتەوە".
فەرهاد حەمید بە هەمان شێوە گەشبین بوو بە یاساكەی پەرلەمانی عیراق، بەڵام وتی "پێناچێت هێشتا دادگاكان بەو یاسایە كاربكەن، چونكە ئەم سكاڵایەی جوتیارانی عەرەب كردویانە، لەسەر بنەمای بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش كراوە".
پێشتر چەند پەرلەمانتارێك بە (كەركوك ناو)یان وت كە یاساكە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی تەواوی ئەو سكاڵایانەش دێت كە لەسەر پرسی زەوییە كشتوكاڵییەكان لە دادگاكانی عیراقدا تۆماركراون.
جەمال جەلال، ئەویش جوتیارێكی گوندی تەپەسەوزە، وتی "بەڕاستی بێزاربوین، هەموو ڕۆژ و ساڵێك لەسەر زەوی و موڵكی خۆمان دەیانەوێت دەرمان بكەن".
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و نوێنەری دوزخورماتوو بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگاداری سەرهەڵدانەوەی كێشەكەم، لە دوزخورماتوو حەوت گوند هەمان كێشەیان هەیە، زەوییەكانیان لە كورد، توركمان و عەرەبی رەسەن وەرگیراوەتەوە و دراوە بە جوتیاری تر بە شێوەی گرێبەست".
جەختیكردەوە لەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری كشتوكاڵ قسەی كردووە و بڕیارە لەسەر ئەو پرسە كۆببنەوە، بەڵام وتی "چارەسەر ئەوەیە بڕیار و رێنماییەكانی یاسای گەڕانەوەی زەویوزار بۆ جێبەجێكردنی یاساكە رەوانەی پارێزگاكان بكرێت بۆ جێبەجێكردنی".
وتیشی "جگە لە كورد و توركمان، عەرەبی رەسەنی خاوەن زەویوزاریش لەو یاسایە سودمەند دەبن، چونكە ئەوانیش زەوییانە دایگیركراوە".